نوچەنێت: رووداو
بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی هەولێر رایدەگەیێنێت، لە بازگەی دێگەڵە تەقەی رووبەڕوویان بەرامبەر هیچ کەسێک نەکردووە و ئەوانەشی برینداربوون، برینداری شەڕە بەردن. دەشڵێت لە هێزەکانی ئاسایشیش بریندار هەن.
ئێوارەی رۆژی هەینی 2-2-2018 لە بازگەی دێگەڵە، گرژیی لەنێوان چەند هاونیشتمانییەک و هێزە ئەمنییەکانی بازگەکە دروستبوو.
تاریق نووری، بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی هەولێر بە (رووداو)ی رایگەیاند “نزیکەی 400 کەس زیاتر هاتنە بازگەی دێگەڵە و دەیانویست بەبێ رێوشوێنی یاسایی و پشکنین داخڵی هەولێر ببن”.
وەک ئەوەی بڵاوکراوەتەوە، ئەو کەسانە خۆبەخش بوون و ویستوویانە لە هەولێرەوە بچنە عەفرین. بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی هەولێر دەڵێت “بەڵام رازی نەبوون بەوەی کاری یاسایی خۆمان بکەین و دەیانویست بەشێوەی فەوزەوی داخڵ بن، بۆیە گرژیی دروستبوو”.
بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی هەولێر رەتیدەکاتەوە تەقەی راستەوخۆ لەو هاونیشتمانییانە کرابێت و ئەوانەی برینداربوون برینداری فیشەک بن و دەڵێ “تەقەی هەوایی کراوە بۆ بڵاوەپێکردنیان و کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، بەڵام بەهیچ شێوەیەک تەقەی راستەوخۆ نەکراوە و ئەوانەشی بریندار بوون برینداری فیشەک نین، بەڵکو ئەوان بەردیان گرتووەتە هێزە ئەمنییەکان و ئەوانیش هەر بەوشێوەیە وەڵامیانداونەتەوە و لە هێزەکانی ئاسایشیش بریندار هەن کە بەرد و داریان بەرکەوتووە”.