نوچەنێت
بەر لەوەی ناڕەزایی و خۆپێشنادانەکانی سوریا سەرکوت بکرێت و نەیاران لە دژی رژێمی بەشار ئەسەد چەک هەڵبگرن، ناوەندە دیپلۆماسییەکان باسیان لە ئەگەری دەستپێکی گفتوگۆکانی ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و سوریا دەکرد.
بنیامین نەتانیاهۆ، بەبێ هیچ مەرجێک ئامادەی دانوستان لەگەڵ دیمەشق بوو، لە کاتێکدا بەشار ئەسەد، دەیویست سەرەتا بەرزاییەکانی جۆلان ڕادەستی سوریا بکرێتەوە.
بەرزاییەکانی جۆلان هەر لە سەردەمی لەدایکبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین، مەیدانی ململانێ و بەریەککەوتنی دوو وڵات بووە. سەرباری ئەوەی، کە نەتەوەیەکگرتووەکان لەم بارەوە بڕیاری هەیە، بەڵام ئیسرائیل ئامادەنەبووە پاشەکشە لەم ناوچەیە بکات، کە وەک دەگوترێ داگیرکراوە، بەڵام تەل ئەبیب بۆچوونێکی جیاواز و پێچەوانەی هەیە.
چەند خولێکی گفتوگۆ لە نێوان ئیسرائیل و سوریا، لە سەر ئەم ناوچەیە ئەنجام دراوە، دوایین جار بە نێوەندگیری تورکیا بوو، بەڵام بە گشتی هیچ دەستکەوت و ئەنجامێکی بەدواوە نەبووە.
مەیلی هەردوو وڵات لە ساڵی ٢٠٠٩ بۆ ئاشتی و تەبایی نێوانیان، بێ ئەنجام مایەوە. دوای ئەوەی، کە سوریا بوو بە مەیدانی جەنگی ناوخۆیی، ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر ئەم وڵاتە دەستپێکرد. ئەم قۆناغە لە دوای ٢٠١١ و سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی دەستپێدەکات.
سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا، زانیاری ئەوتۆ لەبەردەستدا نییە. لە لایەکی دیکەوە، ئیسرائیل زۆرجار ئۆپەراسیۆنەکانی خۆی ڕەتکردۆتەوە یان ئامادە نەبووە پشتڕاستى بکاتەوە، مەگەر بە دەگمەن. هاوکات ئیسرائیل و هاوپەیمانانی، لەوانە ئێران ئامادە نین زانیاری پێوسیت لەبارەی ڕێژەی زیان و قوربانیانی ئەم هێرشانە بڵاو بکەنەوە.
ئاوڕدانەوەیەک لەهێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا نیشان دەدات، کە ئامانجی سەرەکی ئەم وڵاتە لەم هێرشانە، کردنە ئامانجی هێزەکانی ئێران و حزبوڵڵای لوبنانە لە سەر خاکی سوریا.
دوێنێ چی روویدا؟
ڕۆژی شەممە ١٠ی فێبریوەر، دوای ئەوەی فڕۆکەیەکی شەڕکەری ئیسرائیل لە هەرێمی ئاسمانی سوریا کرایە ئامانج، ئەم وڵاتە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر چەند ئامانجێک بە خەستی دەستپێکرد.
فڕۆکەکەی ئیسرائیل، جۆری ئێف ١٦بوو، لە ئاسمانی سوریا کەوتە خوارەوە، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل ١٢ خاڵیان کردە ئامانج، بە گوێرەی میدیاکانی ئیسرائیلی، زۆربەی ئامانجەکان، بنکە سەربازییەکانی ئێران و هەروەها سیستەمی دژە موشەکی ئیسرائیل بووە.
