نوچەنێت: روداو
17 رۆژ بەسەر دەستپێكی پەلامارەكەی توركیا بۆ سەر ناوچەی عەفرین لە رۆژئاوای كوردستان تێدەپەڕێت. بەهۆی ئەو هێرشانەوە ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتیی مەدەنی بوونەتە قوربانی، برینداربوون یان ئاوارە و بێ ماڵ و حاڵ بوون. نەتەوە یەكگرتووەكان ژمارەی ئاوارەكانی ئەم شەڕە بە 16 هەزار كەس مەزندە دەكات. هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە)ش هۆشداری دەدات كە توركیا و هێزە لایەنگرەكانی، چەكی قەدەغەكراویان بەكارهێناوە.
چەكی كیمیایی
رێكخراوی مانگی سووری كورد (هەیڤا سۆرا كوردی) لە راپۆرتێكدا كە رۆژی دووی شوبات بڵاوی كردەوە، نیگەرانییەكانی هەسەدە سەبارەت بە چەكە قەدەغەكراوەكان پشتڕاست دەكاتەوە و لە راپۆرتێكی خۆیاندا ئاماژە بۆ بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن سوپای توركیا دەكەن.
بەپێی راپۆرتێكی رۆژی هەینی رابردووی هەیڤا سۆر، پێنج كادیری ئاسایشی عەفرین هێنراونەتە بنكەی هێوركردنەوەی دڵەڕاوكێی رێكخراوەكە و حاڵەتی دڵتێكەڵهاتن، رشانەوە، قورسیی هەناسە و نیمچە بێهۆشییان هەبووە. لە راپۆرتەكەدا تەنیا ناوی چوار كەسیان هاتووە كە بریتین لە عەبدوللەتیف ئیبراهیم (تەمەن 32 ساڵ)، ئەحمەد حوسنی عەبدۆ (تەمەن 37 ساڵ)، مەلاز ئالافۆ ( 22 ساڵ) مامۆ جەمۆ ( 30 ساڵ).
راپۆرتەكەی هەیڤا سۆر ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە تیمەكەیان راهێنانی چەكە كیمیاییەكانی پێكراوە و جەخت لەوە دەكەنەوە كە هەرچەند تاوەكو ئێستا رەوشی پێنج كادیرەكە بە وردی شینەكراوەتەوە، بەڵام بەو پێیەی توركیا هێزە كوردییەكانی سووریا بە باڵی پەكەكە دەزانێت و پێشتریش چەكی كیمیایی لەدژی پەكەكە بەكارهێناوە، بۆیە حاڵەتی پێنج كادیرەكە گومانی ئەوەی دروستكردووە كە هێزەكانی لایەنگری توركیا چەكی قەدەغەكراویان بەكارهێنابێت. پێنج ئاسایشەكە لە ئەشكەوتێكدا خۆیان حەشار دابوو كاتێك هاوەنێك بەر دەریچەی ئەشكەوتەكە كەوتبوو.
هەڕەشە لەسەر ئاوارەكان
عەفرین لە باكووری رۆژئاوای سووریا هەڵكەوتووە، بەو پێیەش هەموو كات لە ناوچەی شەڕ و پێكدادانەكانی باكووری سووریا نزیك بووە. بەڵام هەر ئەم نزیكییەی لە ناوچەكانی شەڕ و ئارامیی رێژەیی عەفرین وای كردبوو كە ژمارەیەكی زۆری ئاوارەكانی شەڕی باكووری سووریا روو لە عەفرین بكەن.
بەگوێرەی راپۆرتەكەی هەیڤا سۆر، 284 هەزار و 727 ئاوارە لە عەفرین ناویان تۆمار كردووە. لەو ژمارەیە زیاتر لە نیوەیان لە سەنتەری عەفرین جێگیرن و ئەوەی دیكەیان بەسەر ناوچەكانی دیكەی عەفریندا بڵاوبوونەتەوە. لە راپۆرتەكەدا چۆنێتی دابەشبوونی ئاوارەكان بەسەر ناوچە جیاجیاكانی عەفرین بەم شێوەیەی خوارەوە خراوەتەڕوو:
ناوەندی عەفرین: 143 هەزار و 505 ئاوارە.
ناوچەی شێراوە: 76 هەزار ئاوارە.
ناوچەی جەندرێس 43 هەزار و 510 ئاوارە.
ناوچەی راجۆ 6970 ئاوارە.
ناوچەی شران 10 هەزار و 105 ئاوارە.
ناوچەی شێخ ئەلحەدید: 780 ئاوارە.
ناوچەی بلبل: 1645 ئاوارە و ناوچەی مابتڵی: 2207 ئاوارە.
