نوچەنێت
لە هەموو پارچەکانی کوردستان، بەشێوازی جۆراوجۆر پشتیوانی و هاوسۆزی بۆ بەرخودانی عەفرین دەردەبڕن، بەڵام دوای ٢٤ڕۆژ لە هێرشبردن بۆ سەر عەفرین، تا ئێستا باکووری کوردستان بێ دەنگە.
لە٢٠-١-٢٠١٨، سوپای تورکیا بە هاوکاری سوپای ئازادی لە سوریا، هێرشەی زەمینی و ئاسمانی بۆ سەر عەفرین دەست پێکردووە. جگە لە پارچەکانی کوردستان، لە زۆر وڵات بەشێوازی جۆراوجۆر، پشتیوانی بۆ خەڵكی عەفرین دەردەبڕن، بەڵام بێدەنگی باکووری کوردستان، بۆتە جێی سەرنجی راگەیاندن و چالاکوانان.
بەشێک لە شارەزایانی سیاسیی لەو بڕوایەدان کە بێدەنگی باکوور، بە هۆی زەبروزەنگی حکوومەتی تورکیایە، لەوانەیە سیاسیەت و بەرژەوەندی پەکەکە وا بخوازێت، بەڵام شارەزایەکی سیاسیی دەڵی “مەزهەب و هەڵەی پەکەکە، هۆکاری ئەو بێدەنگییەیە لە باکووری کوردستان”.
کانتۆنی عەفرین
کانتۆنی عەفرین، یەکێکە لە سێ کانتۆنەکەی ڕۆژاوای کوردستان، کە لە کانوونی دووەمی ٢٠١٤ راگەیاندرا. ناوەندی کانتۆنەکە شاری عەفرینە. ھێڤی ئیبراھیم سەرۆککوەزیرانی کانتۆنەکەیە، زۆرینەی دانیشتوانی کوردن.
عەفرین
عەفرین(١) (Efrîn, Arfîn) شارێکی ڕۆژئاوای کوردستانە، کە کەوتۆتە پارێزگای حەلەب. ئەم شارە لە سنووری باکووری ڕۆژئاوای سوریا و لە ناوچەیەکی کوێستانی بە ناوی کرمانج (بە عەرەبی: جبل الاکراد) ھەڵکەوتووە.
٣٦٦ گوندی لە پانتایی ٢٫٠٣٣ کم لەخۆ گرتووە، ژمارەی دانیشتووانی پتر لە ٨٠ھەزار کەسە، ژمارەی دانیشتوانی ناوچەی عەفرین پتر لە ٤٦٠ھەزار کەسە، کە لە ٧ ناوچەدا جێگیر بوونە.
ئەم شارە پاڵی بە بناری زنجیرە کێوی کرمانج داوە و ڕووباری عەفرین بەلایدا تێدەپەڕێ، بەرزترین کێوی ئەم مەڵبەندە، کێوی ھەوارەیە، کە بەرزییەکەی لە ئاستی دەریا ١٢٠٠ مەترە، دانیشتوانی عەفرین کوردن و بە زمانی کوردی باکوور قسە دەکەن. زۆربەی خەڵکی ئەم ناوچەیە موسڵمانی شافعین، لە چەند گوندی ئەم ناوچەیە زەردەشتی و عەلەویش نیشتەجێن.
پیشەسازی سەر بە پەروەرشی زەیتون وەک، دەرھێنانی ڕۆنی زەیتون و چێکردنی سابوونی زەیتون، لەم شارەدا زۆر برەوی ھەیە. عەفرین لەسەر سەوزترین شارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و سوریایە و باخ و بێستانی زۆر و بەرفراوان و کوێستانە فێنکەکانی، ھەمیشە جێی سەردانی گەشتیاران بووە.
هەڵوێستی ئەمریکا وەک هاوپەیمانی هەردوولا(٢)
بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بە ئاژانسەکانی هەواڵی راگەیاندووە، ئەو راپۆرتانەی باس لە بۆردومانکردنی ناوچەی عەفرین لە سوریا (رۆژئاوای کوردستان) دەکەن، ئەگەر ڕاست بن ئەوا دەبنە هۆی ناجێگیرکردنی سەقامگیریی ناوچەکە.
