نوچهنێت
دوای ئەوەی کە سوپای تورکیا بەرەو عەفرین پێشڕەوی کرد، سەرچاوە خۆجێیەکان، باسیان لە دانوتسانی کورد لەگەڵ دەوڵەتی سوریا بۆ رادەستکردنی عەفرین بە سوپای ئەم وڵاتە کرد.
چەند بەرپرسێکی سوری بە رۆژنامەی” ئیزۆسیتا “ی چاپی مۆسکۆیان گوتووە، ئەگەری هەیە کوردەکان کۆنتڕۆڵی عەفرین ڕادەستی هێزەکانی سوریا بکەن. ئەم زانیارییانە لەلایەن چەند سەرچاوەیەکی دیبلۆماسی رووسیا پشتڕاست کراوەتەوە.
فەرهاد پاتیێف، سەرۆکی ئەنجوومەنی فیدڕاڵی نیشتمانی و کولتووری دەوڵەتی خۆبەڕێوەبەری کورد لە سوریا، بە رۆژنامەی ئیزۆستیای گوتووە، لە ئێستادا دانوستان و گفتۆگۆ لە سەر پرسی رادەستکردنی عەفرین بە سوپای سوریا لە ئارادایە. لە وەزارەتی بەرگری سوریاش گوتراوە، هەر کات پێویست بکات، سوپای سوریا دەچێتە ناو عەفرینەوە. ئەگەر ئەم بابەتە وە ڕاست بگەرێ، مانای وایە کە شەڕ لە نێوان سوپای تورکیا و هێزکانی کورد لە باکووری سوریا کۆتایی دێ.
بەرپرسێکی کورد بە ئیزۆستیای گوتووە، ئێمە ئامادەین، کۆنتڕۆڵی ئەو هەرێمە ڕادەستی دیمەشق بکەین، بەو مەرجەی کە بەرژەوەندییەکانمان گەرەنتی بکرێت.
لە ناوەندە دیپلۆماسیەکانی رووسیا دەگوترێ، کە تاکو ئێستا رێککەوتنی کۆتایی لە سەر پرسی ڕادەستکردنی شار عەفرین بە دەوڵەتی سوریا نەکراوە، بە گوتەی سەرچاوە دیبلۆماسیەکان، مۆسکۆ ڕۆڵی نێوانگیر دەگێڕێ و لە هەوڵدایە بڕوا بە کورد بهێنێت.
جەنەڕاڵ زەمیر سولێمان، سەرۆکی بەشی هەواڵگری سیاسیی لە وەزارەتی بەرگری سوریا، دەڵێت، چوونی سوپای سوریا بۆ عەفرین بە دۆخی ناوچەکەوە گرێدراوە، ئێمە بۆ چوون بۆ عەفرین مۆڵەت لە کەس وەرناگرین. ئەمە مافی سوپای سوریایە ئەگەر بە پێویستی زانی، هێز ڕەوانەی ناوچەکانی سوریا بکات.
رودی عوسمان، نوێنەری کوردەکانی سوریا لە مۆسکۆ پێشتر گوتویەتی، کە لایەنی رووسی پێشنیاری ڕادەستکردنی عەفرینی کردووە، بەڵام لە لایەن هێزەکانی یەپەگە ڕەتکراوەتەوە.
ڕادەستکردنی عەفرین، بەهێزترین سیناریۆیە
پێدەچێ بە هۆی لاسەنگبوونی بەرەکانی شەڕ لە عەفرین، روانگەی کوردەکان گۆڕابێت. بۆریس داڵگۆف، شرۆڤەکاری سیاسیی لە سەنتەری دیراساتی عەرەبی و ئیسلامی، سەر بە ئەنیستیتۆی ڕۆژهەڵاتناسی ئەکادیمیای زانستەکانی رووسیا، رای وایە کە ڕادەستکردنی عەفرین بەهێزترین سیناریۆیە.
