نوچەنێت: روداو
حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق ئاشکرایدەکات، لە سەروبەندی كۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس كە مانگی رابردوو لە سویسرا بەڕێوەچوو، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری لەسەر نەخشەڕێگایەك رێككەوتوون.
عەبادی لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ رۆژنامەیەكی میسری لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەڵێت: “سەرەتا دەمەوێ بڵێم بەشێكی كێشەی كورد مێژووییە، ئێمە رێز لە تێڕوانینەكانی كورد دەگرین، كێشەی كورد شەڕی سەرجەم حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق بووە، هەروەها كێشەیەكی نەتەوەییش هەیە، چونكە ئەوان چەند خاڵێكی نەتەوەییان هەیە، سەرەڕای قەیرانی نەوت و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، ئێستا كار لەسەر چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكان دەكەین”.
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەشڵێت: “ئێمە رەخنە لە نەبوونی شەفافییەت و لێپێچینەوە لە هەرێمی كوردستان دەگرین و بەڕێوەبردنی كاروبارەكان لەوێ رەتدەكەینەوە، چونكە بە شێوازێكی حیزبی بەڕێوەدەبرێن.”
سەبارەت بە نێوەڕۆكی كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی لە داڤۆس، عەبادی دەڵێت: “لەکاتی بەشداریكردنم لە كۆنگرەی داڤۆس چاوم بە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران كەوت و لەسەر نەخشەڕێگایەك رێكکەوتین، خوازیارم بەشێوەیەكی رێكوپێك جێبەجێبكرێت”.
هەر پەیوەست بەم بابەتە زیاتر دەڵێت: “هەندێك كەس نایانەوێ قەیرانەكە چارەسەربكرێت و سوورن لەسەر دامەزراندنی دەوڵەتێكی نەتەوەیی بۆ كورد، ئەمەش خەون و حەزە، بەڵام ئێمە ئەوە رەتدەكەینەوە. سووریشم لەسەر چارەسەركردنی تەواوی كێشەكان و سەپاندنی دەسەڵاتی فیدراڵی بەسەر هەرێم لەچوارچێوەی پابەندبوونمان بە دەستوور و یاسا”.
لە چوارچێوەی دەستپێكردنی 48ـەمین كۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس لە 24-1-2018 دا، حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە. ئەمەش دووەمین كۆبوونەوەی نێوانیان بوو لەدوای ئەنجامدانی گشتپرسییەکەی 25 ی ئەیلوولی 2017، چونکە چورا رۆژ پێشتر لە بەغداش کۆبوونەوە. ئەم کۆبوونەوانەش ئاماژەیەكن بۆ شكاندنی بەستەڵەكی نێوان هەولێر و بەغدا.