بەرپرسە باڵاکەی ئەمریکا پێیوایە، ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا لە عەفرین نابێتە هۆی پاراستنی ئاسایشی سنوری تورکیاو دەڵێت “ئەمریکا باوەڕی وایە، کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا لە عەفرین یان ئەوەی کە دژ بە هێزەکانی سوریای دیموکرات (HSD)لە باکوور یان باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامی دەدات، نابێتە هۆی جێگیرکردنی سەقامگیری هەرێـمی”.
بەبۆچوونی بەرپرسە باڵاکەی ئەمریکا، کە ئاماژە بە ناوەکەی نەکراوە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە خزمەت بە سەقامگیری هەرێمی و سەقامگیری سووریا ناکات، بەڵکو بارودۆخەکە تێکدەدات، نیگەرانییەکانی تورکیاش سەبارەت بە ئاسایشی سنورەکانی کەمناکاتەوە.
شاندێکی پەرلەمانی کوردستان لە عەفرینن(٣)
بهمهبهستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە رەوشی شاری عەفرین، شاندێکی پهرلهمانى كوردستان گەیشتە ڕۆژئاوای کوردستان.
بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، ڕۆژی شەممە ١٠-٢-٢٠١٨ بەمەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە دۆخی شاری عەفرین، شاندێکی پێنج کەسی لە پەرلەمانی کوردستانەوە بەرەو ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێکەوتوون، بەپێی میدیاکانی پەیەدە، شاندەکە ئێوارە گەیشتووەتە ڕۆژئاوای کوردستان
شاندەکە لە فراکسیۆنەکانی، پارتی- عەلی هالۆ، یەکێتی- عەباس فەتاح، گۆڕان- شێرکۆ حەمەئەمین، شیوعی- ئەبو کاروان و یەکگرتوو- سوهراب میكائیل) پێکهاتووە و بە نوێنەرایەتی فراکسیۆنەکانیان و پەرلەمانی کوردستان سەردانی عەفرین دەکەن.
هەر بەمەبەستی پشتیوانی لە عەفرین، ڕۆژی ٣٠-١-٢٠١٨ پەرلەمانی کوردستان، دانیشتنێکی ئاسایی لەبارەی هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین ئەنجامدا. دوای دانیشتنەکەش راگەیێندراوێکی پێنج خاڵی و سێ پێشنیازی بڵاوکردەوە و بەپێویستی زانی سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان کراوە بێت بۆ گەیاندنی هاوکاری و کۆمەکی پێویست لەڕووی تەندروستی و مرۆییەوە بۆ خەڵکی لێقەوماوی عەفرین بەتایبەتی و ڕۆژئاوا بەگشتی.
جیهان لە ئاست عەفرین ىێدەنگە
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، بابەکر دڕەیی، بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری سلێمانی، لەبارەی بێدەنگی بوونی خەڵکی باکووری کوردستان لەمەڕ هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرین، رایگەیاند، کوردانی باکوور فشارێکی یەکجار زۆری حکومەتی پارتی دەسەڵاتدار لە حکومەت (ئاکەپە)یان لەسەرە و سەدان خانوو تەختی زەوی کراوە و شار وێران کراوە، کە لەگەڵیدا کوشتارێکی زۆریان لە خەڵک ئەنجام داوە. هەروەها هەر کام لە کادیرانی هەدەپە، قسە دەکەن بە دڵی دەسەڵاتدارانی تورکیا نەبێ دەخرێنە زیندان و تەنانەت لە پەرلەمانتارانیش پارێزبەندییان لێدەسەندرێتەوە.
بابەکر دڕەیی دەڵێ، بەداخەوە کۆمەڵگەی جیهانی زۆر بێ خەمە بەرامبەر بە کوردەکانی باکوور و ڕۆژئاوا، هۆکارەکەشی ئەوەیە، کە نیفاقێک لە ئاستی جیهانی لە ئارادایە و سەیتەرەی سەرمایەداری جیهانی بەسەریەوەیەتی، بەرژەوەندی وڵاتە گەورەکان بەرژەوەندیان لەگەڵ ناتۆ و تورکیایە. رەنگە هەندێکیان ئۆمێدیان وابێ، کە ئەردۆغان ئەگەری هەیە کاری دیموکراتی بکات لە تورکیا.
