نوچەنێت:تایبەت
پەرلەمانتارێکی سزادراو لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە رایدەگەیەنێت، بڕیارەکەی سەرۆکی پەرلەمان نایاساییە و پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆیە، بۆیە بەشداری دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان دەکەم.
بەگوێرەی نوسراوێکی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، پەرلەمانتارانی کورد، مەسعود حەیدەر، لە فراکسیۆنی گۆڕان، سیروان عەبدوڵڵا و شاخەوان عەبدوڵڵا لە فراکسیۆنی پارتی، ماوەی ١٥رۆژ ئەندامێتیان هەڵپەسێردراوە و رەوانەی لیژنەی جێبەجێکردنی رەوشتی پەرلەمان کراون، بۆ لێکۆڵینەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، مەسعود حەیدەر ئەندامی ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی سزادانەکەی لەلایەن پەرلەمانی عێراق رایگەیاند”شانازی پێوەدەکەم ئەگەر دەرکرابم و سزادرا بم ،لەبەر ئەوەی بەرگریم لەمافی خەڵکی کوردستان کردووە، کە ئەوە ئەرک و واجبی خۆمە”.
مەسعود حەیدەر دەڵێت”پەیڕەوی ناوخۆ لە لایەن سەرۆکی پەرلەمانی عێراقەوە پێشێلکراوە، چونکە دانیشتنی کردووە بەبێ تەواو بوونی رێژەی یاسایی پەرلەمانتاران، دوای ئەوە ئەگەر ئێمە دانیشتنە کەمان تێکدابێت، مادەی ١٤٠ و ١٣٩ ئاماژە بەوەدەکات، کە سەرۆکی پەرلەمان ئاگاداری ئەو پەرلەمانتارانە بکاتەوە، نەک بە سزادان و موچە بڕین و هەوڵی دەرکردنی پەرلەمانتاران”.
سەبارەت بە- بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند”لە کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمان بەشداری دەکەم، چونکە دانیشتنی ژمارە ٢ ی رۆژی دووشەممەی رابردووی پەرلەمان، دانیشتنێکی نایاسایی و پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆ بوو”.
هەروەها گوتی”دڵنیام فراکسیۆنە کوردییەکان بێدەنگ نابن و هەڵوێستیان دەبێت، چونکە بڕیارێکی لەم شێوەیە جێگای قبوڵکردن نیە”.