رادەی هێرشەکان بە جۆرێک بوو، کە لەناوچەکانی بەرزاییەکانی گوڵان باری نائاسایی راگەیێندرا. پێش ئەم رووداوانە، بەرەبەیانی دوێنێ ئیسرائیل رایگەیاند، کە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئێرانی، کە هاتبووە ناو هەرێمی ئاسمانی ئەم وڵاتە، کردۆتەوە ئامانج. بە گوێری زانیارییەکان، ئەم فڕۆکە بێ فڕۆکەوانە کاتژمێر ٤ی سەرلەبەیانی ڕۆژی ڕابردوو، بە رێگەی ئاسمانی سوریا، هەرێمی ئاسمانی ئیسرائیلی بەزاندبوو، دواتر لە لایەن کۆپتەرێکی ئاپاچی سوپای ئیسرائیل کرابووە ئامانج.
میدیاکانی ئیسرائیل ئاشكرایان کرد، کە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و تیمە ئەمنیەکەی چاودێری ئەم رووداوانەیان کردووە، بەبێ ئەوەی بە میدیایی بکرێت.
هەر لەم پەیوەندیەدا، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێنداروێکدا جەختی کردەوە، کە فڕینی فڕۆکەیەکی ئێرانی بە سەر هەرێمی ئاسمانی ئیسرائیل، دۆخێکی ئەوتۆ مەترسیدار بەبار دێنی، کە ئەوپەریەکەی نادیارە و کۆتایی هێنانیشی گەلێک دژوارە، هەر بۆیە ئێران دەبێ تێچووەی ئەم بێباکیەی خۆی بدات.
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل هاوکات لە گەڵ هۆشداری دان بە ئێران، باسی لە هێرش و دەستدرێژی ئێران بۆ سەر سەروەری وڵاتەکەی کردووە.
رووداوەکەی ١٠ی فێبریوەری دوای ئەوە هات، کە ئیسرائیل بۆ چوارەمین جار ناوەندی توێژینەوە زانستییەکانی ئیسرائیلی لە ناوچەی “جمرایا” هەڵکەوتوو لە نزیک دیمەشقی پایتەختی سوریا کردە ئامانج. راگەیاندنەکانی ڕۆژئاوا لە بارەی ئەم هێرشەوە دەڵێن: ئامانجی هێرشەکان، جبەخانەی سەربازی و تەقەمەنی سوپای سوریا بووە، کە لە ئەنجامدا لەناوچوون، بەڵام ئیسرائیل بەیانێکی جیاوازی هەیە و دەڵێت ئەوەی لەناوچوو بنکەیەکی سەربازی ئێران بووە، کە بریتی بووە لە جبەخانەی چەک و تەقەمەنی ئێرانی.
بارگرژی و ئاڵۆزییەکان لە سنوورەکانی باکووری ئیسرائیل لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا گەیشتۆتە ئەوپەڕی خۆی. تەل ئەبیب دەڵێت، ئامادەبوونی سەربازی ئێران لە سوریا و لە نزیک سنوورەکانی، ئاسایشی ئەم وڵاتەی خستۆتە مەترسییەوە و بە هیچ شێوەیەک رێگە بە ئێران نادات، کە بنکەی هەمیشەیی لە سوریا بکاتەوە.
هەر وەک لە ماوەی ڕابردوودا دەرکەوتووە، دوای تێکشکانی ئۆپۆزسیۆنی چەکداری ئەسەد و ئیسلامییە توندڕەوەکانی وەک داعش، ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر سوریا توندتر کردۆتەوە. ئەوەی لە ئێستا بۆ ئیسرائیل جێی مەترسی و نیگەرانییە، بوونی هێزەکانی ئێران و حزبوڵڵایە لەم وڵاتە.