دڕەیی ئەوەش دەخاتەڕوو، کە جگە لەوانش ئەو بێدەنگییەی کۆمەڵگای کوردی (باکوور) بەرامبەر بە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، فشارێکی لە ڕادەبەدەریان لە سەرە و کوردی باشوور هەستی پێناکات. کوردانی باکوور بێدەنگ نین و رەنگە هاوکارییەکانیان، بە جۆری تر بەردەوام بێ، هەر پێرێ بینیمان لە ئەنقەر کۆبوونەوەی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، بە دەنگی بەرز هاواریان دەکرد بۆ عەفرین، بە ناوهێنانی ئاپۆ، کە لە وڵاتێکدا ئەم کارانە قەدەغە بێت.
جۆرێک لە ئاڵۆزی پەیوەندی لە تورکیا و ئاستی جیهان، لە ناوچەکە هەیە
بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری سلێمانی، کە هاوکات هەڵوسڕاوێکی باڵای بزووتنەوەی گۆڕانە دەڵێت، بەداخەوە جۆرێک لە ئاڵۆزی پەیوەندی لە تورکیا و ئاستی جیهان لە ناوچەکە هەیە، کە هەموو وڵاتە گەورەکان و وڵاتە هەرێمییەکان تێیدا بەشدارن، ئێران، تورکیا وڵاتانی عەرەبی، رووسیا، ئەمریکا و چین، کە هەر وڵاتەوە لە هەوڵی بەرژەوەندی خۆیدایە، بەڵام لە هەموو ئەوانە گرنگتر، جوڵانەوەی کوردە لە هەر چوارپارچەی کوردستان، کە پشتیوانی بکات، لە ئەم بێدەنگییەش رام وایە بەشێکە مەسەلەکە و تەواوی مەسەلەکە نییە، بە دڵنیاییەوە هاوکاری باکوورییەکان زیاترە لە پارچەکانی دیکە بۆ عەفرین.
“بێدەنگی باکووری کوردستان، سیاسەتی پەکەکەی لە پشتە”
موحسن عوسمان، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، سەبارەت بە بێدەنگی باکوور بەرامبەر عەفرین دەڵێت، وەک دەزانین دەڵێن لە رۆژئاوای کوردستان یەپەگە بەشێکە لە پەکەکە و پەکەکەش تایبەتمەندی خۆی لە باکووری کوردستان هەیە. بۆ کەمکردنەوەی ئەم تۆمەتە، کە پەکەکە و پەیەدە هەر یەکن، باکور بێ دەنگە. خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە حکومەتی تورکیا، سیاسەتێکی دڕندەی هەیەو ئەوەش وایکردووە کە ئەوان بێدەنگ بن، هەرچەندە لە کۆنگرەی هەدەپە لە ئەنقەرە زۆر بە توندی ئەو هێرشانەی تورکیایان بۆ سەر عەفرین ئیدانە کرد، هاوکات پیرۆزباییان لە عەفرینییەکان کرد و سڵاویشیان بۆ ئۆجەلان لە زیندان نارد.
موحسن عوسمان هەروەها دەڵێت، زیاتر دەنگدانەوە لە ئەوروپا هەبوو و رەنگدانەوەی لە پارچەکانی دیکەش کەم بووتەوە لەچاو کۆبانێ، هەرچەند شەڕی عەفرین لە کۆبانێ قورسترە، لەبەر ئەوەی لە کۆبانێ فڕۆکە بە کار نەدەهات و داعش وەک تورکیا بەهێز نەبوو.
“عەفرین، وشەی شۆڕش و بەرخۆدانی زیندوو و گەرم کردەوە”
ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی گوتی، یەکێک لە هۆکارەکان درێژبوونەوەی ئەو جۆرە پەلاماردانە، ئەوەیە کە موڕاڵی خەڵک دادەبەزێنێ و رەوشی باشوور خۆی لە رەوشێکی خراپدایە، بەڵام عەفرین سەلماندی، کە کورد لە دوای رووخانی دیواری بەرلین ساڵی ١٩٨٩، وشەی شۆڕش لە بیری خەڵک هەندێک خاو ببوەوە، بەڵام دوای شەڕی کۆبانێ و عەفرین جارێکی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وشەی شۆڕش و بەرخۆدان زیندوو و گەرم بووەوە.
