نوچەنێت:تایبەت
پەرلەمانی کوردستان، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی لیژنەی کارو باری ئافرەتانی دا، بڕیاردەری لیژنە دەڵێت، بەهیچ جۆرێک لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی نیم، لەماوەیەکی نزیکدا هەڵوێستی خۆمان دەبێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، حەیات مەجید ئەندامی فراکسیۆنی پارتی و بڕیاردەری لیژنەی کارو باری ئافرەتان لە پەرلەمانی کوردستان، رایگەیاند”لەئێستادا پەرلەمان هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان دەکاتەوە. لەکۆی ئەو ٢٢ لیژنەیەی کەهەیە، کەم دەکرێنەوە بۆ ١٦ لیژنە، بۆئەمەش چەند لیژنەیەك دەکرێن بەیەك. لەو چوار چێوەیەشدا، لیژنەی کارو باری کۆمەڵایەتی و کارو باری ئافرەتان کراون بەیەك”.
بڕیاردەری لیژنەی کارو باری ئافرەتان، ئاماژە بەوەدەکات، کە هەڵوەشاندنەوەی لیژنەکەیان، لە چوار چێوەی هەموار کردنەوەی پەیڕەی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستاندایە.
سەبارەت بە هەڵوێستی لیژنەکەیان، حەیات مەجید گوتی”بەهیچ جۆرێک لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی لیژنەکە نیم. بۆیە لە ماوەیەکی نزیکدا هەڵوێستی خۆمان دەبێت”.