نوچەنێت: تایبەت
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان بازگەی نایاسایی هەیە و پارە لە خەڵک وەردەگرن. دەشڵێت “لە هەردوو زۆنی سەوز و زەرد دا دەکرێت”.
چوار ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، رایدەگەیەنن بەناوی پێشمەرگەوە لەچەند شوێنێکی جیاواز پارە لەخەڵکی وەردەگیرێت، لەلایەن چەند کەس و کۆمپانیایەکەوە، ئەوەش بارگرانی لەسەر شانی خەڵکی دروستکردووە.
پەرلەمانتاران، عیزەت سابیر، عەلی حەمەساڵح، ساڵح فەقێ، شێرکۆ جەودەت، یاداشتێکیان ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە، بۆ بەداوادچوونی ئەو پرسە و دەڵێن، لە خاڵە سنورییەکانی باشماخ، حاجی ئۆمەران، پەروێزخان، ئیبراھیم خەلیل، چەندین کۆمپانیا بەناوی پشکنین و سۆنارەوە، پارە وەردەگرن، و مانگانە چەندین ملیۆن دۆلار کۆدەکەنەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، دکتۆر شێرکۆ جەودەت، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەفراکسیۆنی یەکگرتوو، لەبارەی بازگە و باجی نایاسایی لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند: لە سەردانێکی مەیدانی بۆمان روونبووەتەوە، کە لە نێوان هەولێر ـ موسڵ، لە خازر، دهۆک ـ موسڵ و کەرکوک ـ سلێمانی لای قەرەهەنجیر، بازگەی نایاسایی هەیە و باج وەردەگیرێت.
شێرکۆ جەودەت دەڵێت، لەسەردانمان بۆ خازر، لەو بازگە نایاساییە چەکداری لێبوو، فەرمانبەرەکانی ئەوێ گوتیان سەر بە کۆمپانیای کۆریدۆرین. هەروەها کەرەڤانەیان هەبوو و بۆ هەر تانکەرێکی نەوت هەزار دۆلار و بارهەڵگری ئاسن پێنجسەد دۆلار و بارهەڵگری پۆڵا چوارسەد دۆلاریان لێ وەردەگرت.
ئەو پەرلەمانتارە گوتی، پرسیارمان لە حکومەتی هەرێم و بەڕیوەبەری گومرگی هەرێم کردووە، گوتیان یەک دیناری بۆ حکومەتی هەرێم نییە. دەشڵێت “ئەو کۆمپانیایە پشتیوانی هەیە، چونکە بەبێ پشتیوانی ناکرێت و لە هەردوو زۆنی سەوز و زەرد دا دەکرێت”.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری و وەبەرهێنان ئاماژە بەوەدەکات، کە لە رێگەی پەرلەمانەوە داوامان کردووە لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، لەم مەسەلەیە بکۆڵێتەوە. لەبەر ئەوەی ئەمە وەکو سەرانە وایە و پارەکە بۆ حکومەت ناگەڕێتەوە.
شێرکۆ جەودەت ئەوەشی خستەڕوو، کە لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە ئەم بازگانە دانراون و پارە لە خەڵک وەردەگرن. گوتیشی لە ئەو بازگانە هێزی ئەمنی هەرێمی کوردستانیشی لێیە.
پەرلەمانتارەکە زیاتر روونیکردەوە و گوتی، بابەتەکەمان گەیاندۆتە سەرۆکایەتی پەرلەمان، بۆ ئەوەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران ئاگادار بکاتەوە و رێگە نەدرێت بەو شێوەیە ئەو دزییە بکرێت. دەشڵێت “بەڕێوەبەرایەتی گۆمرگی هەولێر ئاگادارە و گوتوویانە پارەکە بۆ حکومەتی هەرێم نییە”.