موحسن عوسمان پێیوایە، ئەو بێدەنگییەی، کە لە باکووری کوردستان لە بەرامبەر هێرشی سەر عەفرین هەیە، بۆ پەکەکە دەگەڕێتەوە، لەوانەیە پەکەکە بە خەڵکی خۆی نەگوتبێ خۆپیشاندان بکەن، یان نەکەن، چونکە بەشی خۆی خەڵکی هەیە ئەگەر بیەوێ لە باکوور خۆپیشاندان بکات.
“شاندی پەرلەمان درەنگ ڕۆیشتن”
پەرلەمانتارەکەی یەکێتی پێیوایە، عەفرین بەشێکە لە دەوڵەتێکی عەرەبی و ئەو دەوڵەتەش بەشێکە لە کۆمکاری عەرەبی، بەڵام هیچ یەک لە کۆمکاری عەرەبی دەنگ هەڵنابڕێ، هەروەها لە پەرلەمانی عێراقیش، تەنیا فراکسیۆنە کوردییەکان بەیانێکیان دەرکرد. دوێنێ شاندێکی پەرلەمانی کوردستان گەیشتە عەفرین، گەرمکردنی موراڵی خەڵک بە دڵنیاییەوە زۆر گرنگە، کە هەم لە باکوور بکرێت و هەم لە پارچەکانی دیکە، هەرچەند سەردانی شاندی پەرلەمانی کوردستان درەنگ بوو، بەڵام باشترە لە هیچ، هەروەها لەم رووداوانە سوشیال میدیا ڕۆڵێکی گەورە و کاریگەر دەبینێت.
محسن عوسمان لەو بڕوایەدایە، کە دوو سیناریۆ لە ئارادایە، یان ئەوەی کورد لە ناو ببەن یان ئەوەی، کە ئەردۆغان وەک سەددام، کە چووە کوەیت، لێی بەسەر بێت. بۆیە جیهان بەرامبەر بەم هێرشە بێدەنگە.
لە راستیدا ئەو بەرخۆدانەی، کە لە عەفرین هەیە هەمووی هی کورد نییە، ئەگەری زۆرە، کە هەم روسیا و هەم ئەمریکا، هاوکاری شەڕڤانەکان بکەن، چونکە دوێنێ دوو فڕۆکەی تورکیا لە عەفرین کەوتە خوارەوە، هاوکات چەند سەربازێک کوژرا. کە ئەمە ئاسان نییە.
“لە دێرزەمانەوە دەسەڵاتی سوننە، کۆنتڕۆڵی کوردیان کردووە”
لە بارەی گەرموگوڕ نەبوونی کوردانی باکووری کوردستان لە پشتیوانی عەفرین، جەعفەر حامیدی، شارەزای سیاسیی و مامۆستای زانکۆ لە وڵاتی نەرویج پێیوایە، چەند فاکتەرێک رۆڵی هەیە و دەڵێت “لە دێرزەمانە دەسەڵاتی سوننەی عوسمانییەکان، کۆنتڕۆڵی کوردیان کردووە، بەوەی هاوبیروباوەڕنن، ئەو کات کە دەسەڵاتیان لە بەغدا هەبوو مەکتەبی عەشیرەت لەرییان دامەزراند. ئەو مەکتەبی عەشیرەت لەرییە لە زەمانی سوڵتان حەمیددا، لە ڕاسیتدا کۆمەڵێک کوردی پەروەردەکرد، کە ئەو دەم سوریا، عێراق، ئوردن و ئیسرائیل نەبوون. هەموو ئەو خاکە لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکان دا بوو، ئەو کوردانە مەشقیان تەواو کرد لە باکووری کوردستان، سوپایەکیان بە ناوی سوپای حەمیدیە پێکهێنا، ئەو سوپایەش نزیکەی دە هەزار سوار بوو، لە کوردان و کەوتە کۆنتڕۆڵی عوسمانییەکان.
