نوچەنێت
سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه ٤-٢-٢٠١٨، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له یان كۆبیش،نێرده‌ی تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ عێراق و ئه‌لیس والبۆل، جێگری نوێی نێرده‌ی تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ عێراق كرد.
بەپێی سایتی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، كۆبیش خۆشحاڵی خۆی به گفتوگۆكانی ئه‌م دواییه‌ی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، به‌تایبه‌تی ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ی له‌سه‌ر ئاستی باڵا له‌نێوان هه‌ردوو سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراقی فیدراڵ‌دا ئه‌نجام دراون، ده‌ربڕیوە و ئاماده‌یی خۆی بۆ هه‌ر هاوكاری و پشتگیرییه‌ك به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ی زیاتری ته‌كنیكیى نێوان هه‌ردوولا و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر پرسى ناردنی موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان و كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم، نیشان دا.
سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، سوپاسی پشتگیرییه‌كانی كۆبیشى بۆ گفتوگۆ و دیالۆگی ئه‌م دواییه‌ی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كردووەو، ئاماژه‌ی به‌وەداوە كه هه‌رچه‌نده هه‌نگاوی زۆر ماون بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، به‌ڵام ده‌ستپێكردنی گفتوگۆكانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدای به سه‌ره‌تایه‌كی باش بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆی جددیتری نێوان هه‌ردوولا زانیوە.