نوچە-ئیلنا
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، هەواڵ و راپۆرتەکانی پەیوەست بە کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەم وڵاتە لە عێراق، رەتدەکاتەوە.
پنتاگۆن لە بارەی هەواڵی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، هەڵوێستی وەرگرتووە و هەر جۆرە رێککەوتنێک لە نێوان واشنتۆن و بەغدا، لەم بارەیەوە رەتدەکاتەوە. جەختیش لەوە دەکاتەوە کە جارێ هیچ پلانێکی بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە عێراق نییە.
ئەمە لە کاتیکدایە کە، رۆژی رابردوو. ئاژانسی هەواڵی ئاسۆشیتێدپرێس لە سەرزاری بەرپرسێکی دەولەتی عێراق رایگەیاند، ئەمریکا بەرەبەرە هێزەکانی لەم وڵاتە دەکشێنێتەوە.
ئاژانسی هەواڵی السومریە، بە گێڕانەوە لە ئێریک باهون، گوتەبێژی فەرمی پێنتاگۆن رایگەیاند، ئەمریکا هیچ پلانێکی بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە عێراق نییە.
باهون ئەوەشی خستە روو، کە واشنتۆن و بەغدا لەسەر ئەوە رێککەتوون، کە هێزەکانی ئەمریکا لە بری کاروسەربازی لە عێراق، تەرکیز بخاتە سەر مەشق وراهێنان بە هێزەکانی عێراقی و کاروباری دژ بە تیرۆریزم.