دژەکانی پڕۆژە یاسای چاکسازی، بۆ رای گشتی ئاشکرادەکرێن

0

نوچەنێت

نزیکەی دوو مانگە، شەش لیژنەی پەیوەندیدار سەرقاڵی پرۆژە چاکسازییەکەی حکومەتە. پەرلەمانتارێک پێیوایە، فشار لەسەر لایەنی پەیوەندیدار هەیەو تەگەرە بۆ پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکە دروست دەکرێت، بەڵام هێشتا هیچ کەس و لایەنێک بە ئاشکرا دژی پڕۆژەیاساکە نییە.

ئەنجوومەنی وەزیران، چۆن پڕۆژە چاکسازییەکەی پەسەند کرد؟

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕۆژی ٢٠-١٢-٢٠١٧، دوای گەڕانەوەی لە ئەڵمانیا رایگەیاند، پڕۆژەیەكیان بۆ چاكسازی لە لیستی موچەخۆراندا هەیە و ڕەوانەی پەرلەمانی كوردستانی دەکەن. پڕۆژەیاساکە (چاکسازی لە خانەنشینی و موچە و دەڕماڵە) لە دووتوێی ٢٠ ماددە، بۆ چاکسازی لە بواری موچە و خانەنشینی، بە بڕیاری ژمارە ١٢٩ی ئەنجومەنی وەزیران پەسەندکرا و، ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان کرا. لە پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆکراوە و دراوەتە لیژنە تایبەتمەندەکان.

٦٨ هەزار كەس دوو مووچە و سێ مووچە و چوار مووچەیان، هەیە[١]

یەكێك لەو مەلەفانەی حكومەت دەیەوێ‌ دەستی بۆ ببات و جورئەتی دەست بۆبردن نەبووە، بەهۆی ئەوەی کە هەموو حزبەکان پشک و لیستیان لەم مووچانەدا هەیە، خانەنشینی پلە تایبەت و پەرلەمانتارانە، كە دوای چوار ساڵ پەرلەمانتاری بە ٨٠%ی موچەكەیان خانەنشین دەبن و نزیكەی شەش ملیۆن دینار وەردەگرن، بەپێی پڕۆژەكەی حكومەت بێ، ئەو سەردەمە بەسەردەچێ‌ و لەمەودوا بە مەرج خانەنشین دەکرێن. هەر پەرلەمانتارێك تەمەنی لە ٥٠ ساڵ زیاتر نەبێ‌ و ١٥ ساڵ خزمەتی نەبێ، خانەنشین ناكرێ”.
 نوری عوسمان، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیران، هەندێك ئاماری قەبەی لە لیستی مووچەخۆراندا ئاشكراکرد، كە ئەگەر چاكسازی تێدا بكرێ‌، پارەیەكی زۆر بۆ حكوومەت دەگەڕێنێتەوە. ٦٨ هەزار كەس لە هەرێمی كوردستان، دوو موچە و سێ موچە و چوار موچەیان هەیە، ئەوانە سەرپشك دەكرێن یەكێك لە موچەكانیان هەڵبژێرن، بەگشتی حكومەت پلانی هەیە، زیاتر لە ١٠٠ ملیار دیناری لە ڕاستكردنەوەی لیستی مووچەخۆراندا بۆ بگەڕێتەوە”.

کۆبوونەوەی کۆتایی لەسەر کاری لیژنەکان دەکرێت

دکتۆر شێرکۆ جەودەت، ئەندام پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی، بە نوچەنێت-ی رایگەیاند، لە چوارساڵی ڕابردوودا چەند پڕۆژەیەکی چاکسازیمان ئامادە کرد بۆ چارەسەری کێشەکانی بندیوار، خانەنشینی نایاسایی و موچەخۆران و …هتد. سەرۆکایەتی پەرلەمان پڕۆژەکەی ئاراستەی لیژنە پەیوەندیدارەکان کرد و بڕیار وایە، کۆبوونەوەی کۆتایی ڕۆژی یەکشەممەی داهاتووە ١٨-٢-٢٠١٨، لە نێوان لیژنە هاوبەشەکان ئەنجام بدرێت.

