نوچەنێت
تورکیا بە هێرشکردنى بۆ سەر عەفرین، هەوڵدەدات ڕێ لە دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردی بگرێت. ئەمریکا بێ توانا دەرکەوتووە، رووسیاش رەزامەندی لە سەر هێرشەکە هەیە. لە ئەنجامدا پێدەچێ، براوەی سەرەکی ئەم شەڕە، بەشار ئەسەد بێت.
یەکەمین قوربانیانی هەر دوو دیوەی بەرەی شەڕەکە، هیچیان لە دەست نەهات، ئەوان تەنها لە هەوڵدابوون زیندوو بمێننەوە. کاتێک کە هێزە ئاسمانی تورکیا لە ڕۆژی ٢٠ی جانیوەری کوردەکانی دانیشتووی هەرێمی عەفرینی بۆمباران کرد، بنەماڵەیەک لە نزیک گوندی جلبارا بوونە قوربانی، دایکێک و شەش منداڵ کوژران، ئەوان پەنابەری شەڕی داعش بوون.
ڕۆژی دواتر، موشەکێکی دیکە لە بەرەی عەفرینەوە ئاراستە شاری سنووری ریحانلی تورکیا کرا، شۆفێری تاکسییەک گیانی لە دەست دا، قوربانییەکە ساڵی ٢٠١٢ لە ترسی هێرشی سوپاکەی ئەسەد، پەنای هێنابووە ئەم شارە.
کوشتاری خەڵکی مەدەنی هەر دوو دیوەی بەرەکانی ئەم شەڕە، گوزارشت لە دۆخی کارەستباری ناوچەکە دەکات، مەرگی ئەوان نیشانی دەدات کە بەرەکانی پێشەوەی شەر چۆناوچۆن گۆڕانکاریان بە سەردادێ، شەڕێک کە لایەنەکانی بەشدار تیادا، تەنانەت هەوڵی راگرتنی نادەن.
لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوو، بەرەیەکی نوێ گەمارۆی عەفرینی داوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری توندڕەو و سەڕەرۆی تورکیا، بەردەوام دووبارەی دەکاتەوە کە شەڕ لە دژی پەکەکە بە درێژایی سنوورەکانی سوریا پەرەپێدەدات. شوێنێک لە هێزەکانی یەپەگەی سەر بە پەکەک یەک لە سەر چواری خاکی سوریا-یان لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە و خۆبەڕێوەبەرییەکیان دامەزراندووە. ئەم هەرێمە بریتییە لەو ناوچانەی کە کوردەکانی تێدا نیشتەجێن، بە دەر لەمەش ئەو ناوچانەش دەگرێتەوە کە زۆربەی دانیشتوانی عەرەبن.
پەکەکە، وەک حزبێکی کوردی هەرناوێکی لە سەر بێت، لە کۆتاییدا، سەرکردایەتییەکی دیاریکراوی هەیە، هەموو لق و پۆپەکانی بە چاوی ڕێزەوە دەڕواننە عەبدوڵڵا ئۆجەلان. خاڵێکی جێی سەرنج ، کوردەکان هیچ کات یەکڕیزی ڕاستەقینەی خۆیان نەشاردۆتەوە، بەڵام کاتێک توانیان ئەمریکا وەک هاوبەش بگرن، دەرکەوت کە جیاوازییەکانیان یەکجار زۆرە. هەر چۆنێک بێت بڕیارەکان لە قەندیل دەدرێت.
سەرئەنجام ئەردۆغان، هەڕەشەکانی خۆی لە ٢٠ی جانیوەری کردەیی کردەوە. جێتە شەڕکەرەکانی چوونە ئاسمانی عەفرینەوە. تانکەکانی لێۆپاردی ئەڵمانی ڕەوانەی عەفرین کرد، وێڕای ئەوەی کە گروپە چەکدارەکانی عەرەبی سوریاش کە تورکیا پاڵپشتییان دەکات، گەیشتنە شەڕگەکە.
لە ڕۆژانی یەکەمی هێرشەکە، تورکیا و هێزەکانی هاوپەیمانی رایانگەیاند، پێنج گوندیان کۆنترۆڵ کردووە. هێزەکانی یەپەگەش ئەم بانگەشەیان بە درۆ خستەوە و باسیان لە بەرخۆدانێکی بێ وێنە کرد، دۆزینەوەی سەرچاوەی باوەڕپێکراو- و سەربەخۆ ئاستەمە. هۆکارێکی پچڕانی هیڵەکانی ئینتەرنێتی ئەم ناوچەیە بوو، کە لە لایەن کۆمپانیای تورک سێڵەوە بە سەریاندا داخرا.
