ئەحمەد عەسکەری، لەسەر دۆخی ئەمنی کەرکوك قسەدەکات

0

نوچەنێت: تایبەت

ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوك رایدەیەنێت، ئاسایی کردنەوەی کەرکوك، پەیوەندی بەئەمنیەتەوە هەیە و تەنها بە پۆلیسی فیدڕاڵی ناکرێت.

لە دوای روداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو، دۆخی ئەمنی شاری کەرکوک لەدەستی هێزەکانی حەشدی شەعبیدایە، لەچەند رۆژی رابردوو بە بڕیارێکی حکومەتی عێراق، وەک دەگوترێ بۆ ئاساییکردنەوەی کەرکوك  هێزەکانی حەشدی شەعبی لەکەرکوك، چونەدەرەوە و لەشوێنی ئەوان پۆلیسی فیدڕاڵی کۆنتڕۆڵی ئەمنی شارەکەی پێسپێردرا. 

لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، ئەحمەد عەسکەری ئەندامی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوك، لەبارەی هاتنی پۆلیسی فیدڕاڵی بۆ شاری کەرکوك رایگەیاند”دۆخی ئەمنی شاری کەرکوك، وەک خۆی ماوەتەوە. هەرچەندە ئەو هێزەی کە هاتووە هێزێکی نیزامی یە و جیاوازە لە حەشدی شەعبی، بەڵام لەبەر ئەوەی هێزێکی نامۆ و ناشارەزایە، هەموو خەڵکە کە سیقەی بەو هێزەنییە بۆ ئەوەی زانیارییان پێ بدەن،  بۆیە لەو بڕوایەدانیم، کە بەهاتنی ئەو هێزەش هیچ لەدۆخەکە بگۆڕێت”.

عەسکەری دەڵێت”ئاسایی کردنەوەی کەرکوك، پەیوەندی بەئەمنیەتەوە هەیە و تەنها بە پۆلیسی فیدڕاڵی ناکرێت، باشتر بوو لەجیاتی هێنانی ئەو هەموو هێزە بۆ کەرکوك، هەندێک پۆلیسی کەرکوکیان زیاردکردایە و رێگەیان بدایە بەئاساییش هاوکاریان بوونایە، بۆئەوەی بەیەکەوە بەهاوبەشی کاریان بکردایە”.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوك، پێی باشە لە ناو دەزگا ئەمنیەکاندا سوڵتەی کەرکوك زیاد بکرێت، لە هەموو نەتەوەکان و تەوازونی تیارابگیرێت، بەڵام خەڵکی دڵسۆز بچنە ناو ئەو هێزانەوە، هەروەها پۆلیس بەشێوەی ئەکادیمی ئیش بکات، هێزەکانی ئاسایش زیاد بکرێت و لەگەڵیان بێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com