نوچەنێت: تایبەت
بەڕێوەبەری هۆشیاری و راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بۆ لێکۆڵینەوە لە چارەنوسی پێشمەرگە دیلەکان چاوەڕێی ئەنجامی بەدواداچوونی نوێنەرانی کوردین لە بەغدا.
لە ماوەی شەرێ داعش بەتایبەت لە سەرتاکانی ژمارەیەک پێشمەرگە بە دیلی کەوتنە دەست داعش، بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی پێشمەرگە، ٦٢ پێشمەرگە دیلن. بەم دواییانە بنەماڵەی ئەو پێشمەرگە دیلانە پێیانوایە دیلەکان لە ژیاندا ماون و لە گرتوخانەکانی بەغدان، لەم بارەیەوە پەرلەمانتار دکتورە ئەشواق جاف، لە لێکۆڵینەوەی بەردەوامدایە بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنوسیان.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، هەڵگورد حیکمەت، بەڕێوەبەری هۆشیاری و راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی بەدواداچوونیان بۆ چارەنوسی پێشمەرگە دیلەکان رایگەیاند: نوێنەرەکانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لە سەر ئەو بابەتە لە گەڵ دامودەزگاکانی پەیوەندیداری بەغدا لە سەر خەتن و هەندێک کار و هەنگاوی جددی نراون.
بەڕێوەبەری هۆشیاری و راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، چاوەڕێ دەکەین نوێنەرانی کورد لە بەغدا بەگەنە ئەنجام.
لەبارەی بەدواداچوونی وەزارەتی پێشمەرگە، هەڵگورد حیکمەت گوتی “بێگومان لەو بارەیەوە کارکراوە و تەواوی لیستی پێشمەرگەکانمان داوەتە پەرلەمانتارەکان و ئەوان خەریکن کاری لەسەر دەکەن و دەبێ چاوەڕێ بکەین بزانین ئەوان دەگەنە چ دەرئەنجامێک”.