نوچەنێت:تایبەت
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی ئیسلامی، رایدەگەیەنێت، بەشداریکردنی هەموو حیزبە کوردستانییەکان، بەیەک لیستی هاوبەش بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق، پێگەی کورد لە بەغدا بەهێز دەکات.
لەساڵی رابردوودا، هەر یەكە لە بزووتنەوە، كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامی، زۆر هەوڵیاندا پێكەوە لیستێکی هاوبەشیان هەبێت، بەڵام نەگەیشتنە رێككەوتن و پڕۆژەكە شكستی هێنا، ئێستا جارێكی تر لە ئاستی باڵای بزووتنەوە و یەكگرتووی ئیسلامی، هەوڵەكانیان بۆ قەناعەتپێكردنی كۆمەڵی ئیسلامی، دەستپێكردووەتەوە. بۆ ئەوەی پێكەوە و بە یەك لیست لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان بەشداری بكەن.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، دکتۆر عەبدوڵا وەرتی ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان، لە بارەی بەشداری کردنی کورد لەهەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند” پێمانوایە، هەموو حیزبە کوردستانییەکانی هەرێمی کوردستان بەیەکەوە و بەبێ جیاوازی ئایدۆلۆژی، بەیەک لیستی بەشداری هەڵبژاردنەکانی عێراق بکەین، باشترە بۆ پاراستنی پەرتەوازەنەبوونی دەنگی کورد و بە هێزترکردنی پێگەی کورد لە بەغدا”.
سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان عەبدوڵا وەرتی، دەڵێت”پێمان باشە هەر سێ حیزبی ئیسلامی و رێکخراوە ئیسلامی و کەسایەتییە ئیسلامی یەکان، لیستێکی هاوبەشی سیاسی پێکبهێنن، دەتوانن معەدەلەی سیاسی لەهەرێمی کوردستان، بگۆڕن”.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی، ئایا کۆمەڵی ئیسلامی بە یەکجاری وازی لەبەرەی ئیسلامی هێناوە، دەڵێت”نا کۆمەڵ وازی نەهێناوە، زۆر مەبەستییەتی کە هەموو ئیسلامییەکان بەیەکەوە بین، بەڵام ئەوە رێو شوێن و میکانیزمی خۆی هەیە”.
هەروەها ئاماژە بەوەدەکات، کە “ئێستا گفتو گۆ هەیە بۆئەوەی هەرسێ لایەنە ئیسلامییەکە، بەیەکەوە بەلیستێکی هاوبەش بەشداری هەڵبژاردنەکانی کوردستان بکەین، چاوەڕوان دەکرێت لەماوەیەکی نزیکدا گفتۆگۆکان لە نێوان لایەنە ئیسلامییەکان، چڕترببنەوە”.