
دوای هەرەشەکردن بەکوشتنی لەسوید. یەکێتی دەیەوێ سوڵحی عەشایەری لەگەڵ تارا توانا بکات؟. وەڵامێک بۆ کۆمیتە
کۆمیتەی سویدی یەکێتی حزبەکەی چەواشە دەکات. یان سڤیل خوێنەرانی؟
رزگار رەزا چوچانی . سوید
دوای ئەوە لە گۆڤاری سڤیل راپۆرتێک لەسەر کێشەکانی کۆمیتەی رێکخستنی یەکێتی لەسوید، بڵاو کرایەوە، تێیدا کێشەکانی ئەو کۆمیتەیە وەک دیار نەمانی بڕێکی زۆر پارەو هەرەشەی کوشتن لە تارا توانا ژنە چالاکوانی کورد، لەلایەن بەرپرسانی ئەو کۆمیتەوە ئاشکرا کرا.
کۆمیتەی رێکخستنی سوید، بۆ چەواشەکردنی حزبەکەیان روونکردنەوەیەکیان لەماڵپەڕەکانی حزبەکەیان بڵاوکردەوە، و تێیدا هێرشیان کردۆتە سەر گۆڤاری سڤیل و ماڵپەڕی نوچەنێت. لە رونکردنەوەکەدا نوسیویانە،”پێویستە لێپرسراوو کارگێر و ئەندامانی کۆمیتەو کارگێری کەرتەکان چاوکراوەبن و ڕێگە نەدەن نەیاران و نەحەزانی یەکێتی بە پیلانی ڕەش و پڕوپاگندەی هەڵبەستراوو درۆی شاخ دار یەکێتی و هەڤاڵانیان لەکەدار بکەن، بە تایبەت لە ڕێی گۆڤار و ڕۆژنامە ئەلەکترۆنیەکانەوە” زیاتریشیان نوسیوە”کۆمیتەی سوید ئەو هەواڵە ڕەد دەکاتەوە کە هەواڵێکی بێ سەرو بەریان بڵاوکردۆتەوە). سەرلەبەری هەواڵەکە بە درۆ دەخاتەوەو خوێنەرانی خۆشەویستی و ئەندامانی یەکێتی دڵنیا دەکاتەوە کە بەرنامەی کۆمیتە دیدار و بەسەرکردنەوەی سەرجەم هەڤاڵانی یەکێتیە لە سوید و بۆ ڕاستی و دروستی هەواڵەکەش فەرموون لە گەڵ هەڤاڵ تارا لە ناو بارەگای کۆمیتەکەی خۆی، لە ناو هەڤاڵەکانی و لە تەنیشت لۆگۆی یەکێتی نەک هەڕەشەو بێ ڕێزی پێ ناکرێ بەڵکو گرنگی پێدراوەو پشتیوانی دەکرێت”.
لە رونکردنەوەکەدا کە نوسیویانە فەرموو لەگەڵ هەڤاڵ تارا لەناو بارەگای خۆی. مەبەستیان بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی ئەو خانمەیە کە لەکۆمیتەی سویددایە، لەدوای بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکەی سڤیل، بەوەش کۆمیتە دەیەوێ بڵێ تارا توانا هەرەشەی لێنەکراوە و ئاسایی کاری خۆی دەکات.
من وەکو ئامادەکاری راپۆرتەکە، کە متمانە پێکراوی گۆڤارەکەم لەدەرەوە، رێگا بەخۆم دەدەم بەناوی گۆڤاری سڤیلەوە بەچەند خاڵێک وەڵامی ئەو رونکردنەوەی کۆمیتەی یەکێتی لەسوید بدەمەوەو بەحزبەکەشیان رابگەیەنم، کە سەرلەبەری رونکردنەوەکەی ئەوان چەواشەکارییە، نەک راپۆرتەکەی سڤیل، پیلانی رەش بێت.
یەکەم. بەپێی زانیارییەکانی ئێمە. لەو رۆژەوەی کە شەریکەی تەلەفۆنات لەسوید، بۆ ئەو خانمەی ئاشکرا کردووە، کێیەو لەژمارەی کێوە بووە هەرەشەی لێکراوە، تارا توانا لە پۆلیس داوای یاسایی تۆمارکردووە، لەسەر بەرپرسێکی کۆمیتەی سوید.
