تایبه‌ت: نوچه‌نێت
سه‌رۆكی لیژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت، حكومه‌تی عێراق ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر داوایه‌كی ئه‌نجومه‌ن داوه بۆ دابینكردنی غازی ماڵان، گوتیشی له ئێستا بڕێكی باشی غازی شل گه‌یشتووه‌ته كارگه‌كانی سنوره‌كه.
له ماوه‌ی رابردوودا ژماره‌ك ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی به نوسراوێكی فه‌رمی داوایان له وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق كرد غازی شل بۆ كارگه‌كانی سنوری پارێزگای سلێمانی دابینبكرێت هاوشێوه‌ی پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق بۆ ئه‌وه‌ی گرفتی غازی ماڵان چاره‌سه‌ربكرێت.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، غالب محمد، سه‌رۆكی لێژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی رایگه‌یاند: پاش داوایه‌كی چه‌ند جاره‌مان له به‌رپرسانی عێراقی و وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراقی، خۆشبه‌ختانه داواكه‌مان جێبه‌جێ كرا، له ئێستادا بڕێكی باشی غازی شل بۆ كارگه‌كانی سنوری پارێزگای سلێمانی دابین ده‌كرێت به‌مه‌ش گرفتی غازی ماڵانی پارێزگاكه چاره‌سه‌ركرا.
غالب محمد راشیده‌گه‌یه‌نێت، ئاگادار نیم غازی شل بۆ پارێزگاكانی دیكه‌ی هه‌رێم دابینكرابێت، به‌ڵام ئێمه ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سلێمانین و ته‌نها ده‌توانین داوای پشكی سلێمانی بكه‌ین.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، دیار نییه ناردی ئه‌م غازه شله بۆ سلێمانی هه‌میشه‌ییه یان كاتییه، ئه‌وه په‌یوه‌ندی به حكومه‌تی عێراقییه‌وه هه‌یه.