![3layanaka[1]](http://www.nuche.net/wp-content/uploads/2012/10/3layanaka1-300x217.jpg)
“گۆڕان کار بۆ دوورخستنەوەی دوو لایەنە ئیسلامیەکە دەکات لە موعادەلە سیاسیەکان”
نوچەنێت
دوای کۆبونەوەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ هەریەک لەپارتی و یەکێتی، دوولایەنەکەی تری ئۆپۆزسیۆن رەخنە لەو بزوتنەوەیە دەگرن، وتەبێژی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان دەڵێت، کۆبونەوەکانی بزوتنەوەی گۆڕان هیچ پاساوێکی بۆ کۆبونەوەی پێنج قۆڵی نەهێشتۆتەوە. سەرچاوەیەکیش لە سەرکردایەتی یەگرتوو، بەنوچەنێتی راگەیاند، ئەوەی گۆڕان دەیکات هەڵوەشاندنەوەی لێکنزیکی ئۆپۆزسیۆنە، چاودێرێکی سیاسیش پێی وایە، ئێران دەیەوێت لەرێی گۆڕانەوە دوو لایەنە ئیسلامییەکە بخاتە دەرەوەی موعادەلەکە.
کۆبونەوەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی، جیا لەوەی ناڕەزایی گەنجانی ئەو بزوتنەوەی لێکەوتەوە، کەگۆڕان تەنها لەرێی سەرکردەکۆنە یەکێتی یەکانەوە کۆبونەوەکانی سازکردووە، تواناو رای گەنجانی وەرنەگرتووە، ناڕەزایی هەردوو لایەنی ئۆپۆزسیۆنیشی بەدوای خۆیدا هێنا.
محەمەد حەکیم وتەبێژی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، لە پەیجی تایبەتی خۆی لەفەیسبووک، لە ژێر ناوی”دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن سەریان لە میللەت شێواندووە!” ناڕەزایی و رەخنەی خۆی لە کۆبونەوەکانی گۆڕان رادەگەیەنێت و نوسیویەتی”وەزعێکى سەیر لەم وڵاتەدا هەیە، دەسەڵات لە نێوان خۆیان تێکچوون و ئۆپۆزسیۆنیش ڕاست ناکەن ئەگەر بڵێن وەزعمان باشە! ئۆپۆزسیۆن کۆبوونەوەى پێنج قۆڵى رەت دەکاتەوە، کەچى دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیش پێکەوە دادەنیشن و ئەجێنداى کۆبوونەوەکانیش وەک بزانرێت باس لە جێبەجێکردنى (شەش پاکێجەکەى ئۆپۆزسیۆن) دەکرێت، جا پێم وایە پاش کۆبوونەوەکانى گۆڕان لەگەڵ هەردوو لایەنى دەسەڵات هیچ پاساوێک بۆ کۆنەبوونەوەى ئەم پێنج لایەنە نەماوە”. بۆ زیاتر سەلماندنی رای خۆی، وتەبێژی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، خراپی نێوان لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن رادەگەیەنێت و دەپرسێت”ئایا کاتێ ئۆپۆزسیۆن شەش پاکێجى تەسلیمى دەسەڵات کردووە، ئەکرێ لایەنێکى ئۆپۆزسیۆن بە تەنها لەگەڵ لایەنەکانى دەسەڵات کۆ ببێتەوە، بۆ ڕازیکردنیان لەسەر خاڵێکى ناو پاکێجەکان!؟. ئایا ئەم هەوڵانە بە کۆبوونەوەى پێنج قۆڵى بدرێت باشتر نیە؟، بەڵام … بۆیە وا دەکرێت چونکە نێوان دەسەڵات خۆیان و ئۆپۆزسیۆنیش نێوان خۆیان باش نیە، بۆیە پەنا بۆ ئەم جۆرە کۆبوونەوانە دەبرێت”.
وتەبێژی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، هۆکاری کێشەکانی نێوان دوو لایەنەکەی دەسەڵات و سێ لایەنەکەی ئۆپۆزسیۆن وابەستەی دابەشبوونی ناوچەکە بەسەر دوو میحوەری ئێرانی، ئەمریکی دەکات و دەڵێت”ئەوەى جێى مەترسیە دیسان دەیڵێمەوە، زەقبوونەوەى دوو میحوەرییە لە ناوچەى دەوروبەرماندا، کە دڵنیام کاریگەرى لەسەر دابەشبوونى دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیش هەیە و لەمەشدا زەرەرمەندى یەکەم هەر میللەت دەبێت”.