قوربانییانی هێرشەكە
هێرشەكانی سەر عەفرین، كە لە توركیا بە “ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتوون” ناوی دەركردووە، ژمارەیەكی زۆر كوژراو و برینداری لێكەوتووەتەوە. بەهۆی سنوورداركردنی رووماڵە میدیاییە سەربەخۆكان ئامارێكی وردی كوژراو و برینداری هەردوو لایەنی شەڕەكە لەبەردەست نییە.
توركیا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە 932 “تیرۆریست”یان لە هێرشەكەی عەفریندا “سڕ كردووە”. تاكە كێشەی ئەم ژمارەیە ئەوە نییە كە لەلایەن هیچ دەزگایەكی میدیایی سەربەخۆوە پشتڕاست نەكراوەتەوە، بەڵكو كێشەیەكی دیكەش ئەوەیە بەرپرسانی ئەنقەرە دەڵێن “ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتوون” دوو گروپ دەكاتە ئامانج، یەكێكیان گرووپە جیهادییەكانی وەكوو داعشە و ئەوەی دیكەیان هێزەكانی یەپەگەیە.
بۆیە ئەگەر ژمارەكە راستیش بێت، دیار نییە چەند لەو ژمارەیە سەر بە گرووپە جیهادییەكانن و چەندیان لە هێزە كوردییەكانن، جیا لەمەش چ بەڵگەیەك نییە كە ئەو ژمارە كوژراوە سەر بە یەكێك لەو دوو گرووپەن و مەدەنی نین. ئەوە جگە لەوەی كە عەفرین ناوچەی نفووزی رەهای پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە)یە و باڵە سەربازییەكەی ئەو حیزبەش (یەپەگە) رۆڵێكی سەرەكی بینی لە لەناوبردنی خەلافەتەكەی داعش پاش وەدەرنانی لە رەققە.
بەرپرسانی تورك ئاماژە بۆ ئەوەش دەكەن كە 14 سەربازیان لە شەڕەكەدا كوژراوە، لەو ژمارەیەش هەشت سەربازیان لە رۆژی شەممەی رابردوودا كوژراون كە بە خوێناویترین رۆژ بۆ سەربازانی سوپای توركیا لە 17 رۆژی رابردوودا لەقەڵەم دەدرێت. لەو ژمارەیە پێنج كەسیان لە ئاكامی هێرش بۆ سەر تانكێكی سوپای توركیا لە باكووری رۆژهەڵاتی عەفرین كوژران و سێ كەسەكەی دیكەش لە هێرشێكی دیكەدا كوژراون.
روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ لە دوایین راپۆرتی خۆیدا ئاشكرای كردووە كە تاوەكو رۆژی یەكشەممە 19 سەربازی تورك و 134 چەكداری سووریی لایەنگری توركیا كوژراون. بە گوێرەی راپۆرتەكە لە 16 رۆژی شەڕ و پێكدادانەكاندا 106 شەڕڤانی یەپەگەش گیانیان لە دەستداوە.
بەپێی راپۆرتەكەی روانگەی سووری، لە زیاتر لە دوو هەفتەی یەكەمی شەڕەكەدا 68 هاووڵاتی مەدەنی كوژراون، لەو ژمارەیە 21 كەسیان منداڵ و 12 كەسیان ئافرەت و 35 كەسیان پیاو بوون. لەكاتێكدا بەگوێرەی ئاماری فەرمانگەی تەندروستیی عەفرین لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەكەوە تا ئێستا 129 كەسی سڤیل بوونەتە قوربانی.
لە راپۆرتەكەی هەیڤا سۆردا، ژمارەی كوژراوان و بریندارانی شەڕەكە لە نۆ رۆژی یەكەمی شەڕەكەدا خراوەتەڕوو. لەو ماوەیەدا 43 كەسی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە كە 22یان منداڵن، 10یان ئافرەت و 11شیان پیاو بوون. هەروەها لە نۆ رۆژی یەكەمی شەڕەكەدا 166 كەس برینداربوون، كە 111 كەسیان پیاون، 27یان منداڵ و 28یشیان ئافرەتن.
بەرپرسێكی فەرمانگەی تەندروستی عەفرین بە (بی بی سی) بەریتانی راگەیاندووە كە لە كاتی دەستپێكردنی شەڕ و پێكدادانەكانەوە 150 هاووڵاتی مەدەنی كوژران و 300ی دیكەش بریندار بوون.
توركیا 911 كیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ سووریا هەیە، بەشی زۆری ئەو سنوورە هاوبەشەش دەكەوێتە ئەو ناوچانەی لە ژێر كۆنترۆڵی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) دان كە توركیا بە باڵی سووریای پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)یان لەقەڵەم دەدات.