داڵگۆف دەڵێت، دیارە وەها بڕیارێک لە لایەن کوردەوە، نابێتە رێگر لەبەردەم بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆن و هێرشەکانی سوپای تورکیا، بەڵام هەل ومەرج بۆ دانوستان لەم بارەوە فەراهەم دەکات. تەنانەت ئەگەر کورد و دیمەشق لە بارەی عەفرین نەگە رێککەوتن، بەرپرسانی ئەنقەرە بە ئەگەری زۆر کۆمەڵێک مەرج لەبارەی داهاتووی هەرێمەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد دیاری دەکەن، بە گوتەی داڵگۆف، تورکیا زیاتر لە هەموو کاتێک پێویستی بە ئارامی و سەقامگیری هەیە بە درێژایی سنورەکانی.
کوردەکان بە باشی درکیان کردووە، کە لە ئەگەری رێکنەکەوتنیان لەگەڵ دیمەشق، دۆخەکە بەرەو خراپتربوون دەڕوا، هاوکات هیواکان بۆ دانوستان لەگەڵ مۆسکۆش لە کیس دەچێت. پێدەچێ بە ئەنجام گەیشتنی ئەم ئەگەرانە پێویستی بە کات و گفتوگۆی زیاتر بێت.
ئەمریکا لە کوێی هاوکیشەکەدایە؟
تێگەیشتن لە ستراتیژییەت و سیاسەتی ئەمریکیەکان بەرامبەر بە کورد، لە سوریا، گەلێک ئاڵۆز وئەستەمە. ئیدارەی ترەمپ ،ستراتیژ و سیاسەتێکی یەک دەست و درێژماوەی، بەرامبەر بە پرسە هەستیارەکانی ناوچە نییە. پێدەچێ ئەمریکا تا ئەو کاتەی پشتی کورد بگرێت، کە کوردەکان رۆڵی خۆیان بۆ دەربازکردنی سوریا بەرەو قۆناغێکی سیاسی نوێ بە تەواوی ئەنجام دانێت.لەم گۆشەنیگایەوە،هاوکاری ئەمریکا بۆ کوردەکان زیاتر لایەنی تاکتیکی هەیە تاکو ستراتیژی.
ئەمریکییەکان، بەر لەوەی چەک و تەقەمەنی و یارمەتی سەربازی رادەستی هێزەکانی کورد و عەرەب بکەن. لە گفتوگۆ لە گەڵ تورکەکان جەختیان کردۆتەوە، کە دواتر هەموو چەکەکانیان لێ وەردەگرنەوە، بەڵام ئەمە رواڵەتی بابەتەکەیە.بە سەرنجدان بە ئەزمونی عێراق،ئەمریکا لە سوریا ش چەکەکانی رادەست ناکرێتەوە. سەرباری ئەمەش،ئەم چەکانە رەنگە بۆ روو بە رووبوونەوە لە گەڵ هەڕەشە و ئەگەرەکانی دیکە بەکاربهێنرێن. لەم رەهەندەوە،دەکرێ بگوترێ، ئەمریکا لە درێژخایەندا. جەخت لە سەر بەپرسایەتی کوردەکان بەرامبەر بەم چەکانە دەکاتەوە
شەڕی بە وەکالەتی ئەمریکا و رووسیا
کاتێک فڕۆکەشەڕکەرەکانی تورکیا، گەیشتنە هەرێمی ئاسمانی عەفرین و تانکەکان لە زەمینەوە بەرەو ناوچەکە رەوانە کران،هیچ کەس گومانی نەما کە ئەم ئۆپەراسیۆنە بە گڵۆپی سەوزی روسیا دەستی پێکرد.
روسیا بۆ ئەم گڵۆپەی هەڵکرد؟
بە گوتەی ئالدار خەلیلی ،ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەری بزووتنەوەى کۆمەڵگەى دیموکراتى ( تەڤدەم)، هۆی هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرین،رەتکردنەوەی پێشنیاری روسەکان بووە بۆ رادەستکردنەوەی عەفرین.ئاڵدار خەلیل دەڵێت، روسیا پێی راگەیاندین عەفرین رادەستی سوپای سوریا بکەین، لەبەرامبەردا تورکیا ئۆپەراسیۆنەکانی کۆتایی پێدێنی.ئێمە لە دژی ئەم پێشنیارە وەستاینەوە.
بە گوتەی ئاڵدار خەلیل، هۆشدارییان دایە هێزەکانی یەپەگە،ئەوان بەرخۆدانیان هەڵبژارد، دواتر تورکیاش هێرشەکەی دەستپێکرد.