جەعفەر حامیدی دەڵێ، ئێستاش ئاسەواری ئەو سوپایە ماوە و بمانەوێ یان نا تاڵە، بەڵام واقعیەتەو دەبێ قبوڵی بکەین، ئەویش ئەوەی، کە هەتا ئێستاش بەگشتی هەموو حزبەکان بە جەهەپە و مەهەپە و چەپەکان و ئاکەپە، کە سەیر بکەین لا باکووری کوردستان، نەک هەر زۆرینەن لە بەڵکو زۆر زیاترن، لە لایەنی هەدەپە و لایەنی کوردایەتییەکەی، کە بەتەنیا ئاکەپە زۆرینەیە لە چاو هەدەپەوە، کە جێگەی داخێکی گەورەیە و مەزهەب ئەوەی کردووە. هەروەها کۆمەڵێک دروشمە، کە نەکراوە بە کردەوە و دەبێ ئاگاداری ئەوە بین، کە ئەو دروشمانە مەترسیدارن و ناکرێن بە کردەوە و خەڵکانێک پێی فریو دەدرێ. دروشمی پەکەکە، کە گوتی “ئەگەر هێرش بکرێتە سەر عەفرین، شەڕ دەبەینە قوڵایی خاکی تورکیا و ئەنقەرە”. لە کاتێکدا پەکەکە هێزەکانی خۆی لە شنگال و کەرکوک نەجوڵاندووە، بۆ ئەوەی بچێ بۆ عەفرین.
“پەکەکە ناتوانێ هیچ بۆ عەفرین بکات”
حامیدی دەڵێت، پەکەکە نەک هیچی بۆ عەفرین نەکردووە بەڵکو چاوەڕوان ماوەتەوە. پێیشموایە ناتوانێ هیچی بۆ بکات، بەڵام لەوانەیە سیاسەتیش بێ و بڵێن گەل بۆ خۆی دەیکات، بەشێکیشی خۆگەورەکردنەوە بێ.
ئەو سیاسەتوانە باس لەوە دەکات، کە پرسێکی دیکە ئەوەیە، بەداخەوە لە جوڵانەوەی ئەم دوو سێ ساڵی دواییدا، پەکەکە نەک هەر شوێنی ئەرێنی گەریلایی لە باکووری کوردستان دانەناوە، بەڵکو پێچەوانە بووەتەوە، ئاگادارم کە نزیکەی ٩٠٪ خەڵکی گوندەکانی هەکاری و شەمزینان و مۆتۆربان و ئەو سنوورانەی پەکەکە چالاکی سەربازی تێیدا هەبووە، لە لایەن حکوومەتی ئەردۆغانەوە چەکدار کراون، لە دژی پەکەکە. جیا لەوە ٧٠٠ هەزار کەس لە خەڵکی باکوری کوردستان ئاوارە بوون و روویان کردووەتە ئەنقەرە و شارە گەورەکانی دیکە و ئەوەی ماوەتەوە سەر بە حزبەکەی ئەردۆغانن (ئاکەپە).
“خەڵکێکی زۆر هاندراوە لەگەڵ سیستەمی تورکیا بێ”
جەعفەر حامیدی لەو بڕوایە دایە، کە هەم ئەو بیرکردنەوەی مەکتەبی عەشیرەت لەری و هاودینی لە گەڵ فکری ئاکەپە، بەداخەوە خەڵکێکی زۆر هانداوە لە گەڵ سیستەمی تورکیا بێ. هەمیش مەسەلەی چەپڕەوییەکانی پەکەکە و ئەو جوڵانەوانەی ئەم ساڵانەی دوایی کردوویەتی، کە گەریلایەکی زۆری تێدا شەهید بوون و دروشمەکانی پەکەکە سەرکەوتوو نەبووە، هەروەها سەرکوتی توندی حکومەتی تورکیا رۆڵی گەورەی هەیە، لە بێدەنگکردنی خەڵک. لەڕووی مەعنەوییەوە، لە جیهاندا پشتیوانی لە عەفرین کراوە بەڵام لە سەنگەردا هیچ پشتیوانییەک نەکراوە و شەڕڤانان بە تەنیان.
“ئاماری ٢٤ەمین ڕۆژی هێرشی سەر عەفرین”
هەسەدە، لە راگەیەندراوەکەیدا(٤) باس لەوەش کراوە لە ئەنجامی بۆردومانەكان بە تۆپخانە و فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای توركیا، لە ڕۆژی یەكەمەوە و تا ئێستا، ١٨٠هاووڵاتی مەدەنی شەهید بوون و، ٤١٣هاوڵاتی دیكەش بریندار بوونە كە ژن و منداڵیش لە ناویاندا هەن.
