نوچەنێت:تایبەت
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی رایدەگەیەنێت، بوونی پێگە سێکسییەکان، کاریگەری خراپیان لەسەر خوێندن، داهێنان و پێشکەوتنی زانستی لەهەرێمی کوردستان هەبووە.
فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لەپەرلەمانی کوردستان، پڕۆژە یاسایەك بۆ فلتەركردنی پێگە سێكسییەكانی سەر ئینتەرنێت ئامادە دەكات، پرۆژە بڕیارەكە بەناوی (فلتەركردنی پێگە سێكسییەكان، لە تۆڕی ئینتەرنێتدا).
پڕۆژە یاساکە رۆژی ٢٨-١-٢٠١٨ ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كراوە. لە هەشت ماددە پێكهاتووە. هەر پڕۆژە یاسایەك کە پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکرێت، پێویستە واژوی ١٠پەرلەمانتاری لەسەربێت.
لەلێدوانێکی تایبەت بەنوجەنێت،مەروان گەڵاڵی سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لەپەرلەمانی کوردستان، رایگەیاند”ئەو پڕۆژە یاسایەی، کە بۆ فلتەركردنی پێگە سێكسییەكانی سەر ئینتەرنێت ئامادەمانکردووە، واژوی ١٣ پەرلەمانتار ی لەسەرە، لەپەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە”.
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی دەڵێت”پەرلەمانتارانی زۆربەی فراکسیۆنەکان واژۆیان لەسەری کردووە. هیوادارین پەرلەمانتارەکانی دیکەش بەجددی ئەو بابەتە گرنگی پێبدەن، چونکە بابەتێکی هەستیارە و لەبەرژەوەندی هەموولایەکە، گەنجێکی زۆر لەهەرێمی کوردستان قوربانی ئەو بابەتەن، ئەم بابەتە ئەتوانم بڵێم بابەتێکی نەتەوەیی یەو خەڵکی کوردستان لێی زەرەر مەند دەبێت”.
ناوبراو ئاماژەی بەوەدەکات، کە پڕۆژە یاساکە ئاراستەی لیژنە تایبەتەکانی پەرلەمان کراوە و، لیژنەکان راپۆرتی خۆیان دەدەنە لیژنەی یاسایی و ئەوانیش قسەی جددی خۆیان دەکەن لەسەری.