نوچەنێت
سەنتەری دیموکراسی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان، ئاماری قوربانیانی هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرین، بڵاو دەکاتەوە.
لەرۆژی ٢٠-١-٢٠١٨وە سوپای تورکیا، بەناوی ئۆپەراسیۆنی چڵەزەیتون، هێرشی بۆسەر شاری عەفرین لەرۆژئاوای کوردستان، دەستپێکردووە. لەم هێرشەدا هێزی ئاسمانی و زەمینی بەکار دەهێنرێن.
بەپێی راگەیەندراوێکی سەنتەری دیموکراسی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان، کە رۆژی چوارشەممە ٣١-١-٢٠١٨، بڵاوکرایەوە، تورکیا ماوەی ١٢ رۆژە بەردەوامە لەسەر بۆمباباران کردنی شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستان، بەو هۆیەوە دەیان هاوڵاتی بوونە قوربانی.
سەنتەری دیموکراسی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان دەڵێت، هەروەها بەهۆی کەوتنە خوارەوەی مووشەکێک بەسەرماڵی هاوڵاتییان لە گەڕەکی ئەشرەفییە لە عەفرین، پێنج کەس گیانیان لەدەستداوەو ١٢ کەس بریندار بوون.
هاوکات، دکتۆر جوان محەمەد، بەڕێوەبەری کارگێری نەخۆشخانەی ئاڤرین، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەماوەی هێرشی تورکیا بۆسەر عەفرین، تائێستا ٧٦ بریندار و ٤٧ شەھید تۆمارکراون. بریندارەکان باری تەندروستیان لەمەترسیدایەو، زۆر بەیان ئەندامانی جەستەیان لەدەستداوە.
دکتۆر جوان، دەڵێت، ژمارەی بریندارەکان رۆژ بە رۆژ زیاد دەکات. فشارێکی زۆر لەسەر نەخۆشخانەکە ھەیە. لەئێستادا ٧٦ کەسی سڤیل لەژێر چاودێری وردی تەندروستیدان، کە ١٧ منداڵ و ١٤ ئافرەت و ٤٥ پیاون.
لەبارەی ژمارەی شەهیدانی هێرشەکەی تورکیا، گوتی، شەهیدەکان ١٦ منداڵ و ١١ ژن و ٢٠ پیاون.