نوچه‌نێت: تایبەت
جێگری پێشووی لیپرسراوی بازنه‌ی حه‌مرینی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌هۆی ئه‌و قه‌یران و شكستانه‌ی، كه له هه‌رێمی كوردستان روویانداوه و یه‌كێتی به‌شداری سه‌ره‌كییه بۆیه وازم له یه‌كێتی هێنا.
له چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا حه‌سه‌ن بارام، جێگری لیپرسراوی بازنه‌ی حه‌مرینی یه‌كێتی نیشتمانی له راگه‌یه‌ندراێكدا گوتی، به‌هۆی چه‌ند كێشه‌یه‌كی ناوخۆی یه‌كێتی و رووداوه‌كانی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی رابردووی كه‌ركوك و خورماتوو و ناوچه‌كێشه له‌سه‌ره‌كان، ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆم له ریزه‌كانی یه‌كێتی راده‌گه‌یه‌نم.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، حه‌سه‌ن بارام، جێگری پێشووی لێپرسراوی بازنه‌ی حه‌مرینی یه‌كێتی، سه‌باره‌ت به وازهینانی له ریزه‌كانی یه‌كێتی تا چه‌ند په‌یوه‌ندی به رووداوه‌كانی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر و دامه‌زراندی حزبه‌كه‌ی دکتۆربه‌رهه‌مه‌وه هه‌بوو رایگه‌یاند، وازهێنانم له یه‌کێتی هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به دامه‌زراندنی حزبه نوییه‌كه‌ی دکتۆربه‌رهه‌مه‌وه نه‌بوو، به‌ڵكو له‌به‌ر سی هۆكاری سه‌ره‌كی وازم له یه‌كێتی هێناوه. له ئێستادا ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌بردنی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ریم و، په‌یوه‌ندیم به یه‌كێتییەوه نه‌ماوه.
له‌باره‌ی هۆكاره‌كانه‌وه حه‌سه‌ن بارام گوتی، هۆكاری یه‌كه‌می وازهێنانم له یه‌كێتی دروستبوونی ئه‌و هه‌موو قه‌یران و كێشانه‌بوو، كه رووبه‌ڕووی هه‌رێمی كوردستان بوونه‌ته‌وه و یه‌كێتی به‌پێی قه‌باره‌ی خۆی به‌شداره.
له‌باره‌ی هۆكاری دووه‌مه‌وه حه‌سه‌ن بارم دەڵێت، كێشه ناوخۆییه‌كانی یه‌كێتی، یه‌كێكی دیكه‌بوون له هۆكاره‌كان، چونكه من به‌رگه‌ی ئه‌و ململانێ و كێشانه نه‌ده‌گرت كه رووبه‌ڕوومان ده‌بوه‌وه.
ناوبراو ئاشكرای ده‌كات، کە رووداوه‌كانی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر و له ده‌ستدانی %٥١ی خاكی هه‌رێم و هه‌موو ناوچه كێشه‌له‌سه‌ره‌كان، هۆكارێكی دیكه‌بوون بۆ وازهێنانم له یه‌كێتی، بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی، كه تۆمه‌تبارن به‌م روداوانه با لێكۆڵینه‌وه بكرێ و بۆ خه‌ڵك ئاشكرابكرێن.