لێکۆڵینەوە لە ١٦ی ئۆکتۆبەر، دەست پێدەکات

0

نوچەنێت:تایبەت

سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لەپەرلەمانی کوردستان، رایدەگەیەنێت، بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لەرووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، لەپەرلەمان لیژنەیەک پێکهێنراوە و نوێنەری سەرجەم فراکسیۆنەکانی تێدایە.

بەهۆی رووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەرەوە، بەشێکی زۆری خاکی هەرێمی کوردستان، لەلایەن حەشدی شەعبی و هێزە میلیشیاکان و سوپای عێراق، داگیرکرا. بەو هۆیەوە ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی ئاوارەی شارەکانی باشوری کوردستان بوون، تائێستاش دۆخی ئەمنی ئەو ناوچانە ئاسایی نەکراوەتەوە.

لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، شیلان جەعفەر ئەندامی فراکسیۆنی پارتی و سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان، رایگەیاند”پێش ئەوەی من وەکو سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە دەستبە کاربم، برادەران لە لیژنەی پێشمەرگە سەردانی ھەندێ میحوەریان کردبوو، زانیارییان لەبارەی رووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر، کۆردبۆوە. بەشێکی زۆر لەزۆنی سەوز تەواو بووە. ئەوەشی کەماوە تەواو دەکرێت، دوای تەواو بوونی راپۆرتەکە، ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت”.

شیلان جەعفەر دەڵێت”جگە لە لیژنەی پێشمەرگە، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لەرووداوەکانی  ١٦ ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، لیژنەیەك لەپەرلەمانی کوردستان پێکهێنراوە و نوێنەری سەرجەم فراکسیۆنەکانی تێدایە، لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە راسپێردراون، کە سەردانی سەرجەم میحوەرەکانی پێشمەرگە بکەن، بۆئەوەی راپۆرتی خۆیان لە سەر رووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر ئامادەبکەن”.

سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لەپەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوەدەکات، کە بڕیار بوو ئەولیژنەیەی، بۆ لێکۆڵینەوە لەرووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر پێکهێنرابوو، لەم هەفتەیەدا سەردانی میحوەرەکان بکەن، بەڵام بەهۆی دانیشتنی پەرلەمانەوە نەکرا.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com