نوچەنێت: تایبەت
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، لیژنەی لێکۆڵینەوە لە خورماتوو لە پەرلەمانی عێراق دروستبووە، بەڵام چاوەڕێی دەنگدانی پەرلەمان دەکەین لەسەر کاری لیژنەکە.
بە هۆی رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە، لە سنوری کەرکوک بەتایبەت خورماتوو کورد رووبەڕووی ماڵوێرانی و ئاوارەیی و دەرکردنی چەندین تاوانی دیکە بووەوە و تائێستاش بەردەوامە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، موحسن عوسمان، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەفراکسیۆنی یەکێتی، لەبارەی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی خورماتوو رایگەیاند: لیژنەیەکی ١١ کەسی بۆ لێکۆلێنەوە رووداوەکانی خورماتوو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێکهاتووە و چاوەڕێی دەنگانی پەرلەمانتاران دەکەین، کە دەنگ لە سەر کاری لیژنەکە بدەن و دەستبەکار بین.
موحسن عوسمان، هۆکاری درەنگ دەستبەکاربوونیان ئاشکرا دەکات و دەڵێ، بە هۆی کێشەی بودجەی ٢٠١٨ی عێراق و ململانێکان لەسەری، نەتوانراوە بڕیاری پەسەندکردنی کاری لیژنەکە بخرێتە بەرنامەی کارەوە و دەنگی لەسەر بدرێت.