نوچەنێت: روداو
ناكۆكیی كۆمەڵایەتی و تایفی یەكێك لەو ئامرازە سەرەكییەكانە بووە كە گرووپە جیهادییە ئیسلامییەكان بۆ قایمكردنی پێگەی خۆیان بەكاریان هێناوە. ئەزموونی سەرهەڵدانی قاعیدە و داعش لە عێراق دەریدەخات ئەو كەلێنە كۆمەڵایەتییانە تاوەكو چەندە خزمەتیان بە ئەجێندای درێژخایەنی ئەو رێكخراوانە كردووە.
لە دەیەی رابردوودا فۆكەسی زۆربەی لێكۆڵینەوەكان لەسەر ئەو كەلێنانە بووە كە لە پێكهاتەی كۆمەڵگاكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەبووە، لەوانەش كەلێن و ناكۆكییە تایفییەكان. بەڵام گفتوگۆ لەگەڵ ئەو خێزانانەی كە منداڵیان چووەتە ناو داعش، دەریدەخات داعش لە بچووكترین پێكهاتەی كۆمەڵگاشدا كە خێزانە، هەوڵی تۆخكردنەوەی ناكۆكی داوە.
گۆڤاری (فۆرین پۆڵسی)ی ئەمریكی لەگەڵ ژمارەیەك دایك و باوكی خەڵكی سووریا قسەی كردووە كە كوڕیان بووەتە ئەندامی داعش. یەكێك لەوانە كەسێكە بە ناوی خوازراوی ئەبوو سالم كە ئێستا لە باشووری رۆژهەڵاتی توركیا پەنابەرە. ئەبوو سالم باس لەوە دەكات كە كوڕەكەی بەردەوام گوێی لە گوتار و مۆسیقای گرووپە جیهادییەكان گرتووە. سەیری ڤیدیۆی سەربڕینی خەڵكی كردووە تاوەكو رۆژێك بە ئەبوو سالمی گوتبوو “دەوڵەتی ئیسلامی لەسەر حەقە و شێوازی ژیانی ئێوە سەرتاپای لادانە”.
ئەبوو سالم تووشی شۆك ببوو، خۆی پێنەگیرابوو و جوێنی بە دەوڵەتی ئیسلامی دابوو، كوڕەكەی لە وەڵامدا هەڕەشەی لێكردبوو كە ناوی دەدات بە پۆلیسی داعش، ناسراو بە حسبە. سێ رۆژ دوای ئەو دەمەقاڵەیە كوڕەكەی ماڵی جێهێشتبوو و هیچكات نەگەڕابووەوە. كوڕەكەی ئەبوو سالم ماوەیەكی كورت دوای پەیوەندیكردنی بە داعشەوە كوژرابوو.
دیمانەی گۆڤارە ئەمریكییەكە لەگەڵ دەیان دایك و باوكی هاوشێوەی ئەبوو سالم ئاشكرای دەكات كە داعش دەستی بە هەڵمەتێكی ورد كردبوو بۆ تێكدانی متمانەی نێوان مێرمنداڵان و دایك و باوكیان. هەرچەندە دوائامانجی داعش لەو هەڵمەتە كۆكردنەوەی ئەندامی زیاتر و دروستكردنی نەوەی داهاتووی داعش بووە، بەڵام لە پاڵ ئەو دوو ئامانجەدا كۆمەڵێك مەبەستی دیكەشی هەبووە كە بۆ راگرتنی دەسەڵاتی خۆی سوودی لێ وەرگرتوون.
بەگوێرەی راپۆرتەكە یەكێك لە ئامانجەكانی داعش لەو هەڵمەتە دروستكردنی هەڕەمێكی نوێی دەسەڵات و تێكشكاندنی هەڕەمە نەریتییەكە بووە كە تێیدا باوك یان دایك خاوەنی بڕیارن، لەوێشەوە هەڕەمی دەسەڵات لە كۆی كۆمەڵگای ژێر دەسەڵاتی داعش و تەنانەت پێناسەی خێزان دەگۆڕدرێت. لە رێگەی ئەم سیاسەتەوە ئەو خێزانانەش كە بێلایەن بوون، بە كردەوە دەكەوتنە ژێر كاریگەریی سیاسەتە رۆژانەییەكانی داعش.
سارا، تەمەن 22 ساڵ و خەڵكی شاری ئەلباب، دەڵێت سامری برای لە تەمەنی 14 ساڵیدا بەشداری دانیشتنەكانی “شەریعە”ی دەكرد كە بۆ راكێشانی مێرمنداڵ و گەنجان بۆ ناو داعش رێكخرابوون، جیا لەمە زووزووش سەردانی “خاڵە میدیاییەكان”ی داعشی دەكرد كە تێیدا لەسەر پەردەی سینەما شەڕەكانی داعش و سەربڕینی خەڵك و سروودەكانی داعش نمایش دەكران.
