نوچه‌نێت:تایبەت
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌غدا بڕیاری داوه له‌مه‌ودوا تۆڕی مۆبایله‌كانی هه‌رێمی كوردستان، نه‌توانن په‌یوه‌ندی به تۆڕی نۆرماڵی ناوخۆ بكه‌ن.
له چه‌ند ڕۆژی رابردودا ، حكومه‌تی عێراق له رێگه‌ی تۆڕی راگه‌یاندنی عێراقییه‌وه، په‌یوه‌ندی كردنی نێوان تۆڕه ناوخۆی ییه‌كان و كۆمپانیاكانی مۆبایلی له هه‌رێمی كوردستان راگرتوه.
له لیدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، ئومێد محەمەد، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان، سه‌باره‌ت به بڕیاره‌كه‌ی به‌غدا بۆ راگرتنی په‌یوه‌ندی نیوان مۆبایل و تۆڕی نۆرماڵی ناوخۆی هه‌رێم رایگه‌یاند، له ماوه‌ی رابردودا له‌لایه‌ن تۆڕی گواستنه‌وه و راگه‌یاندی عێراقییه‌وه ئاگاداركراینه‌وه، به پچڕاندی په‌یوه‌ندی نیوان كۆمپانیاكانی پەیوەندی(كۆڕه‌ك ، ئاسیا ، زه‌ین) بۆ تۆڕی نۆرماڵی ناوخۆیی هه‌رسێ پارێزگاكه‌ی هه‌رێم ، ئیستا ناتوانرێت بە مۆبایل، په‌یوه‌ندی به تەلەفۆنی نۆرماڵی ماڵانه‌وه بكرێت.
ئومێد محەمەد دەڵێت، وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی هه‌رێم له رۆژی ٢٥ی مانگی رابردوه‌وه، به نوسراوی فه‌رمی وه‌ڵامی ئه‌و سزایه‌ی به‌غدای داوه‌ته‌وه. نوسراوه‌كه‌مان له رێگه‌ی نوێنه‌رایه‌تی هه‌رێمه‌وه له به‌غدا ئاراسته‌ی لایه‌نی عێراقی كردووه، بۆ راگرتنی ئه‌و هه‌نگاوه نایاساییه چونكه تۆڕی ناوخۆیی خزمه‌تگوزاریه‌كی گشتی یه و هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به كۆمپانیاكانی مۆبایله‌وه نی یه.
ئومێد محەمەد ئەوە ئاشكرا ده‌كات، کە تا ئێستا به‌غدا وه‌ڵامی نوسراوه‌كه‌ی نه‌داونه‌ته‌وە” ئه‌گه‌ر ئه‌و سزایه به‌رده‌وامبێت و هه‌ڵنه‌گیرێت، ئه‌وا له دادگای ئیتحادی سكاڵا دژی ئه‌و هه‌نگاوه نایاسایه تۆمارده‌كه‌ین”.