رەنگە لەم دۆخەدا، سەرچاوەی جێی متمانە، تۆڕی مافەکانی مرۆڤ لە سوریا بێت، کە لە بەریتانیا جێگیرە و بەردەوام ئامارەکانی شەڕەکە بڵاو دەکاتەوە. بە پێی ئامارەکانی ئەم رێکخراوە،٨٥ چەکداری ژێر پشتیوانی ئەنقەرە کوژراون،٦٨ کەسی مەدەنیش بوونەتە قوربانی و ٩١ کەسیش لە شەڕڤانانی یەپەگە گیانیان لە دەست داوە. دەوڵەتی تورکیا بێ ئاگایی خۆی سەبارەت بە قوربانیانی مەدەنی ئەم شەڕە دەربڕیوە، بەڵام ئەم ئامارە لە لایەن نەخۆشخانەکانی عەفرین پشتڕاست کراونەتەوە. پزیشکەکان دەڵێن، شەڕەکە ڕۆژانە کوژراو و برینداری هەیە. تورکیا دەڵێت چەند کەس لە سەربازەکانی کوژران، شەڕ بە خەستی بەردەوامە.
مەترسییە گەورەکە
مەترسییە گەورەکە، ئەگەری کوژرانی ژمارەیەکی زۆرترە لەم شەڕەدا، بە مەدەنی و چەکدارەوە.عەفرین یەکێک لەو دەگمەن ناوچانەیە کە لە شەڕی ناوخۆ زیانێکی ئەوتۆی بەرنەکەوتووە، زیاتر لە ١١ هەزار ئاوارە کوردی و عەرەبی لە حەلەب و ناوچەکانی دیکەی لە خۆدا جێکردۆتەوە.
بە درێژایی شەڕی ناوخۆ، عەفرین چانسی هەبووە.،کوردەکانی سوریا هیچ کات پەیوەست بە رێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئەسەد نەبوونە، بە پێچەوانەوە هەڵوێستی بێ لایەنیان هەبووە، جاری وابووە لەگەڵ دیمەشق، جاری واش لەگەڵ ئۆپۆزیسۆن بوونە، رووسەکان، ئەمریکا و هەردووبەرەکە، هاوکارییان هەبووە. سوپای ئەسەد پاشەکشەی کرد، بەڵام عەفرین هیچ کات نەکرایە ئامانجی هێرش. تەنانەت کاتێک داعش پەلاماری گوندەکانی باشووری عەفرینی دا، ئەم شارە بێ بەڵا بوو.
ئەمریکا لە هاوینی ٢٠١٤ ستراتیژیەتی خۆی گۆڕی و داعشی وەک دوژمنی سەرەکی خستە ئەولەویەتەوە. ئەم بڕیارەی ئەمریکا هێرشی دڕندانەی داعشی بەدواوە بوو بۆ سەر ئێزیدییەکان لە عێراق و هەروەها کۆبانی، لەم قۆناغەدا کوردەکانی سوریا، لەگەڵ ئەمریکا کەوتن. سەرئەنجام ئۆپۆزسیۆنی سوریا پێشنیاری واشنتۆنیان بۆ تەرکیز خستنە سەر داعش و راگرتنی شەڕ لە دژی بەشار ئەسەد، ڕەتکردەوە.
کوردەکان بە چەکی ئەمریکی و پاڵپشتی هێزی ئاسمانی ئەم وڵاتە، بوون بە هاوپەیمانی شەڕی دژ بە داعش. ئەوە بوو کە بەرەبەرە لە لایەن ئەمریکاوە پڕچەک کران. بە پێی هەندێک راپۆرت کە پشتڕاست نەکراوەتەوە، تەنانەت موشەکی گرادی روسییان رادەست کراوە.
ئەم هاوپەیمانێتیە لەگەڵ گرفتێک بەرەوڕوویە، ئێستاش پەکەکە لە ئیدارەی ئەمریکا وەک هێزێکی تیرۆریستی دەناسرێتەوە، ئەمریکا چارەسەری بۆ دۆزییەوە، واشنتۆن رایگەیاند، لێرە بەدواوە یەپەگە وەک هێزێکی پڕبەها لە شەڕی دژ بە تیرۆر دەناسێت و هاوکاری دەکات، ئەمە لە کاتێکدایە، کە پەکەکە لە لیستی تیرۆردایە، تا ئێرە دۆناڵد ترەمپ ئەم سیاسەتەی پەیڕەو کردووە.
ترەمپ لە گفتوگۆیەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەردٶغان، لە کۆتاییەکانی مانگی جانیوەری، داوای لە تورکیا کرد کە هێرشەکانی سنوردار بکات، هاوکات بەڵێنیشی دا کە پشتیوانی ئەنقەرە بێت بۆ شەڕ لە دژی تیرۆریستانی پەکەکە.
ئەم بەڵێنەی سەرۆکی ئەمریکا، مایەپوچی دۆخەکە و هاوکێشەکە دەردەخات. واشنتۆن رایگەیاند، لە هۆکاری هێرش بۆ سەر هەرێمی عەفرین لە لایەن تورکیاوە، تێدەگات.
لێکدانەوە سیاسیەکانی ئەردۆغان، لە لایەکی دیکەوە بە تەواوی شەفافە، لە ساڵی ٢٠١٥ کۆتایی بە پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ پەکەکە هێنا، پشتی پەردەی ئەم بڕیارە کە ئەردۆغان دەستپێشخەری تێدا کرد، بەهێزکردنی لایەنی تورکی بوو بەرامبەر بە کورد.
ئەم فیڵەی ئەردۆغان، جێی سەرسووڕمان بوو، بەڵام دواجار کاری پێکرد.