نوچەنیت
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، ئەندامی مەكەتەبی سیاسی یەكێتی رەخنەی توند لە ئەندامانی سەركردایەتی حیزبەكەی دەگرێت، كە توانای رێکكەوتن و بڕیاردانیان نییە و دەڵێت، یەكێتی ئەوەندە ئاراستە و باڵی هەیە. ئەگەر بەمشێوەیە بچێتە كۆنگرەوە كێشەكان ئاڵۆزتر دەبن.
ئهمڕۆ پینج شهممه١-٢-٢٠٢٨، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، لە لێدوانێكیدا بۆ ڕادیۆی دەنگی ئەمریكا گوتی ” ئەگەر رێکكەوتنی پێش وەختەی ئەو چل پەنجا كەسەی سەركردایەتی لەنێوان خۆیاندا نەبێت و بەم دۆخەوە بچنە ناو كۆنگرە، كۆنگرەیان پێناگیرێت، یان ئەو كۆنگرەیە، كۆنگرەی تێكدان دەبێت نەك یەكڕیزیو گەڕانەوەی یەكێتی بۆ گۆڕەپانەكەی ئەو مێژووە سەروەریەی هەیەتی.
شێخ جەعفەر، بەوە ناسراوە کە رەخنە دەگرێت و لەم دۆخەی یەکێتی ناڕازییە، رایدەگەیەنێت “من خۆم سەر بەهیچ باڵ و ئاڕاستەیەك نیم، بەڵام لەناو یەكێتیدا گروپ گروپ دابەشبوون و یەکیان گرتووە، ئیتر نازانم ئەجێندای یەكگرتنەكەیان چییە؟ بەرژەوەندییە، یا دەسكەوتە نازانم بەخوا”.
سەرکردەکەی یەکێتی ئەمجارە رووی رەخنە ئاراستەی ماڵی مام جەلال دەکات ” زۆر حەزمان دەكرد ماڵی مام جەلال بیانتوانیایە، یەكێتی ناو یەكێتی بپارێزن. بەڕاستی كە كاك پاڤێلیش هاتەوە گوتی، من كوڕە گەورەی مام جەلالمو دەمەوێت وەك مام جەلال یەكێتی رێك بخەمەوە. ئێمە زۆرمان پێخۆش بوو زۆرمان هاوكاریكردو پێمان گوت، هەرچیمان لەدەسەڵات بێت یارمەتیت دەدەین. تا بتوانی یەكێتی یەك بخەیتەوە، بەڵام بەداخەوە نەیتوانی هیچ هەنگاوێك هۆكاری نەتوانینیشی بێ ئەزمونی بوو، یاخود ئەو سیفەتەی تێدا نەبوو”.
شێخ جەعفەر ئاڵۆزییەکی تری دۆخی یەکێتی دەخاتەروو-و کە ئەوەی دەیبیستێت بە سیاسەتی یەکێتی ئەژمارناکرێت”هیچ باڵێكی ناو یەكێتی، بڕیاری بەدەست نییە. زۆرم پێ سەیرە کە جاری واهەیە لەڕاگەیاندنەكانەوە دەبینم دەڵێت، یەكێتی وایكرد، یەكێتی وابوو. هیچ كەس شتی بەدەست نییە. ئەمڕۆ هەركەس قسەی كرد لەناو یەكێتیدا، قسەی شەخسی خۆیەتی نەسیاسەتی یەكێتییە نە تەمسیلی یەكێتی دەكات. نە ئێمەش و نە كەسوكاری شەهیدان و نە پێشمەرگەش حسابی لەسەر دەكات، كە ئەوە سەركردەیەكی خاوەن بڕیار بێت”.