نوچەنێت:تایبەت
گوتتەبێژی کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى هەرێم رایدگەیەنێت، رۆژی چوار شەممە پەرلەمانی کوردستان، حکومەتی هەرێم و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم،بۆ دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن کۆدەبنەوە.
رۆژی ١٧-١٢-٢٠١٧، نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، نامەیەکی ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کرد. تێیدا داوای لە پەرلەمان کرد، کە هەموو رێکارێکی یاسایی پێویست بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان کە ماوەی سێ مانگ زیاتر تێپەڕ نەکات، بگرێتەبەر.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، شیروان زرار گوتەبێژی کۆمسیۆنى باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و راپرسی لە هەرێمی کوردستان، لەبارەی کۆبونەوەیان لەگەڵ حکومەت و پەرلەمان رایگەیاند”رۆژی چوار شەممە (٧-٢-٢٠١٨) کاتژمێر١٠ی بەیانی، پەرلەمانی کوردستان، حکومەتی هەرێم و کۆمسیۆنی سەر بەخۆی هەڵبژاردنەکان و راپرسی هەرێمی کوردستان، بۆ قسەکردنی جددی لەسەر دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنەکان کۆدەبنەوە. پێداویستیەکانی ئێمە لەو روەوە چییەو، حکومەتی هەرێم دەتوانێت تا ئەو رێکەوتە دەتوانێ چی بکات؟”.
گوتەبێژی کۆمسیۆن، ئەوەش رادەگەیەنێت کە”دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنەکان بەلای کۆمسیۆنەوە زۆر گرنگە، چونکە ئێمە دەتوانین بەپێی ئەو رۆژە خشتەی کارەکانی خۆمان رێکبخەین، هەروەها دڵنیادەبین، کە هەڵبژاردن دەکرێت و دڵنیایش دەداتە سەرجەم قەوارە سیاسییەکان و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، کە هەڵبژاردن دەکرێت و ئومێدێکی زیاتر بۆ خەڵک و لایەنە سیاسییەکان و بارو دۆخی هەرێمی کوردستان دێتە ئاراوە”.
سەبارەت بە ئامادەیی کۆمسیۆن بۆ دیاریکردنی هەر رۆژێک بۆ هەڵبژاردن، شێروان زرار گوتی” ئێمە پێشتریش بە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێممان گوتووە، کە پێویستمان بە ١٠٥رۆژ هەیە. بەپێی ئەو خشتەیەی دیاریکراوە، بەڵام بەر لەو ١٠٥رۆژەی کە دیاری کراوە، پێویستە سەرجەم داواکارییەکانی ئێمە جێبەجێبکرێت، ئەوکات دەتوانین بەپێی ئەو خشتەیە ئەوکاتەمان پێویستە، ئەگەرنا لەکاتی ئاساییدا ٦ مانگمان پێویستە”.