ئەشواق جاف لەبارەی پێشمەرگە دیلەكان زانیاری نوێ ئاشکرا دەکات

0

نوچەنێت: تایبەت

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت، سەرەداوێكی نوێیان لەسەر چارەنووسی پێشمەرگە دیلەکان دەستكەوتووەو دەڵێت “سێ کوردی رۆژئاواش لە گرتوخانەدان و سزایان بەسەردا سەپاوە”.

لە سەرەتای ڕووبەڕووبوونەوەکانی پێشمەرگە لەگەڵ چەکدارانی داعشدا ژمارەیەک پێشمەرگە بەدیل گیران، هەندێکیان شەهید کران و ئەوانەشی لە ژیاندا ماون چارەنووسیان نادیارە.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، دکتۆرە ئەشواق جاف، ئەندامی كوردی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە فراکسیۆنی پارتی، لەبارەی پێشمەرگە دیلەكانی دەستی داعش راگەیاند، لە بەدواداچوونم بۆ كەیسی دیلەكانی دەستی داعش ٤-٢-٢٠١٨ سەردانی گرتوخانەی فڕۆكەخانەی موسەننام كرد لە بەغدا، لەوێ‌ لەگەڵ دەسگیركراوێكی داعش سەرەداوێكی نوێم لەسەر پێشمەرگە دیلەكانی دەستی داعش دەست كەوت.

ئەشواق جاف گوتی “ناوی تەواوی دیلەكان لە ئێستادا دراوە بە گرتوخانەی فڕۆكەخانەی موسەننا، ئەو داعشەی سەرپەرشتی زیندانی پێشمەرگە دیلەكانی دەكرد دەستگیر كراوە و لەبارەی پێشمەرگەكانەوە لێم پرسی و گوتی، كە هیچ یەك لە دیلەكانی شەڕەكانی بەشیر و ڕەشاد، كە ژمارەیان ٢١ پێشمەرگەیە هیچیان لە حەویجە شەهید نەكراون”.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەدا، ئەو داعشە ئەوەشی بۆ ئێمە ئاشكراكرد، كە بەدەستی خۆی بە نوسراوی فەرمی ئەمیری حەویجە پێشمەرگەكانی ڕەوانەی گرتوخانەی گەیارە كردووە و تەسلیم بە قازی شەرعی ئەو شارە كراون، هۆكاری گواستنەوەشیان ئەوەبووە، كە ئەمیری حەویجە ترسی لە هێزە ئەمنیەكانی عیراق هەبووە لە ناوچەكە و دەشڵێت”بەدواداچوون بەردەوامە”.

ئەشواق جاف دەڵێت، لە بارەی كەیسی پێشمەرگە دیلەكانی دەستی داعش لە ڕوانگەی قسەكانی ئەو تیرۆرستەی داعش لەو گرتووخانەیە بەردەوامین لە گەیشتن بە سۆراخی دیلەكان.

لەبارەی ئەو سێ كوردەی ڕۆژئاوای كوردستان، كە پیشەیان بیرلێدان بووە و دەستگیركراون ئەشواق جاف دەڵێت “لە ئێستادا ئەو سێ هاوڵاتیە بەناوەكانی (ئیدریس محمد سلیمان، شاهین محمد سلیمان، محەمەد حسین قول اغاسی) ناویان لە زیندانەكانی عیراقدا هەیە و بڕیاری زیندانی هەتا هەتاییان بۆ دەرچووە، ئەمڕۆ چارەنوسیان ئاشكرا بوو، لەكاتێكدا ئەو بڕیارە هەڵەیە، چونكە ئەوان تیرۆرست نەبوون، بۆیە كار بۆ ئەوە دەكەین لەسەر كەیسی ئەوان لەگەڵ وەزیری داد تەمیزی كەیسەكەیان بكرێتەوە”.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، کە لە نێو دەستگیركراوەكاندا لە گرتوخانەی فڕۆكەخانەی موسەننا سێ كورد هەن، كە پێشتر پێشمەرگەبوون لە خورماتوو، دواتر چوونەتە نێو ڕیزەكانی ڕاییە بەیزا و شەڕی هێزە ئەمنیەكانیان كردووە و دەستگیركراون، داوای بینینیانم كردووە و چاوەڕێی بڕیاری دادوەرم بۆ بینینیان.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com