نوچەنێت:تایبەت
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق، رایدەگەیەنێت، وەزیری کشتوکاڵی عێراق لەسەر داوای من. بڕیاری دا، بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری نوێکردنەوەی گرێبەستی زەویە کشتوکاڵییەکان بۆ عەرەبە هاوردەکانی کەرکوك، تاکو مادەی ١٤٠ جێبەجێ دەکرێت و کێشەکانیان یەکلایی دەکرێتەوە.
لە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە، جارێکی دیکە پرۆسەی بە عەرەبکردن، لە شاری کەرکوك دەستی پێکرد و، عەرەب ھاوردەی ئەو شارە كرانهوه و داویان لە کوردەکان دەکرد، دەستبەرداری زەوی و خانووەکانیان بن و چۆڵی بکەن، تا ئەوان دەستی بەسەردا بگرن.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری نوێکردنەوەی گرێبەستی زەویە کشتوکاڵییەکان بۆ عەرەبە هاوردەکانی کەرکوك، رایگەیاند”لەدوای رووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر، هەندێک جار هەندێک بڕیاری نایاسایی و نادەستوری لە دژی خەڵکی ئێمە لە ناوچانەکانی مادەی ١٤٠دەرکران، لەوانە نوسراوێکی بەڕێوبەرایەتی کشتوکاڵی کەرکوك، بە سود وەرگرتن لەنوسراوێکی بەرێوەبەرایەتی گشتی زەوی و زاری بەغدا، بەڵام ناوەڕۆکی نوسراوەکە بەو شێوەیە نەبوە، کە ئەوان بەشێوەیەک گشتاندنی بۆبکەن، کەرێگە بەعەرەبە هاوردەکانی پێش ٢٠٠٣ واتە بەعسییەکان بدرێت، بەنوێ کردنەوەی گرێبەستەکانیان”.
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ئەوەشی خستەڕوو، کە ئەو زەویانە پێش سەردەمی بەعس هی کوردبوونە و بەسەرعەرەبە هاوردەکاندا دابەشکراوە، بەڵام بەگەڕانەوەی کورد ناوچەکەیان چۆڵکرد و رایانکرد، بۆیە ئەوان ویستویانە سود لەم دەرفەتە وەربگرن، لەهەندێک شوێن چوو بونە سەر براجوتیارە کوردەکانی گوندەکانی ئێمە، بۆئەوەی چوڵی بکەن و ئەوان بگەڕینەوە سەری.
هەروەها گوتی”لەو پێناوەشدا لەگەڵ بەڕێز وەزیری کشتوکاڵی عێراق قسەم کرد و، توانیم رەزامەندی وەربگرم، بە پشتبەستن بە دوو بڕیاری تایبەت، بەوەی ناکرێت ئەو زەویانە نوێ بکرێنەوە، کە ئەویش بڕیاری ژمارە ٣٨ ی لیژنەی مادەی ١٤٠ لە ساڵی ٢٠٠٧، هەروەها بەپشتبەستن بە بڕیاری ژمارە ٢٩ ی ساڵی ٢٠١٢ ی حکومەتی عێراقی، کە ئەو دوو بڕیارە هەردوکیان باس لەوەدەکەن، نابێت ئەو گرێبەستانە بۆ عەرەبە هاوردەکان نوێبکرێنەوە، تاکو یەکلایی کرنەوەی ئەو ناوچانە بەیەکجاری”.
شاخەوان عەبدوڵڵا رایگەیاند، دوای پشتبەستن بەو بەڵگانە وەزیری کشتوکاڵی عێراق، لەسەر داوای من بڕیاریداوە ئەو گرێبەستانە نوێ نەکرێنەوە، تاکو مادەی ١٤٠جێبەجێ دەکرێت و کێشەکانیان یەکلایی دەکرێتەوە.