سامر بەردەوام لە خوشكەكەی تووڕە بووە كە بۆچی كراسی بێ قۆڵ لەبەردەكات، رەخنەی لە دایكی دەگرت كە بۆچی لە ماڵەوە پانتۆڵ لەپێ دەكات. كاتێك دواجار لای داعش خۆی ناونووس كرد، سارا پرسیاری لێكردبوو كە چۆن دڵی هاتووە خێزانەكەی خۆی جێبهێڵێ، سامر بە ساردییەوە وەڵامی دابووەوە “داعش خێزانی منە”.
پڕوپاگەندەی داعش لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا جەختی لەوە دەكردەوە كە منداڵ هەقی سەرپێچیكردن لە فەرمانی دایك و باوكی هەیە، ئەگەر دایك و باوكەكە هەوڵی دوورخستنەوەی منداڵەكەیان لە جیهاد بدەن. كوڕەكەی ئوم ئەحمەد یەكێكە لەو منداڵانەی بەو بیانووە چووەتە نێو داعشەوە.
وەكوو ئوم ئەحمەد بۆ گۆڤارە ئەمریكییەكەی دەگێڕێتەوە، رۆژێك لە رێگەی گەڕانەوەی خۆی و كوڕەكەی لە بازاڕەوە بۆ ماڵ ناچار بووە رووبەندەكەی لابدات، چونكە بەرچاوی خۆی نەدەبینی. لەو كاتەدا پۆلیسێكی داعش بە كوڕەكەی ئوم ئەحمەدی گوتبوو، ئەگەر هاتبایە نێو داعش خۆت پارەت دەبوو، ئەو كات پێویستی نەدەكرد دایكت بێتە دەرەوە. ئوم ئەحمەد ماوەیەكی زۆر هەوڵی دابوو ئەو بیرۆكەیە لەسەری كوڕەكەی دەربكات، بەڵام كوڕەكەی پێی گوتبوو ئایین فەرمانی پێدەكات سەرپێچی لەو داوایە بكات.
زۆربەی دانیشتووانی ژێر دەسەڵاتی داعش دەبووایە بەشداری لە كۆبوونەوەیەكدا بكەن كە تێیدا وتاری تایبەت بە “گوێڕایەڵی بۆ دایك و باوك” دەخوێنرایەوە. بەڵام ئەو وانانەی لە كەمپەكانی مەشق و راهێنانی چەكدارانی داعش پێشكەش كراون، دەریدەخات داعش بەردەوام سەبارەت بە دووڕوویی دایك و باوكەكان بەرامبەر خەلافەت هۆشداری بە گەنج و مێرمنداڵەكان داوە.
كرۆكی ئەو بیرۆكەیەی داعش ئەوە بووە كە رێكخراوەكەیان بۆ خوا شەڕ دەكات، بۆیەش فەرمان و بەرژەوەندییەكانی دەبێت بخرێنە پێش فەرمان و بەرژەوەندییە خێزانییەكان. بۆیەش وەكوو لە راپۆرتێكی مەیدانیی ناوەندی بەیاندا هاتووە داعش پارەی بە منداڵەكان داوە بۆ ئەوەی سیخوڕی بەسەر دایك و باوكی خۆیاندا بكەن، لە هەندێك حاڵەتیشدا منداڵەكان بۆ سەلماندنی پابەندیی خۆیان بە داعشەوە دەستیان بۆ كوشتنی دایك و باوك و ئەندامانی خێزانی خۆیان بردووە.
ژمارەیەكی زۆر لەو دایك و باوكانە ناوێرن بڕۆنەوە ناوچەكانی خۆیان لە رەققە و دێرەزۆر، چونكە دەترسن ئەوان بە بەرپرسیاری ئەو كارانە بزانرێن كە كوڕەكانیان كردوویانە و تۆڵە لەوان بكەنەوە.
ئەزموونی ئەو خێزانانە ئاماژەیە بەوەی چۆن كاركردنی داعش لە ئاستە هەرە بچووكەكانی كۆمەڵگادا دەتوانێت درز و كەلێنی گەورەتر و درێژخایەنتر لە كۆمەڵگادا دروستبكات.
بەشی زۆری ئەو خێزانانە لە كەمپەكانی ناوەوەی و دەرەوەی سووریادا ماونەتەوە و نازانن ئاخۆ كۆمەڵگای شارەكەی خۆیان وەریاندەگرێتەوە یان نا، لەو نێوانەدا داعش چاوەڕێی ئەو نەهامەتییە دەكات كە دەكرێت بەهۆی منداڵەكانەوە بەرۆكی ژیانی داهاتووی ئەو خێزانانە بگرێ.