نوچەنێت-آفتاب
بەرپرسانی کوردی سوریا داوا لە ئەڵمانیا دەکەن، کە رێگری لە بەکارهێنانی دەبابەکانی ئەم وڵاتە لە لایەن تورکیاوە بکەن.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئەڵمانیا لە سەر زاری سولێمان جەعفەر، سەرۆکی ئەنجومەنی خۆجێی کوردەکان لە عەفرین گواستوویەتیەوە: تورکیا بۆ هێرش بۆ سەر خەڵکی مەدەنی و خاپوورکردنی گوند و ناوچەکانی سەر بە عەفرین دەبابەکانی ئەڵمانیا بەکار دێنێ. ئەم بەرپرسە کوردە ئەوەش دەخاتەڕوو، کە ئەم هێرشانە لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا توندتر بۆتەوە.
سولێمان جەعفەر، بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئەڵمانیای گوتووە: داوا لە دەوڵەتی ئەڵمانیا دەکەین، گوشار بخاتە سەر دەوڵەتی تورکیا تاکوو لە هێرش بۆ سەر عەفرین و کوشتاری خەڵکی ئەم ناوچەکە، دەبابەکانی ئەڵمانی بەکار نەهێنێ.
سەرۆکی ئەنجومەنی خۆجێی عەفرین دەشڵێت: سوپای تورکیا بە تۆپخانە، ژن و منداڵی عەفرینی کردۆتە ئامانج.
دوابەدوای بڵاو بوونەوەی راپۆرت و هەواڵی پەیوەست بە بەکارهێنانی دەبابەکانی ئەڵمانی لە لایەن تورکیاوە لە میانەی ئۆپەراسیۆنی چڵی زەیتون، پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئەم وڵاتە خوازیاری راگیرانی هاوکاریە سەربازیەکانی بەرلین بۆ ئەنقەرە بوونە.
بەکارهێنانی ئەو تانکانەی، کە لە لایەن ئەڵمانەوە رادەستی تورکیا کراون، کاردانەوەی رای گشتی بەدواوە بووە.