عەرەب و تورکمان پۆستەکانی کەرکوك دابەش دەکەن و کورد نیگەرانە

0

نوچەنێت: تایبەت

ئەندامێکی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوك رایدگەیەنێت، کە پڕۆژەی دابەشکردنی پۆستەکانی کەرکوك بەرێژەی لە ٣٢% بۆ هەر نەتەوەیەك پڕۆژەی تورکمان و عەرەب نییە، بەڵکو ئەوە پێشنیاری مام جەلال بوو بۆشاری کەرکوك، بەڵام ئەوان ئەیانەوێت ئێستا بیکەنە دەستکەوتێکی هەڵبژاردن بۆ خۆیان.

بۆ یەکلایی کردنەوەی چارەنوسی پارێزگای کەرکوك، عەرەب و تورکمانەکان پڕۆژەیەکیان هێناوە بۆ ئەوە پۆستەکانی کەرکوك بەرێژەی لە ٣٢% بۆ هەر نەتەوەیەکی تورکمان، کورد و عەرب دەبەشبکرێت، ئەمەش لەکاتێکدایە نەتەوەی کورد لەو پارێزگایە زۆرینەیە، کورد نیگەرانە لە هەوڵانەی حکومەتی عێراق. 

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، جوان حەسەن، ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوك لە لیستی برایەتی، لەبارەی پڕۆژەکەی عەرەب و تورکمانەکان بۆ دابەشکردنی پۆستەکانی کەرکوك بە رێژەی لە ٣٢% بۆ هەر نەتەوەیەك رایگەیاند “ئەمە پڕۆژەی عەرەب و تورکمان نییە، ئێستاکە لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە، بەڵکو ئەو لە ٣٢% لە ساڵی ٢٠٠٨ یان ٢٠٠٧ بوو، پێشنیاری مام جەلال بوو بۆ شاری کەرکوك، عەرەب و توکمانەکان زۆریان بەدڵ بوو و پەسەندیان کرد، بەڵام کورد رەتیکردەوە، کە جێبەجێیبکات”.

جوان حەسەن باسی لەوەشکرد، ئێستا لە بەرئەوەی بارودۆخی کەرکوك لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەر بەم شێوەیەیی لێهاتووە، ئێستا بە فەرمانی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، جێبەجێ دەکرێت، واتە پڕۆژەی تورکمان و عەرەب نییە، بەڵام ئەوان ئەیانەوێت بیکەنە دەستکەوتێکی هەڵبژاردن بۆ خۆیان.

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، بە فەرمانی عەبادی، پرۆسەی دابەشکردنی پۆستەکان دەستی پێکردووە، بەپێی فەرمانەکەش پۆستەکانی کەرکوك دەکات بەدوو بەشەوە، بە شێکیان پۆستەباڵاکانە، کە پێکدێت لە بەڕێوبەری گشتی فەرمانگەکان، سەرۆکی ئەنجومەن، جێگری سەرۆکی ئەنجومەن، پارێزگار و جێگرەکەی، لەگەڵ پۆستە ئیتیحادیەکان، بەشەکەی دیکەیان، کە ئێستا دەستیپێکردووە و دانیشتن دەکرێت لەسەری، پۆستی بەڕێوبەری بەش و بەڕێوبەری فەرمانگەکانە.

سەبارەت بەنیگەرانی کورد لەو پڕۆژەیە جوان حەسەن گوتی “ئەوەی جێگەی نیگەرانی ئێمەیە ئێستا دەستکراوە بەدابەشکردنی پۆستەکان، کورد مافی ئەوەی نییە رەتی بکاتەوە، بەڵام تەنها پێشنیارەکان دەخرێتە بەردەستی، دەتوانێت فەرمانگەکە هەڵبژێرێت”.

ئەو ئەندامەی لیستی برایەتی لە ئەنجونی پارێزگای کەرکوک دەڵێت “نانوانین لە کۆی گشتی رێژەی ٣٢% رەتبکەینەوە، چونکە لە نوسینگەی عەبادییەوە، ئەوەندەی، کە من ئاگادار بم  و بەپێی قسەی پارێزگاری کەرکوك بەوەکالەت، ئەڵێ فەرمانی دیوانی سەرۆک وەزیرانیشی بۆ دەرچووە، نوسراو بۆ سەرجەم وەزارەتەکان کراوە، کە هەر وەزیرێک خۆی یان وەکیلێک بنێرێت بۆ شاری کەرکوك لەفەرمانگەکەی خۆی و لیستەکەی ناو ئەنجومەن رێککەوتنی لەسەر بکات، لەوێوە پەسەندی بکات و فەرمانی وەزاری بۆ دەربکات”.

سەبارەت بە هەڵوێستی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوك دەڵێت “ئێمە دوو سێ دانیشتنمانکردووە لەسەری، ئێمە وەکو کورد لەهەندێک پۆستدا رەتمانکردووەتەوە و پێی رازی نین. هەروەها ئەوەمان لەبەردەستدا نییە، ئەم پڕۆژەی لە ٣٢% رەتبکەینەوە یان قبووڵی بکەین، لەبەر ئەوەی ئەمە بەفەرمان هاتووە و جێبەجێ دەکرێت و ئەنجومەنیش کارا نییە. چاوەڕێی هیچ بڕیارێک لەئەنجومەن ناکرێت، لەیەک حاڵەتدا ئەکرێت ئەویش ئەوەیە کورد بڵێ بایکۆتی پڕۆسەی سیاسی دەکەم، کە ئەویش زۆر زەحمەتە بکرێت”.    

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com