هەر لەبارەی کۆبونەوەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ لایەنەکانی دەسەڵات لەکوردستان، سەرکردەیەکی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، بۆ نوچەنێت دەڵێت”سەیرو سەمەرەیە بزوتنەوەی گۆڕان داوای ئەوە بکات ئۆپۆزسیۆن ریزەکانی خۆیان بپارێزن، بەڵام کاتێک ئێمە بزانین لەراگەیاندنەکانەوە پرۆژەیەکی کورتکراوەی، پاکێجەکانی هەرسێ لایەنی ئۆپۆزسیۆن بەناوی بزوتنەوەی گۆڕانەوە رابگەیەنرێت”، ئەو سەرکردەی یەکگرتووی ئیسلامی ئەوەشی وت”بێگومان یەکگرتوو نیگەرانە لەوەو نیگەرانی خۆشمان دەگەیەنینە گۆڕان، بەبێ رتوش پێیان دەڵێین، ئەوەی ئێوە کردوتانە ئیستغلالی ئامادەیی لایەنە ئیسلامییە ئۆپۆزسیۆنەکانە، کە ئامادەبوون بۆ هەر پرۆژەیەک راوێژ لەگەڵ ئێوە بکەن، و ئێوەش دەتانەوێ خۆتان وەک تاکە سوارچاکی چاکسازی رابگەیەنن، ئەوە ئاشکرایە ئەوەی گۆڕان دەیکات هەڵوەشناندنەوەی لێکنزیکی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانە، چونکە ئێمە هەر سێ لایەن بەیەکەوە وتمان لەبارەی چاکسازی بۆ کوردستان لەگەڵ دەسەڵات دانانیشین، تا وەڵامی پاکێجەکان وەرنەگرین، بەڵام ئیستا بەشێکی کەم لە پاکێجەکان بەناوی ستراتیژی خۆیانەوە بخەنە بەرباس لەگەڵ دەسەڵات، ئەمە جێی رەخنەیە و بۆ ئێمە جێی نیگەرانییە”.
لایەکی ترەوە چاودێریکی سیاسی بۆ نوچەنێت. کۆبونەوەکانی بزوتنەوەی گۆڕانی واهەڵسەنگاند کە جێبەجێکردنی خواستی ئێرانییە و وتی”هەموومان دەزانین بەهۆی پشتیوانی لایەنە ئیسلامییەکان لە داواکانی بارزانی لەدژی مالیکی، نێوانی ئێران و ئەو دوو لایەنە ئیسلامییەی گرژکردووە، دژایەتی بزوتنەوەی گۆڕانیش بۆ ئەو داواکارییە بە پێچەوانەوە ئێران و بزوتنەوەی گۆڕانی زیاتر لەیەک نزیککردەوە، هەربۆیەش نەوشیروان مستەفا داوەتی رەسمی ئێران کرا، ئەوە وایکردووە، ئێران لەرێی گۆڕانەوە کار بۆ بچوککردنەوەی ئەو دوو حزبە ئیسلامییە بکات، پێیان بڵێ ئێران دەتوانێت بتانخاتە دەرەوەی موعادەلە سیاسیەکە، بۆیە گۆڕان بەتەنها بەبێ گەرانەوە بۆ ئەو دوولایەنە کە بەڵێنی کاری هاوبەش بۆ چاکسازی لەنێوانیان هەبووە، دەست بەکۆبونەوەکانی دەکات و پرۆژەیەکی چاکسازی لەدەرەوەی پاکێجە هاوبەشەکانیان بەناوی ستراتیژی دەخاتەڕوو و رایدەگەیەنێت”.
ئەو چاودێرە سیاسیە وتیشی”من پێموانییە لایەنە ئیسلامییەکان هەڵوێستیان نەبێت، لەمەودوا لەدژی ئەو هەنگاوەی گۆڕان، چونکە هەنگاوەکانی گۆڕان ئاشکرای کرد، کە ئەو بزوتنەوەیە دەیەوێت، ئەوو دوو حزبە بخاتە دەرەوەی موعادەلەکە، چونکە گۆڕان کۆبونەوەی پێنج قۆڵی رەتدەکاتەوەو کۆبونەوەی سێ قۆڵی ئەنجام دەدات، واتە لەنێوان خۆی و یەکێتی و پارتی کۆبونەوە رێکدەخات و پرۆژە دەخاتەڕوو، ئەمە بەکورتیەکەی مانای ئەوەیە ئەوو لایەنە بەشدار نەبن لەکۆبونەوەکان، چونکە گۆڕینی کۆبونەوەی پێنج قۆڵی بۆ کۆبونەوەی سێ قۆڵی، دوو لەپێنج دەرکردنە، واتە دوو لایەنە ئیسلامییەکە لە پێنج لایەنەکە دەربکە و بکاتە سێ قۆڵی”.