هەڵوێستی رووسیا نیشانی دەدات، کە پشکی سوریا لەم یارییە بۆ مۆسکۆ بە بەراورد لە گەڵ ئەمریکا،زیاتر وگرنگیەکی زۆرتری هەیە.روسیا هەلێکی باشێ دەستکەوت تاکووناتۆ لاواز بکات و بە نیشاندانی رەزامەندی خۆی لە سەر ئەم هێرشە،ململانێ و ناکۆکیەکانی تورکیا وئەمریکا زیاتر بکات.گرنگی شەڕی بە وەکالەتی روسیا لە دژی ئەمریکا، لەم رووەوە زیاتر بۆی دەردەخات.
لەو رووەوە کە ژمارەی پرسیارەکان بە بەراورد لە گەڵ وەڵامەکان، لە ئێستادا زیاترە،تێپەرێنی کات یارمەتی بە روون بوونەوەی لایەنەکانی ئەم شەڕە بە وەکالەتەی نێوان مۆسکۆ و واشنتۆن لە سەر خاکی سوریا دەکات.
نیگەرانیەکانی تورکیا
سەرباری روانگەی ئەمنی تورکیا بۆ پرسی کورد ،نیگەرانییەکی دیکەی ئەنقەرە، ئەو چەک و جیهازانەیە کە لە لایەن روسیا و ئەمریکا، رادەستی کوردەکان کراوە. بە تایبەت کە دڵنیایە لەوە کە ئەم چەکانە هەر جۆنێک بێت لە ناوخۆی تورکیا لە دژی بەکار دەهێنرێت. مۆسکۆ و واشنتۆن، کورد وەک کارتێک بەکار دێنن،بەڵام دەبێ سەرنجی ئەوەش بدرێ کورد لە داهاتووی ئەم ململانێێە دیسانەوە چاوی لە سەرە.
ئۆپەراسیۆنی سەربازی تورکیا و گروپەکانی دیکەی ژێر پشتیوانی ئەنقەرە لە دژی کورد،لە لایەک دەرخەری ئەوە راستیە-یە کە ئەمریکا هاوبەشێکی جێی متمانە نییە و، لە لایەکی دیکەوە،نیشانی دا کە ئۆپۆزسیۆنی سوریا تا چ رادەیەک لە ژێر کاریگەری ئەنقەرەدایە کورد حەپەساوە.
هاوکاری روسیا لەگەڵ تورکیا، زیاتر لە قازانجی مۆسکۆیە، هاوکاری روسیا لە گەڵ کورد هیچ کات درێژماوە و ستراتیژی نەبووە. لە نموونەی عەفرین ئەم بۆشایی و لاوازییە خۆی دەرخست.
د.ماگزیم ساچکۆف،شرۆڤەکاری ئەنیستیتۆی ئەنجومەنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بە ئاماژەدان بە بێ هەڵوێستی و خەمساردی روسیا بەرامبەر بە چاوەڕوانی کوردەکان،دەڵێت، پەیەدە بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت،هیوای بە مۆسکۆ نەماوە.
دکتۆر ماگزیم لە وتارێکدا نوسیویەتی، بڕیاری ئیحساسی کوردەکانی سوریا، لەوانە سەرکۆنەکردنی روسیا بۆ ئەم بێ هەڵوێستییەی،یان هەڕەشە بۆ پێداچوونەوە بە پەیوەندیەکانیان لە گەڵ مۆسکۆ ،کار ناکاتە سەر ئەجێندای روسیا.
بە بۆچوونی ماگزیم،روسیا ئێستاش پێیوایە، کە دەبێ چارەسەرێکی ناوەندی بۆ عەفرین بدۆزرێتەوە.ئەویش رادەستکردنی شارەکەیە بە دەوڵەتی مەرکەزی سوریا.
ساچکۆف جەخت لەوە دەکاتەوە، کە روسیا لە مەسەلەی عەفرین،بە پارێزەوە هەنگاو دەنێ و مەودای خۆی بە شێوەیەکی یەکسان لە گەڵ داواکاری توندڕەوانەی تورکەکان و چاوەڕوانی کوردەکان لەم قەیرانە دەپارێزێت.
سەرچاوە: