نوچە-ئیلنا
ئەنقەرە، راپۆرتی روانگەی مافەکامی مرۆڤ لە بارەی هێرش بۆ سەر ئاوارە سورییەکان لە لایەن سوپای تورکیا رەتدەکاتەوە.
لەبارەی راپۆرتی روانگەی مافەکانی مرۆڤ، سەبارەت بە هێرشی سوپای ئەم وڵاتە بۆ سەر خەڵکی مەدەنی و ئاوارەکانی عەفرین وناوچە کوردنشینەکانی سوریا، تورکیا هەڵوێستی وەرگرت و دەڵێت، تورکیا لە سەرەتای دەستپێکی شەڕی ناوخۆی سوریا تاکو ئێستا پەنای ٥.٣ ئاوارەی سوری داوە.
ئیبراهیم کالین، گوتەبێژی سەرۆککۆماری تورکیا، لە وەڵامی پرسیارێک دەربارەی راپۆرتەکەی روانگەی مافەکانی مرۆڤ، بە رۆژنامەنوسانی گوت، سەربازانی تورکیا بۆ پاراستنی پەنابەران لە سەر سنورەکان جێگیر کراون.
کالین جەخت لەوە دەکاتەوە، کە تورکیا هەر لە سەرەتای شەڕی ناوخۆی سوریا، سیاسەتی دەرگا کراوەکانی پەیڕەو کردووە.
هەر لەم پەیوەندیەدا، بەرپرسیێکی باڵای تورکیا بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی گوتووە، بێ گومان هیچ بەڵگەیەک بوونی نییە، کە بیسەلمێنیت سەربازانی تورکیا تەقەیان لەخەڵکی مەدەنی ناوچەکە کردبێت.
ئەم رێکخراوە نێودەوڵەتییە، سوپای تورکیا و هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئەم وڵاتەی بەوەتۆمەتبارکردووە، کە هێرش دەکاتە سەر خەڵکی مەدەنی عەفرین و ناوچە کوردنشینەکانی دیکەی سوریا، کە ئەم وڵاتەیان بەرەو سنورەکانی تورکیا جێهیشتووە.