ئاماژە و سەرەتاکانی فشار بۆ راگرتنی پڕۆژەیاساکە دەرکەوتوون  

شێرکۆ جەودەت دەڵێت، ئەم پڕۆژەیەیاسایە تەحەدیاتی گەورەی لەبەردەم دایە، کەسانێک فرەمووچە و خانەنشینی نایاسایی بوون، بێگومان پێیان ناخۆشە و لۆبی و فشار لە بڕیاردەرەکان و ئێمە دەکەن، بۆ ئەوەی کارێک نەکەین ئەو بەرژەوەندییە نایاساییەی ئەوان کۆتایی پێبهێنین.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژە بەوە دەدات، ئاماژە و سەرەتاکانی فشار و رێگرییەکان بەدیار کەوتوون و ئەگەر بەردەوام بێت، بۆ رای گشتی ئاشکرای دەکەین. ئەوانەی بەجۆرێک پشتیوانییان هەیە، فشارەکان دروست دەکەن. گوتیشی “درەنگ کەوتنی کۆبوونەوەی لیژنەکانی پەرلەمان لەسەر پڕۆژەیاساکە، بۆ کاری رۆتینیاتی ئیداری پەرلەمان دەگەڕێتەوە و کارەکان ئاسایی بەرەوپێش چووە. تائێستا هیچ لایەنێک بەفەرمی دژی پڕۆژەیاساکە نەبووە، تەنیا فشاری ناڕاستەوخۆیە”.

بەئاشکرا کەس رێگری بۆ پڕۆژەیاساکە دروستنەکردووە

هەر لەم بارەیەوە پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان، عەباس غەزالی بە نوچەنێت-ی گوت، لەسەر پڕۆژەیاسای چاکسازییەکەی حکومەت، شەش لیژنەی هاوبەش کاری کردووە و لە ماوەیەکی کەمدا راپۆرتی هاوبەش دەنووسنەوە و دەخرێتە بەرنامەی کارەوە. ئۆمێد دەکەم بە زووترین کات جێبەجێ بکرێ. 

عەباس غەزالی دەڵێت، هیچ کەس بە ئاشکرا رێگری بۆ پڕۆژەیاساکە دروست نەکردووە و لە لیژنە هاوبەشەکان هەموویان پێشوازییان لێکردووە و هەر کەسیش تێبینی خۆی هەیە، بە بڕوای ئێمە پڕۆژەکە بە زووترین کات لە پەرلەمان دەبێت بە یاسا و بۆ حکومەتی، دەنێردرێتەوە بۆ جێبەجێکردنی.

بۆچوونی جیاواز هەیە

غەزالی لەبارەی هەبوونی فشار بۆ سەر لایەنە بڕیاردەرەکان گوتی، بێگومان ئەگەری هەیە، بەڵام لە مەسەلەی چاکسازی، کە ئێمە چ لە هەڵبژاردن چ لایەنە سیاسییەکان چ لە دادپەروەری لە دژی ڕاوەستین، رەنگە بەزیان تەواو بێت، باوەڕناکەم و نەمبینیووە لە ناو لیژنەکان کەس دژی پڕۆژەکە بێ، بەڵام بۆچوونی جیاواز هەیە و بەگشتی کەس کێشەی لەگەڵ نییە. کارەکانیش زۆر بە ئاسایی دەچنە پێش.

حکوومەت تەواوی ماددەکان جێبەجێ ناکات 

لە لایەکەی دیکەوە پەرلەمانتار قادر رەزگەیی پێیوایە، حکوومەت تەواوی ئەو ماددە و بڕگانە جێبەجێ ناکات، کە لە پڕۆژەیاسای چاکسازیی دا هاتووە و ئێمە وەک یاسا پەسەندی دەکەین. 

قادر رەزگەیی دەڵێت، ئێمە ئەزموونمان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، پێشتریش چەندین بڕیار و یاسامان دەرکردووە و حکوومەت جێبەجێی نەکردووە، ئەمە بەڵگەیە، کە گومانمان هەبێ لە جێبەجێنەکردنی یاساکە، لە لایەکی دیکەش ڕاستە بە قسە ئیرادەی چاکسازی هەیە لە لای حکوومەت و باسی دەکەن، بەڵام رام وایە ویستی چاکسازی لەلایەن حکوومەتەوە نییە و حکومەت لەکوێ یاسا لە بەرژەوەندی دابێ جێبەجێی دەکات.

پێویستی بە ئیرادەی سەرکردەی حزبەکانیش هەیە

جێبەجێکردنی پڕۆژەی چاکسازی تەنیا پێویستی بە ئیرادەی بەرپرسانی حکوومەتەوە نییە و، پێویستی بە ئیرادەی سەرکردایەتی سیاسیی حزبەکانیشەوە هەیە، چونکە ئاشکرایە حزب بەسەر حکومەتدا زاڵە. 

