نوچەنێت:تایبەت
ئەندام پەرلەمانێکی پارتی لەپەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، فراکسیۆنە کوردستانییەکان نەیانهێشت خوێندنەوەی دووەم، بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠١٨ی عێراق بکرێت.
حهیدهر عهبادی سهرۆك وهزیرانی عێراق، رێژەی ٪١٧ی بودجەی هەرێمی کوردستانی، بۆ ١٢.٦٨% كهمكردهوه، دەیەوێت بەمجۆرە لە پەرلەمان دەنگی لەسەربدرێت. لەبەرئەوە فراکسیۆنە کوردییەکان، سورن لەسەر بایکۆتی هەردانیشتنێکی پەرلەمانی عێراق، کە پەیوەندی بە بودجەوەهەبێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، خۆشەوی خەلیل ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە بارەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان رایگەیاند”دانیشتنەکەی ئەمڕۆ تەواو کەری دانیشتنەکانی رابردوو بووە. ئەوان دەیان ویست رێژەی یاسایی تەواو بکەن. بۆئەوەی خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسایی بودجە ٢٠١٨ ی عێراق بکەن ، بۆیە سەرجەم فراکسیۆنە کوردییەکان بایکۆتی دانیشتنەکەمان کرد“.
ئەندام پەرلەمانەکەی پارتی دەڵێت”ئەوان گوتیان ئێمە رێژەی یاسایی دانیشتنەکەمان تەواو کردووە، بەڵام رێژەی یاسایی تەواو نەبوو، چونکە ئەوانەی لە دانیشتنەکە بەشدار بوون نەدەگەیشتنە ١٥٠ ئەندام پەرلەمان، کە دەبوو ١٦٥ئەندام پەرلەمان لەدانیشتنەکە ئامادەبن”.
خۆشەوی خەلیل ئەوەشی خستەڕوو، کە سەرجەم فراکسیۆنەکوردستانییەکان، سوربوین لەسەر ئەوەی کە ئەوان رێژەیاسایی یان نییە بۆ دانیشتنەکە، دەیانەوێت بەنادەستوری و نایاسایی خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسایی بودجە بکرێت “بۆیە فراکسیۆنە کوردییەکان چووینە ژورەوە، نەمانهێشت دانیشتنەکە بکرێت و نوسراوەکانمان لە ژێردەستیان دەرهێنا و نەمانهێشت سەرۆکی پەرلەمان کۆبوونەوەکە بەڕێوە ببات. بەهۆیەوە هەندێک دەماقاڵە دروستبوو، کۆبوونەوەکەش دوا خرا بۆ رۆژی یەكشەممە”.
ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە خوێندنەوەی یەکەم کراوە بۆ پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠١٨ی عێراق، لە دانیشتنی رابردوو نایاسایی و نادەستورییە، چونکە رێژەی یاسایی تەواو نەبووە و هیچ حسابێکیش بۆ دانیشتەکەی رابردوو ناکەین.