گۆڕان لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان هەڵوێستی خۆی راگەیاند

0

نوچەنێت: تایبەت

پەرلەمانتارێکی گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەگەر هەڵبژاردن بکرێت بەئەمری واقیع، ئێمە لەئێستاوە ئامادەین، بەهیچ شێوەیەک ترسمان لەئەنجامدانی نییە.  

رۆژی ١٧-١٢-٢٠١٧، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نامەیەکی ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کرد. تێیدا داوای لە پەرلەمان کرد، کە هەموو رێکارێکی یاسایی پێویست بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان، کە ماوەی سێ مانگ زیاتر تێپەڕنەکات، بگرێتەبەر، بەڵام تائێستا کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان دیاری نەکراوە.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، قارەمان قادر، ئەندامی فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، لە بارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند “ئێمە لەگەڵ ئەوەبووین، کە هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا بکرێت، بەڵام ئەوان ماوەی پەرلەمانیان درێژکردەوە، بۆیە لە ئێستاوە هەر کاتێک هەڵبژاردن بکرێت لە هەرێمی کوردستان ئێمە ئامادەین”.

هەروەها قارەمان قادر دەڵێت “ئێمە گوتمان بۆئەوەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بکرێت، نوێنەرایەتی راستەقینەی خەڵک بچێتە پەرلەمانی کوردستان دوو شت زۆر گرنگە بکرێت، ئەوکات هەڵبژاردن بکرێت، یەکەم بوونی داتایەکی پاک و بێگەرد بۆ هەڵبژاردن، دووەم سندوقی زیرەک دابنرێت بۆ هەڵبژاردنەکان، بەڵام ئەگەر بیکەن بەئەمری واقیع و هەرکاتێک هەڵبژاردن بکەن، ئێمە وەکو بزووتنەوەی گۆڕان لەئێستاوە ئامادەین”.

سەبارەت بەوەی ئایا بزووتنەوەی گۆڕان ترسی هەیە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی هەرێم لەئێستا، قارەمان قادر گوتی “ئێمە بەهیچ شێوەیەک ترسمان لەئەنجامدانی هەڵبژاردن نییە، ئەگەر هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردیش بکرێت لە هەرێم، ئێمە براوەی یەکەم دەبین لە دۆخی ئێستا”.  

ئەو ئەندام پەرلەمانەی گۆڕان دەشڵێت “هیوادارم دوای ٢٦ ساڵ حکومڕانی و دوای ئەوەی، کە کۆمەڵێک دەستکەوت هەبووە، بەڵام دوای ئەو هەموو شکستە یەک لە دوای یەکە، حزبە سیاسییەکان بەتایبەت سەرکردایەتی حزبەکان گەیشتبنە ئەو بڕوایەی، کە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بکەین؛ بۆ ئەوەی ئەم دۆخە چەقبەستووەی ئێستا تێپەڕێنین، هیوادارم دەست لە بەرژەوەندی حزبی هەڵبگرن و جارێکی دیکە هەموومان بگەڕینینەوە بۆ رای خەڵک”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com