مانگانە ٧٠ ملیۆن دۆلار بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە[٢]

دکتۆر مەدحەت سلێمان، راوێژکار لە پەرلەمانی کوردستان رايگەیاند “پرۆژە یاسایی خانەنشینی پلە تایبەت، دەبێت چاکسازی تێدا بکرێت، چونکە خەڵکێکی تێدایە ڕۆژێک لە ڕۆژان لەناو حکومەت و پەرلەمان نەبوون و کاریان نەکردووە، کەچی بەپلەی زۆر بەرز خانەنیشن کراون، بۆیە جێبەجێکردنی پرۆژە یاسایەک زۆر پێویستە، یان خەڵکێک ھەبوون، بەپێشمەرگە خانەنشین کراون، بەس ڕۆژێک پێشمەرگە نەبوونە، رەنگە بەھۆی ئەم پڕۆژەوە مانگانە ٧٠ ملیۆن دۆلار بۆ حکومەت بگەڕێتەوە”.

ئەو راوێژکارەی پەرلەمان، ئەوەشی خستەڕوو کە “گۆڕان و یەکێتی، خەڵکانێکی زۆریان لەسەردەمی دوو ئیدارەیی بەپلەی تایبەت خانەنشین کردووە، بۆیە حەز ناکەن ئەو پرۆژە بێتە پەرلەمان و دەیانەوێت پەکی بخەن، چونکە زیاتر لە ١٣٠ ھەزار خانەنشینی نایاسایی ھەیە ١٠٠ ھەزاریان لە سنوری ئیدارەی گۆڕان و یەکێتییە، لەبەر ئەوەی ھەڵبژاردنەکان نزیکن، گۆڕان و یەکێتی حەزناکەن ئەو پڕۆژە بێتە پەرلەمان و چونکە دەنگی گەندەڵی لەدەست دەدەن، بەڵام پێویستە ئەم پڕۆژە بخرێتە دەنگدانەوە بۆ ئەوەی حەق و ناحەق دەرکەوێت”.

١٠٠ ھەزار کەس لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بەپلەی تایبەت خانەنشین کراوە

فەرید زامدار، کادیری پێشکەوتووی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ئەندامی پێشووی مەکتەبی راگەیاندنی ئەو حزبە، رايگەیاند “یەکێتی و گۆڕان، نایانەوێت پڕۆژەی چاکسازی لە خانەنشینی پلەتایبەت بخرێتە پەرلەمان و دەیانەوێت پەکی بخەن، چونکە بەگەندەڵی و فێل ١٠٠ ھەزار کەسیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەپلەی تایبەت خانەنشین کردووە، لەناویاندا سەرجەم ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان و کەسە نزیکەکانی باڵی خیانەتکاری ١٦ی ئۆکتۆبەرهەن”.

ئەو کادیرە پێشکەوتووەی یەکێتی، جەختی لەوەش کردەوە، کە ئەوانەی کەرکوکیان فرۆشت، سەرجەمیان بەپلەی بەرز خانەنیشن کراون، گوتیشی “ئەوانە موڵک و ماڵ، خانووی بەرز، کۆشک و تەلاریان لە سلێمانی کڕی بەپارەی قوتی دزراوی خەڵک، بۆیە ئێستا ئەگەر چاکسازی بکرێت، ١٠٠ ھەزار کەس لە گۆڕان و یەکێتی دەتۆرێن، دەرکەوت بایی ٤ کورسی گۆڕان و یەکێتی دەنگی گەندەڵیان ھێناوە، کە بەپارە خەڵکیان کڕیووە”.

بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان، حکوومەت دەتوانێ بڕیاری چاکسازی جێبەجێ بکات.

دەنگۆی ئەوە هەیە کە هەندێک لایەن هەن، نایانەوێ پڕۆژە چاکسازییەکەی حکوومەت بێتە پەرلەمان، چونکە بەجێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە یاسایە ئەو خەڵکە دەنگیان بۆ نادات کە مووچەی بەلاشیان پێدراوە. لەئەگەری دەنگ نەهێنانی ئەم پڕۆژەیە لەپەرلەمان، ئاسۆ هاشم، پارێزەری راوێژکار، لەلێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، سەبارەت بە ئەگەرەکانی بەردەم پڕۆژەی چاکسازی رایگەیاند، بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان حکومەت دەتوانێ بڕیاری چاکسازی جێبەجێ بکات. بەپێی یاسا وەزارەتی دارایی بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، توانای دەرکردنی بڕیاری لەم چەشنەی هەیە.

