نوچەنێت:تایبەت
ئەندامێکی لیژنەی کشتوكاڵ لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، رایدەگەیەنێت، لە ١-٤ وە هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی هەرێم، وەرگرتنی پارەی عمولەی جوتیاران لە عەلوەی پارێزگای سلێمانی رادەگێرێت.
وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ٣-٧-٢٠١٧ بڕیاریداوە وەرگرتنی عمولە لە عەلوەی پارێزگاكان لەسەر بەرهەمی جوتیاران رابگیرێت، بەڵام ئەم بڕیارە تەنها لە سنوری پارێزگای هەولێر و دهۆك جێبەجێكراوە، تائێستاش وەرگرتنی پارەی عمولە لە جوتیاران لە عەلوەی پارێزگای سلێمانی بەردەوامە.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، رێبوار ئەحمەد ئەندامی فراکسیۆنی گۆران و لیژنەی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، سەبارەت وەرگرتنی پارەی عمولەی جوتیاران لە عەلوەی پارێزگای سلێمانی، رایگەیاند” دەبوو بڕیارەکە، لە یەکەم رۆژی دەرچوونی جێبەجێ بکرایە، بەڵام کاتی خۆی وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێم، گوتویەتی باهاوئاهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پارێزگای سلێمانی هەبێت. بۆ جێبەجێ کردنی بڕیارەکە”.
سەبارەت بەکاتی جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەڵێت”لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگای سلێمانی، بەگشتی لەسەر ئەوە رێککەوتوون، کە بڕیارەکە لە ١-٤-٢٠١٨ وە بچێتە بورای جێبە جێکردنەوە. وەرگرتنی پارەی عمولە لە جوتیاران لە عەلوەی پارێزگای سلێمانی، رابگیرێت”.
هەروەها گوتی”جێبە جێکردنی ئەم بڕیارە سودی بۆ جوتیارانی هەرێمی کوردستان دەبێت، چونکە هەر جوتیارێک لەهەر سەد هەزار دینارێک ٨ هەزار دیناری لێوەرگیراوە لەو بەرهەمەی کەفرۆشتویەتی، بەڵام ئێستا ئەو پارەیەیی لێوەرناگیرێت وەکو هاندانێکی کشتوکاڵی بۆ جوتیاران”.
رێبوار ئەحمەد جەختیشیکردەوە، کە وەکو لیژنەی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاویەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بەفەرمی سەردانی لایەنی پەیوەندی دارمانکردووە و ئەو بابەتە، بەتەواوی بڕاوەتەوە و لە ١-٤ وە بچێتە بواری جێبەجێکردن.