نێچیرڤان بارزانی و دۆگلاس سیلیمان کۆبوونەوە

0

نوچەنێت

سەرۆکوەزیرانی کوردستان و باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە دیدارێکدا دوایین پێشهاته‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدایان تاوتوێکرد. هەروەها باسیان لە دابینکردنی موچەی وەزارەتەکانی پەروەردە و تەندروستی و هه‌ڵگرتنى قه‌ده‌غه‌ى گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانى سه‌ر فڕۆكەخا‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌لایه‌ن حكومه‌تى عێراقه‌وه کردووە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و دۆگلاس سیلیمان، باڵیۆزى ئه‌مریكا له‌ عێراق، لە هەولێر کۆبوونەوە و لە دیدارەکەدا دوایین پێشهاته‌كانى دیالۆگى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ردوولا تاوتوێ كراوە.

بەپێی راگەیێندراوەکە، لە دیدارەکەدا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، تیشكیان خستووەتەسەر كارى لیژنه‌ تایبه‌ته‌كان به‌ دابینكردنى موچه‌ى هه‌ردوو وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى و په‌روه‌رده‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و هەروەها هه‌ڵگرتنى قه‌ده‌خه‌ى گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانى سه‌ر فڕۆكەخه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌لایه‌ن حكومه‌تى عێراقه‌وه‌، هه‌ردوولاش هیوایان خواستووە گفتوگۆكان ئه‌نجامى ئه‌رێنییان لێ بكه‌وێته‌وه‌ و رێگه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى ته‌واوى كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا خۆش بكرێت.

لە دیدارەکەدا کە رۆژی پێنجشەممە (٨-٢-٢٠١٨) ئەنجامدرا نێچیرڤان بارزانی و دۆگلاس سیلیمان باسیان له‌ به‌شداریى شاندى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ كۆنفرانسى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى عێراق كرد كه‌ بڕیاره‌ له‌ داهاتوویه‌كى نزیكدا له‌ كوەیت ببه‌سترێت، به‌و هیوایه‌ى هه‌رێمى كوردستانیش له‌و ده‌رفه‌ته‌ سوودمه‌ند بێت و بتوانێت پشكى خۆى له‌و هاوكارى و پڕۆژانه‌ به‌ده‌ست بهێنێت كه‌ چاوه‌ڕان ده‌كرێت بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى عێراق دواى كۆتاییهاتنى شه‌ڕى دژى تیرۆر، ئه‌نجام بدرێن.

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، تاوتوێكردنى هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراق و هه‌رێمى كوردستان ، پرۆسه‌ى سیاسى و دۆخى عێراق و ناوچه‌كه‌ و قۆناغى دواى كۆتاییهاتنى داعش له‌ عێراق و سوریا به‌گشتى، به‌شێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com