دەبێ بە غدا ١٠تریلیۆن دینار، بداتە هەرێمی کوردستان

0

نوچەنێت: روداو
سندوقی نێودەوڵەتیی دراو، داوای لە حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق كردووە لە بودجەی 2018 بڕی “10 تریلیۆن دینار بدرێتە هەرێمی كوردستان”. پەرلەمانتارێكی كوردیش لە لێژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: “ئەگەر حكومەتی بەغدا بەو داواكارییە قایل نەبێ، سومعەی عێراق لە رووی داراییەوە لای بانكی نێودەوڵەتی دەشكێ”.

بەغدا چۆن 10 تریلیۆن دینار دەداتە هەرێمی كوردستان؟

رۆژی شەممەی رابردوو 3/2/2018 پەرلەمانتاران و سەرۆكی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە دوو كۆبوونەوەی جیاوازدا بۆ ماوەی سێ كاژێر و نیو لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق كوبوونەوە. وەك سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو دەڵێ “بە 10 شێواز داوای ناردنی مووچەمان لە عەبادی كرد، عەبادی دەیگوت تا وردبینی نەكرێ ناتوانم”.

عەرەفات كەرەم، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە (رووداو)ی گوت: “داوای سەقفی زەمەنیمان لە عەبادی كرد بۆ پێدانی مووچە بە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و كردنەوەی هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی، بەڵام عەبادی گوتی ناتوانم بەڵێن بدەم!”.

“سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق: عەبادی لە قامووسی ئێمەدا نەماوە”

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئەوەشی گوت كە “سندوقی نێودەوڵەتیی دراو داوای لە عەبادی كردووە لە بودجەی ئەمساڵ دەبێ 10 تریلیۆن دینار وەكو پشكی هەرێمی كوردستان بدەن”. گوتیشی “كاتێك لە عەبادیم پرسی، چۆن مامەڵە لەگەڵ داواكەی سندوقی نێودەوڵەتیی دراو دەكەن، وەڵامێكی ئەوتۆی پێ‌ نەبوو”.

نەناردنی ئەو بڕە پارەیە لە لایەن عێراقەوە كە سندوقی نێودەوڵەتیی دراو بۆ هەرێمی كوردستانی دیاری كردووە، رەنگە قورس لەسەر عێراق بكەوێ. وەك مەسعود حەیدەر، ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە (رووداو)ی گوت “ئەگەر بەغدا پابەند نەبێ بە داواكەی سندوقی نێودەوڵەتیی دراو، ئەوان بودجەی عێراق پەسەند ناكەن و سومعەی عێراق لە رووی داراییەوە تێكدەشكێ، بەشێوەیەك كۆمپانیا گەورەكان و بانكەكان ناتوانن مامەڵە لەگەڵ بەغدا بكەن”.

مەسعود حەیدەر دەشڵێت: “عێراق بۆ 2018 داوای 7 ملیار دۆلاری وەك قەرز لە سندوقی نێودەوڵەتیی دراو كردووە و ساڵانە حكومەتی عێراق قەرزی نێودەوڵەتی وەردەگرێ، ئەگەر عێراق پابەندی داواكانی بانكی نێودەوڵەتی نەبێ، رەنگە باجەكەی بۆ عێراق قورس بێ”.

بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2018 كە 88 ملیار دۆلارە، بەهۆی ناكۆكیی سیاسی و رازینەبوونی كورد بە بەشە بودجەكەی كە بەغدا 12.67%ی داناوە، نەك 17%، هێشتا لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەند نەكراوە، بەڵام پەرلەمانی عێراق گوێی لە داواكاری پەرلەمانتارانی كورد نەگرت و تاوەكو ئێستا دووەم خوێندنەوەی بۆ پرۆژە یاسای بودجە كردووە.

ئەندامانی كورد لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی پرسی مووچە و بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ عەبادی یەكدەنگ بوون. موسەنا ئەمین، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو بە (رووداو)ی گوت: “بە 10 شێواز بە عەبادیمان گوت مووچەی كوردستان بنێرە، هەر دەیگوت تاوەكو راپۆرتی لێژنەی وردبینی لە مووچەی فەرمانبەرانی كوردستانم بۆ نەیەت ناتوانم.  هەر كاتێك قسە لەسەر ناردنی مووچە دەكرا، عەبادی یەكسەر حاسیبەكەی دەردەهێنا و دەیگوت ئەستەمە”.

حەیدەر عەبادی، لەو كۆبوونەوەیەدا زیاتر لە جارێك باسی ئەوەی كردووە كە تۆماری فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان پاك نییە و بندیواری زۆری تێدایە و تاوەكو ئەو تۆمارانە وردبینی تێدا نەكرێ و پاك نەكرێتەوە، مووچە خەرج ناكرێ.

“پەرلەمانتارێك: كاتێ باسی مووچەمان لەگەڵ عەبادی دەكرد حاسیبەكەی دەردەهێنا و دەیگوت ناكرێ”

لە كۆبوونەوەی سەرۆكی فراكسیۆنە كوردستانییەكاندا لە ماڵی عەبادی بە فراوانی ئەم مەلەفە قسەی لەسەر كرا. موسەننا ئەمین دەڵێت: “بە عەبادیمان گوت: ئایا لیستی حەشدی شەعبی پاكە؟ ئایا لیستی وەزارەتەكانی عێراق پاكن؟ گوتم بەڕێز عەبادی، دوای ئەوەی بووی بە سەرۆكوەزیرانی عێراق، یەكەمجار كە هاتیتە پەرلەمان گوتت تەنیا لە وەزارەتی بەرگری 50 هەزار بندیوار هەن. بۆیە داوام  لێكرد وەك سولفەیەك مووچەی كوردستان بنێرێ و دواتر حیسابی لەسەر بكات”.

مالیكی دەبێتە بەدیل؟

بەپێی راپۆرتی رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی، عێراق یەكێكە لە دەوڵەتە هەرە لەپێشەكان لە رووی گەندەڵی و ناشەفافییەت. بەڵام دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە كوردستانییەكان، عەبادی لە ئەكاونتی خۆی رایگەیاندووە كە “داوای كردووە پەلە بكرێ لە وردبینیكردنی تۆماری مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان، تاوەكو مووچەیان خەرج بكرێ، بەڵام دەبێ گەرەنتی ئەوە بدرێ كە لە دابەشكردندا شەفافییەت هەبێ و شەڕی گەندەڵی بكرێ”.

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رەخنە لە قسەكانی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەگرێ و دەڵێت: “عەبادی هەندێ قسەی هەیە وەكو سیدی هەر كەسێ بڕواتە لای دووبارەی دەكاتەوە”.

وەك عەرەفات كەرەم باسی دەكات، پێدەچێ حیزبەكەی و لایەنە كوردستانییەكان كە زیاتر لە دوو مانگە لە چەندین ئاستەوە لە هەوڵدان بۆ ئەوەی پرسی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و كردنەوەی فڕۆكەخانەكان چارەسەر بكرێن، لە عەبادی بێ ئومێد بووبن، بۆیە دەڵێت “ئەوەی راستی بێت، عەبادی لە قامووسی ئێمەدا نەماوە، لە سەردەمی دەسەڵاتی عەبادی خوێنی كورد ڕژا، لانیكەم لەسەردەمی مالیكی خوێنی كورد نەڕژا!

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com