نوچەنێت:تایبەت
هەمواری ماددهکانی پڕۆژهى پهیڕهوی ناوخۆی پهرلهمانی کوردستان بەردەوامەو، زیاتر لە ٧٠% ی کارەکانی تەواو بووە. سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گەشەپێدان تورکمان دەڵێت”یەکێک لەماددەکان کێشە بۆ ئەو حیزبانە دروست دەکات، کەخاوەنی کەمتر لە پێنج کورسین لەناو پەرلەمانی کوردستان”.
لەلێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت،محەمەد ئیلیخانی سەرۆک فراکسیۆنی پارتی گەشەپێدانی تورکمان لەپەرلەمانی کوردستان رایگەیاند”تائێستا ٦٣مادهی پڕۆژهى پهیڕهوی ناوخۆی پهرلهمانی کوردستان، گفتوگۆی لهسهركرا و تەواو بووە، لەو ٦٣ مادەیە ٦٠ ماددە، دەنگدانی لەسەرکراوە و سێ ماددەکەی تر تەنیا گفتوگۆیان لەسەر کراوە. ئەم هەموارکردنەوەیە، دانیشتنەکان و کاری پەرلەمانی جوانتر رێکدەخات”.
ئیلیخانی دەڵێت”هەمواری سەرجەم ماددەکان زۆر بەباشی بەڕێوەچوە، تەنها لە یەک مادەنەبێت، کە پەیوەندی بە شێوازی پێکهێنانی فراکسیۆنەوە هەیە لەناو پەرلەمانی کوردستان، ئەو ماددەیە پێویستی بە گفتوگۆی زیاتر هەیە، کەرەنگە کاتی زیاتری بوێت، چونکە بۆچونێک هەیە کە دەڵێت نابێت پێکهێنانی هەر فراکسیۆنێک لەپەرلەمان لەپێنج ئەندام کەمتربێت، ئەوەش کێشە بۆ ئەو حیزبانە دروستدەکات، کە خاوەنی کەمتر لە پێنج کورسین لەناو پەرلەمانی کوردستان”.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گەشەپێدانی تورکمان، ئاماژە بەوەدەکات، کە ئەگەر فراکسیۆن لە پەیڕەوی ناو خۆی پەرلەمان پەسەند بکرێت، کە لەپێنج ئەندام کەمتر نەبێت”ئەوکات زۆر حیزبی سیاسی هەیە کە حیزبی مێژوویی، سەرکردەی سیاسی و جەماوەریان هەیە، بەڵام خاوەنی کوسییەکی پەرلەمانی یان دوو کورسین فراکسیۆنیان نابێت، تەنها ئەندام پەرلەمانیان دەبێت و، ناتوانن بەشداری کۆبوونەوە و چالاکی فراکسیۆنەکان بکەن”.