شاندنی پەرلەمانی کوردستان سەردانی عفرین دەکات

0
نوچەنێت: تایبەت
ئەندامێکی شاندی پەرلەمانی کوردستان بۆ عەفرین رایدەگەیەنێت، سەردانی شاندی پەرلەمان بۆ عەفرین لە چوارچێوەی پشتیوانی کردن و ئیدانەکردنی ئەو پەلامارە داگیرکارییەی تورکیایە. 
 
ئەمە لەکاتێکدایە سوپای تورکیا و گروپە هاوپەیمانەکانی لە سوریا لە ٢٠-١-٢٠١٨ و هێرشیان بۆ سەر فرین دەستپێکردووە. هەروەها رۆژی ٣٠١-٢٠١٨، پەرلەمانی کوردستان دانیشتنێکی ئاسایی لەبارەی هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین ئەنجامدا، دوای دانیشتنەکەش راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و بەپێویستی زانی سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان کراوە بێت بۆ گەیاندنی هاوکاری و کۆمەکی پێویست لەڕووی تەندروستی و مرۆییەوە بۆ خەڵکی لێقەوماوی عەفرین بەتایبەتی و رۆژئاوا بەگشتی. 
 
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، شێرکۆ حەمەئەمین، یەکێک لە ئەندامانی شاندی پەرلەمانی کوردستان بۆ عەفرین، لەبارەی سەردانی شاندەکەیان رایگەیاند: بۆ گەیاندنی پشتیوانی خەڵکی باشووری کوردستان لە رێگەی ئەم پەرلەمانتارانەوە بە قارەمانی و بەرخودان و خۆڕاگری خەڵکی عەفرین، کە ٢٠ رۆژ زیاتر ە لە ژێر ئەوپەڕی زوڵم داگیرکاری سوپای تورکیایە.
 
شێرکۆ حەمە ئەمین دەڵێت، ئەم سەردانەی شاندی پەرلەمان لە چوارچێوەی پشتیوانی کردن و ئیدانەکردنی ئەو پەلامارە داگیرکارییەی تورکیایە بۆ سەر خاکی رۆژئاوای کوردستان. 
 
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەش دەخاتەڕوو، کە سەردانەکە، سەردانێکی سیاسی و فەرمی پشتیوانییە و پێشتریش ئێمە لە پەرلەمان بەفەرمی بڕیاری ژمارە ٢٤ مان هەیە، کە کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستان بە فەرمی دەناسێ.   
 
بەگوێرەی لێدوانێکی تاریق جەوهەر، راوێژكاری راگەیاندنی سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ مەڵپەری پەرلەمانی کوردستان، شاندەکە لە پێنج ئەندامی فراکسیۆنەکانی: پارتی، یەکێتی، گۆڕان، شیوعی و یەکگرتوو، پێکهاتووە و بریتین لە: عەلی هالۆ، عەباس فەتاح، شێرکۆ حەمەئەمین، ئەبو کاروان و سوهراب میكائیل، بە نوێنەرایەتیی پەرلەمانی کوردستان سەردانی عەفرین و رۆژئاوای کوردستان دەکەن”.
 
هەروەها راوێژكاری راگەیاندنی سەرۆکایەتی پەرلەمان ئاماژەی بەوە دەوە، کە وەفدەکەی پەرلەمان بڕێک کۆمەکی دەرمان و کەره‌ستەی پزیشکی بۆ عەفرین لەگەڵ خۆیان دەبەن، کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابینکراوە.
 
رۆژی ٣٠١-٢٠١٨، پەرلەمانی کوردستان دانیشتنێکی ئاسایی لەبارەی هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین ئەنجامدا چوار خاڵ و سێ پێشنیاری لەو بارەیەوە راگەیاند.
 
خاڵەکانی راگەیەندراوەکەی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی عەفرین: 

یەکەم: شەرمەزار و ئیدانەی هێرشی سەربازیی دەوڵەتی تورکیا دەکەین بۆ سەر شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستان. 

دووەم: داوا لەنەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵی نێودەوڵەتی دەکەین بە خێرایی بێنە سەر خەت بەمەبەستی راگرتنی هێرشی ناڕەوای تورکیا بۆ سەر کانتۆنی عەفرین.
 
سێیەم: پێویستە دەوڵەتی تورکیا رێز لە بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و دراوسێیەتی بگرێت و، داواش دەکەین دەستبەجێ هێرش و پەلامارەکان رابگرێت. 

چوارەم: داوا لە رێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و لایەنەکانی کۆمەکبەخش دەکەین بەهانای خەڵکی مەدەنیی شاری عەفرینەوە بچن. لە پێشکەشکردنی هاوکاریی و دابینکردنی پێداویستییە مرۆییە سەرەتاییەکان. 

پێنجەم: بەرگریی رەواو قارەمانانەی ژنان و پیاوانی خەڵکی خۆڕاگری رۆژئاوا و کانتۆنی عەفرین بەرز دەنرخێنین و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین. 

سێ پێشنیازی پەرلەمانی کوردستان

یەک: سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژئاوا کراوەبێ بۆ گەیاندنی هاوکاری و کۆمەکی پێویست لەڕووی تەندروستی و مرۆییەوە بۆ خەڵکی لێقەوماوی عفرین بەتایبەتی و رۆژئاوا بەگشتی.

دوو: پێویستە هێز و لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان بە لەبەرچاوگرتنی مەترسییەکانی سەر ئەزموونی رۆژئاوا، ناکۆکییەکانیان بەلاوە بنێن و لە رێگای دایەلۆگ و یەکتر قبووڵکردنەوە یەکڕیزیی نەتەوەیی دروست بکەن و دەستکەوتەکانیان بپارێزن.

سێ: بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لەم قۆناغە بەپێویست دەزانین بۆ راپەڕاندنی ئەرکە هاوبەشە نیشتمانییەکان و پێویستە بەرژەوەندی باڵای گەلی کوردستان بەکردار بخرێتە سەرووی بەرژەوەندییە ئایدۆلۆژی و حزبی و سیاسییەکان.
Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com