بە پێی راگەیەندراوەکە، لە شەڕ و پێكدادانەكاندا تا ئەمڕۆ،٨٦٢ سەربازی سوپای توركیا و چەكدارانی هێزەكانی نزیك لەو وڵاتە، كوژراون.
هەروەها لەو شەڕ و پێكدادانانەدا، ٩٨ شەڕڤانی یەپەگە و یەپەژە و هێزەكانی سوریای دیموكرات شەهید بوون، ئەوەش بەپێی راگەیەندراوەکە.
لەبەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکە باس لەوە کراوە، کە لەو شەڕانەدا دوو هێلیکۆپتەری سەربازیی و دوو فڕۆكەی چاودێریی بێ فڕۆكەوان، خراونەتەخوارەوە، هاو کات ٥١ ئۆتۆمۆبێلی سەربازی و تانك و زرێپۆش تێکشکێنداوە.
“لەماوەی لەشکر کێشییەکەدا، سوپای توركیا ٦٦٨ هێرشی ئاسمانی ئەنجامداوە، كە ژێرخانی ئابووریی و عەمبارەكانی ئاو و قوتابخانە و كێڵگەی مریشك و مەڕو ماڵات کراونەتە ئامانج، هەروەها ٥١٧ شەڕ و پێكدادان لە نێوان شەڕڤانان و سوپای توركیا و گروپە چەکدارەکان روویانداوە”.
هاوکات سوپای توركیا، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە لەسەرەتای شەڕی عەفرینەوە، ٣١ سەربازیان كوژراون و ١٤٣ سەربازیش بریندار بوون. ئاماژەیان بۆ ئەوەش کردووە، كە هێزە ئاسمانییەكانی سوپای توركیا ٦٢٧ ئامانجیان لە عەفرین بۆردومان کردووە.
کەسوکاری کوژراوانی سوپای تورکیا بێدەنگیان شکاند(٥)
لە ئەنقەرە و ئەستەنبوڵ، خۆپیشاندان دروست بووە و دەڵێن بۆچی کوڕی بەرپرسەکان ناچنە عەفرین شەڕ بکەن و دەبێ کوڕی هەژار بچن.
بۆچی سهرۆك وهزیران و سهرۆك كۆمار كوڕهكانیان نانێرن بۆ شهڕ؟
وهڵامی كوڕی خانهوادهیهكی سەربازی تورکیا بۆ ئهفسهرێكی توركبۆچی سهرۆك وهزیران و سهرۆك كۆمار كوڕهكانیان نانێرن بۆ شهڕ؟
Publicerat av NRT Söndag 11 februari 2018
ئەنجام:
ئەو بێ دەنگییەی لە باکوور بەرامبەر بە عەفرین هەیە، بەشێکی خراپی سیاسەتی پەکەکەیە، کە پێشتر شەڕی خستە ناوچە کوردییەکان، بەو هۆیەوە خەڵك تووشێ ماڵوێرانی بوون، ئەوە وێڕای توندوتیژی زۆرو سەرکوتکردن لەلایەن دەسەڵاتی تورکیاوە.
هاوکات وەک دەبینین، سوپایەکی بەهێزی سەربە ناتۆ، نەتوانێت لە ماوەی ٢٤ ڕۆژ شارێکی بچووکی گەمارۆدراو کۆنتڕۆڵ بکات. لە کاتێکدا بە هەموو توانایەوە و بە هاوکاری ئۆپۆزسیۆنی هاوپەیمانی خۆی لە سوریا، بە جۆرەها چەکی پێشکەوتوو و فڕۆکەی ئێف ١٦ و سەدان چەکی قورس و پێداویستی پێشکەوتووی لەشکری، لەگەڵ هێزێک، کە تەنیا چەکی بەرگریان پێیە و چەکی قورسیان کەمە، ئامانجی سەربازی و سیاسیی خۆی نەپێکابێ، جۆرێکە لە شکست و لە ئەگەری سەرکەوتنیشی لە داهاتوو، سەرکەوتنێکی پڕ بایەخ نابێ و کێشەکانی تورکیا گەورەتر دەکات.
سەرچاوەکان:
١ـ https://ckb.wikipedia.org/wiki
٢ـ http://www.rudaw.net/sorani/world/190120188
٣- http://www.kurdistan-parliament.org/Default.aspx?page=article&id=23792&l=3