نوچەنێت
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەی ئۆفیسی هەماهەنگی ئاسایشی هاوبەش لە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کۆبوونەوە. وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت “شاندی ئەمریکا رایگەیاندووە، بەردەوامدەبن لە راوێژی سەربازیی و مەشقکردن بە پێشمەرگە”.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەمڕۆ لە هەولێر کەریم شنگالی، وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت، لەگەڵ جەنەراڵ بەیکەر، فەرماندەی ئۆفیسی هەماهەنگی ئاسایشی هاوبەش لە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و شاندی یاوەری کۆبووەوە.
کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە باسکردن لە هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی نێوان هێزەکانی ئەمریکا و هێزی پێشمەرگە، کە تێیدا “جەخت لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەردوولا کرایەوە”.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە، جەنەراڵ بەیکەر گوتوویەتی “ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتگیری هەرێمێکی کوردستانی بەهێز و هێزێکی پێشمەرگەی پێشکەوتوو و پرۆفیشناڵ دەکات. بەڵێنیدا هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بەردەوامدەبن لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و بەردەوامدەبن لە هاوکاری مەشق و راوێژ بە پێشمەرگە”.
لە کۆبوونەوەکەدا سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی یەکەی 70 و نەجات عەلی، فەرماندەی یەکەی 80ی هێزی پێشمەرگە، فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە، فەریق جەمال محەممەد، سەرۆکی دەستی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە بەشدار بوون.