نوچەنێت-شەفەق نیوز
شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، وەڵامی لێدوانێکی حاکم زاملی سەرۆکی لێژنەکە دەداتەوە کە گوتبووی “لایەنە جوداخوازەکان، لەپشت سەرهەڵدانی گروپی ئاڵا سپییەکانن لە نزیک خورماتوو”.
لە وەلامدا شاخەوان عەبدوڵڵا بە (شەفەق نیوز) ی گوتووە “ئەوە حکومەتی عێراق بوو، رێگەیدا ئەم گرووپانە بپەڕنەوە بۆ ئەو ناوچەیە، ئەوەش بە بەرچاوی خەڵکەوە و بێئەوەی بەرگرییەک پیشانبدرێ لەلایەن سوپا و حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدراڵییەوە، بە گرێبەستێکی سیاسی نێوانیان. بۆیە حکومەتی عێراق، بەرپرسە لە هەبوونی ئەو هیزانە لە ناوچەکانی نێوان حەمرین و خورماتوو”.
شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت “حکومەتی عێراق دەیتوانی کۆتایی بەم گروپانە بهێنێ، بەڵام رێککەوتنەکەی نێوان ئەو گروپانە و بەغدا، نەیهێشت ئەوە روبدات” هاوکات رونیکردەوە “ئێمە زانیاری تەواومان دایە هەردوو وەزیری ناوخۆ و بەرگری، لەم بارەیەوە”.
ئەندامە کوردەکەی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، گروپی ئاڵا سپییەکان، هیچ نین جگە لە پاشماوەکانی داعش لە رەشاد و حەویجە و تکریت و موسڵ.