هۆشداری لەبارەی ئەگەری شەڕێکی ناوچەیی
شەڕ و بەریەککەوتنی ئاسمانی نێوان ئیسرائیل و سوریا و ئێران لە بەرزاییەکانی جۆلان، دوو ڕۆژ دوای ئەوە دێ، کە شارەزایان و چاودێرانی نێودەوڵەتی سەبارەت بە ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕێکی ناوچەیی لە سەر خاکی سوریا، هۆشدارییان دابوو. شارەزایان دەڵێن: هەر کام لە لایەنەکانی ئەم شەڕە، بە تێپەڕکردنی هێڵی سووری قەیرانی سوریا، کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ رێککەوتن و لێک تێگەیشتنی لە سەرە، بوار دەدەن بە شەڕێکی ناوچەیی.
شارەزایانی سەر بە ناوەندی قەیرانە نێودەوڵەتیەکان، کە لە برۆکسێل جێگیرە، لەم بارەوە دەشڵێن: روسیا توانایەکی بێ وێنەی بۆ پێکهێنانی لێکتێگەیشتن لە نێوان سەرجەم ئەکتەری وڵاتەنی لایەن لە قەیرانی سوریا هەیە، لە ئیسرائیلەوە بگرە تا دەگاتە سوریا، ئێران و حزبوڵڵای لوبنان.
هێڵی سوور لە روانگەی ئیسرائیلەوە، چەکداران و میلیشیا شیعەکانی ژێر پشتیوانی ئێرانن، کە نابێ لە بەرزاییەکانی جۆلان نزیک بکەنەوە. لە لایەکی دیکەوە، رووسیا دەبێ بڕوا بە ئێران بهێنی تا لە دانان و کردنەوەی هەر جۆرە بنکەیەکی سەربازی و هەستیار لە سەر خاکی سوریا خۆببوێرێ.
چاودێرانی سیاسیی پێیانوایە، کە قەیرانی سوریا چووەتە قۆناغێکی نوێوە، کە تیادا رژێمی بەشار ئەسەد و دوو هاوپەیمانە سەرەکییەکانی واتە رووسیا و ئێران باڵادەستن. ئەم رەوشە نوێیەش، لە سەر دڵی ئیسرائیل گران تەواو بوو. تەل ئەبیب نایەوێ تەنها تەماشاکەر بێت لەم گەمەیە، چونکە دەرهاویشتەکانی ئەم هاوکێشەیە دەتوانی بالانسی هێز لە زیانی ئیسرائیل لاسەنگ بکات، ئەمەش بەو ماناییە کە ئیسرائیل هەژمۆنە ستراتیژییەکەی لەم ناوچەیە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.
کوپرواسر، ئەندامێکی باڵای ئەنستیتۆی “ناوەندی ئۆرشەلیم بۆکاروباری گشتی” سەبارەت بە رووداوەکەی ١٠ی فێبریوەری دەڵێت: لەو ڕووەوە، کە ئیسرائیل گوشاری خستۆتە سەر ئێران تاکو رێگر بێت لەبەردەم تاران بۆ گەیشتن بە خواستەکانی، ئێستا تارانیش وەک جۆرێک لە ئازاردان، یاری بە ئیسرائیل دەکات کارێک، کە پێشتر ئەنجامیان نەدەدا.
نەتانیاهۆ لە میانەی سەردانەکەی ڕۆژانی ڕابردووی بۆ مۆسکۆ، باسی ئێرانی بۆ پووتین کردبوو. پەیامێکی هٶشدار ئامێزی بە کەناڵی سەرۆکی رووسیا ڕەوانەی تاران کرد. هەر چۆنێک بێت، رووسیا لە هاوکێشەکانی سوریا، ئێران وەک ئەکتەرێکی سەرەکی لەبەرچاو گرتووە. بەڵام رووداوەکەی ڕۆژی ڕابردوو نیشانی دا ئەم بەریەککەوتنەی ئیسرائیل لە گەڵ سوریا و ئێران، لە دوو حاڵەت بەدەر نییە یان ئەوەی، کە رووسەکان پەیامی تەل ئەبیبیان نەگەیاندۆتە تاران، یان ئەوەی کە پەیامەکە گەیشتووە و ئێرانییەکان نادیدەی دەگرن.