نوچەنێت: تایبەت
سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سێ پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا بۆ ماوەی ١٥ رۆژ ئەندامێتیان هەڵپەسێردراوە و رەوانەی لیژنەی جێبەجێکردنی رەوشتی پەرلەمان کراون بۆ لێکۆڵینەوە. پەرلەمانتارێک-یش پێیوایە “ئەو سزایە بەسەر ئەو پەرلەمانتارانە جێبەجێ ناکرێت”.
بەگوێرەی نوسراوێکی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، پەرلەمانتارانی کورد، مەسعود حەیدەر، لە فراکسیۆنی گۆڕان و سیروان عەبدوڵڵا و شاخەوان عەبدوڵڵا لە فراکسیۆنی پارتی ماوەی ١٥ رۆژ ئەندامێتیان هەڵپەسێردراوە و رەوانەی لیژنەی جێبەجێکردنی رەوشتی پەرلەمان کراون، بۆ لێکۆڵینەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، موحسن عوسمان، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، لەبارەی بڕیاری سزادانی سێ پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا رایگەیاند، ئەم رێوشوێنەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دژی ئەو سێ پەرلەمانتارە بەهۆی رووداوەکانی کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەی رابردوو (٥-٢-٢٠١٨)ی پەرلەمانەوەیە، کە ژمارەیەک پەرلەمانتار رێگریان کرد پرۆژەیاسای بودجە خوێندنەوەی بۆ بکرێت و چوونە بەردەم شوێنی دانیشتنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان.
موحسن عوسمان پێیوایە، کە ئەو سزایە بەسەر ئەو پەرلەمانتارە کوردانەدا جێبەجێ ناکرێت، لە بەر ئەوەی، کە پێشتر چەندین حاڵەتی لەو شێوەیە روویداوە و سزاکان جێبەجێ نەکراون
سەلیم جبوری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەو نوسراوەدا دەڵێت، ئەو سێ پەرلەمانتارە لە کۆبوونەوەی رۆژی دوو شەممەی رابردوو، کاری پەرلەمانیان پەکخستووە و یاسای رەوشتی پەرلەمانیان شکاندووە.
بەو هۆیەوە سێ سزای بۆ ئەو پەرلەمانتارانە دیاریکردووە، کە بریتین لە سڕینەوەی قسەکانیان لە کۆنوسی کۆبوونەوەی رۆژی دوو شەممەی رابردوو، لەگەڵ راگرتنی ئەندامێتیان بۆ ماوەی١٥ رۆژ، ئەو ١٥ رۆژەش بەنەهاتوو بۆیان هەژمار دەکرێت و موچەیان لێ دەبڕدرێت.
جگە لەوەش سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، هەرسێ پەرلەمانتارەکەی رەوانەی لیژنەی جێبەجێکردنی رەوشت لە پەرلەمان کردووە، بۆ لێکۆڵینەوە لەو سەرپێچیانەی دراوەتە پاڵیان، بەمەبەستی سزادانیان، کە دەگاتە لەکارخستنیان و وەرگرتنەوەی مافی ئەندامێتی پەرلەمانی عێراق بەیەکجاری.