لەبارەی ناردنی پڕۆژەکە بۆ پەرلەمان، ئاسۆ هاشم گوتی، بە کۆدەنگییەکی باش تێپەڕدەبێت و دەنگی بۆ دەدرێت، چونکە بابەتەکە پەیوەندی بەرای گشتی و قوتی خەڵک و بودجەی گشتییەوە هەیە، بەتایبەت ئێستا کە لە سەردەمی هەنگاونانین بەرەو پرۆسەی هەڵبژاردن، هیچ حزب و لایەنێک جورئەتی ئەوەناکات، لاری لەسەر شتێ هەبێت، کە پەیوەندی بە قوتی خەڵک و برسی کردنی خەڵکەوە هەبێت. 

دەقی پڕۆژەیاساکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان[٤]

پڕۆژەیاسای (چاکسازی لە خانەنشینی و مووچە و دەڕماڵە) لە دووتوێی ٢٠ ماددە، بۆ چاکسازی لە بواری موچە و خانەنشینی، بە بڕیاری ژمارە ١٢٩ ی ئەنجوومەنی وەزیران پەسەندکرا و ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت.

ئامانجەکانی دەرکردنی ئەم یاسایە بریتین لەمانەی خوارەوە

١- بەرجەستەکردنی یەکسانی و دادپەروەری لە خەرجکردنی مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتە داراییەکانی تر لە هەرێمی کوردستان و راگرتنی سوودمەندبوونی ناشایستە لە بودجەی گشتی.

٢- خاوێنکردنەوەی ناوی سوودمەندان لە بودجەی گشتی لە کەسانی ناشایستە و کەمکردنەوەی خەرجییەکانی تەرخانکراوی مووچە و دەرماڵە.

٣- رێگەگرتن لە سوودمەندبوون لە بودجەی گشتی بۆ زیاتر لە جارێک.

٤- بەدامەزراوەییکردن و یەکخستنی بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگە جیاجیاکانی خانەنشینی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری و چالاککردنی سندووقی خانەنشینی.

٥- رێکخستنەوەی خانەنشینی خاوەن وەزیفە باڵاکان و پلەتایبەتییەکان لەسەر بنەمای گەیشتن بەتەمەنی یاسایی دیاریکراو بۆ خانەنشینی و ساڵانی خزمەت.

پشتبەست بە ئەحکامی ماددەی هەشتەم لە یاسای ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ژمارە (٣)ی ساڵی ١٩٩٢ هەموار کراو، لەبەر رۆشنایی کۆنووسی کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (٣٩) لە رێکەوتی ٢١-١٢-٢٠١٧ بڕیاردرا بە:

١- پەسندکردنی پڕۆژەیاسای (چاکسازیی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان- عێراق) ، کە وێنەیەکی هاوپێچی ئەم بڕیارەیە و، ڕەوانەکردنی بۆ پەرلەمانی کوردستان لە رێگەی بەڕێز وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان بە مەبەستی گفتوگۆکردن و بڕیاردان لەسەر پڕۆژەیاساکە.

٢- وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەم بڕیارە جێبەجێ دەکەن.

ئەنجام:
 

ئەوەی لە ئێستادا پێویستە پەسەند کردنی پڕۆژەیاسای چاکسازییە لە پەرلەمان و دواتر گرنگتر لە هەمووی جێبەجێکردنی ماددەکانی ناو پڕۆژەیاساکەیە و بە چاودێری پەرلەمان بۆ دەرباز بوون لە قەیرانی دارایی و گەڕاندنەوەی متمانەی خەڵک بۆ حکوومەت.

هەروەها لێکدانەوەکان لەسەر پڕۆژەی حزبی، وەک کۆکردنەوەی دەنگ هەژمار دەکرێت و تواناکان و پێداویستی حکوومەت لەبەرچاو ناگرێت، بەڵام پڕۆژەی چاکسازی خودی حکوومەت، ئەگەری سەرکەوتن و جێبەجێکردنی زۆرترە و بە لەبەرچاو گرتنی توانا و پێویستی چاکسازی و پاکسازی لە دامودەزگاکانی و لێپرسراو بوونی لەبەرامبەر خەڵک بەگشتی، دەتوانێ پڕۆژەیەکی پڕ و تێروتەسەل پێشکەش و جێبەجێ بکات.
 

سەرچاوەکان:

١ـ http://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/261220171
٢ـ http://www.gulan-media.com/sorani/print.php?id=53778&section=1
٣ـ http://www.nuche.net/?p=111703
Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com