دووەم. لەدوای بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکە بۆ ئەوەی وەڵامێک بۆ حزبەکەیان ئامادە بکەن و ئەو داوا یاساییە لە مەرکەزی پۆلیس لەسوید بوەستێنن، کە هەم نەنگی دەبێت بۆ یەکێتی وەک حزبێکی سۆسیال دیموکرات، کە لە وڵاتێکی زۆرینە سۆسیال دیموکرات هەرەشەی کوشتن لەژنێک بکات، هەمیش هەرەشەکەران دەبێت بەپێی یاسا باج بدەن، یەکێتی لەرێگای کادرو بەرپرسەکانییەوە خەریکی سوڵحی عەشائیرییە لەو مەسەلەدا، بەپێی زانیارییەکانی ئێمە چەندین جار پەیوەندیان بە خودی ئەو خانمەوە و کەس و کارییەوە کراوە، تا بەدانیشتنێک و بەشێوەیەکی کۆمەڵایەتی کۆتایی بەکێشەکە بهێنن، بەڵام ئەو خاتوونە رازی نەبووە، ئەو وێنەیەش کە کۆمیتەی سوید کردویەتیە وەڵام بۆ گۆڤاری سڤیل، لە رۆژێکدا گیراوە، کە بەرپرسانی یەکێتی لە سوید، لەرێی چەند کادرێکیانەوە کە هاوڕێی و ناسراویان لەگەڵ تارا توانا هەیە، داوایان کردووە، ئەو خاتونە لەگەڵیان دابنیشێت، ئەوان ئامادەن ئیجرائات بکەن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە هەرەشەی کوشتنی لێکردووە، بۆیە ئەو خانمە بەو بەڵێنە دەبەنە کۆمیتە، تەنها لەپێناو ئەوەی یەک وێنەی بگرن و بنوسن فەرموو ئەو لەناو هەڤاڵانیەتی، بەڵام ئێمە لەرێگای سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوی ناو کۆمیتەوە زانیاری تەواوی کۆبونەوەکەشمان لایە، کە ئەو خاتونە بە قسەکانی ئەوان رازیی نەبووە، و ئامادەنەبووە دانیشتن لەگەڵ ئەو کەسانە بکات، کە هەرەشەیان لێکردووە، ئەگەر لایان پێویست بوو قسەکانی ناو کۆبونەوەکەش بڵاو دەکەینەوە، چی وتراوە چی نەوتراوە.
سێیەم. ئەگەر کۆمیتەی یەکێتی پێی وایە، ئێمە لەدەرەوەی کاری رۆژنامەوانی و بەپیلانی رەش، وەک خۆیان دەڵێن چەواشەکاریمان کردووە، خۆ ئەوان لەوڵاتی یاسان لەسوید و ئامادەکاری راپۆرتەکەش لە وڵاتەکەی ئەوانە، بۆچی لەرێی یاساوە وەڵامیان نەدایەوە و ئەو پیلانگێڕانە لەدژی کۆمیتەکەیان رابگرن؟.
چوارەم. من لە کۆمیتەی یەکێتی سوید دەپرسم. هۆی چی بوو، ئەو رونکردنەوەیان نەنارد بۆ گۆڤاری سڤیل، تەنها لەرێگای ماڵپەری هەندەرانی یەکێتی و ماڵپەری پیوکەی میدیاوە بڵاویان کردەوە؟، ئەگەر تەنها مەبەستیان پاکانەکردن نەبووە بۆ سەرەوەی خۆیان. یان هۆی چی بوو تەنها باسی کێشەی هەرەشەکردن لەژنێکیان وەڵامداتەوەو باسی پارە خەرجکراوە بێ وەسڵەکەیان نەکردووە؟. بۆ ئەوەی زیاتر بیسەلمێنن کە ئێمە چەواشەکارین، لە کۆمیتە نە پارە بزرەو نە هەرەشەی کوشتن کراوە.