نوچەنێت
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 31-1-2018، دیاردەیەکی گەردوونی دەگمەن لە ئاسمان روودەدات و دانیشتووانی سەر زەوی بەشێوەیەكی جیاوازتر مانگ دەبینن. دیاردەکە بریتییە لە روودانی چەند شتێک پێکەوە، وەک مانگیران، مانگی شین (بلوموون)، مانگی خوێنین (بلودموون) و مانگی پڕ (سووپەرموون).
ئەژی چەتۆ، سەرۆكی رێكخراوی فەلەكناسی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: “لە 31ی ئەم مانگە دانیشتووانی سەر زەوی بەشێوەیەكی جیاوازتر مانگ دەبینن. مانگ خۆی دەگیرێ. جگە لەوە مانگ لە هەموو کاتێک زیاتر لە زەوی نزیكدەبێتەوە، بۆیە مانگگیرانەكە زۆر بەڕوونی دەبینرێت”.
سەرۆكی رێكخراوی فەلەكناسی كوردستان باسی لەوە كرد کە دیاردەی مانگگیرانەكە دەبێتە هۆی ئەوەی مانگ بە دوو رەنگی جیاوازی سوور و سپی دەربكەوێت. گوتیشی: “تەواوی دیاردەكە نزیكەی كاژێر و نیوێک دەخایەنێت، خەڵكی كوردستانیش بەشێكی مانگگیرانەكە دەبینن”.
هاوکات هەرێم عومەر کاکل، جێگری سەرۆکی رێکخراوی فەلەکناسی کوردستان لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی نووڕۆژی رووداو رایگەیاند: “رووداوەکە مانگگیرانی تەواوە لە هەموو جیهان، بەڵام لە باشووری کوردستان نیمچە مانگگیران روودات. هاوکات (بلوموون) مانگی شین، (بلودموون) مانگی خوێنین و (سووپەرموون) مانگی پڕ روودەدەن”.
هەرێم عومەر لەبارەی هەرسێ دیاردەکە روونکردنەوەی دا و گوتی: “هەموومان دەزانین مانگگیران واتا سێبەری زەوی دەکەوێتە سەر مانگ. مانگی شین (بلوموون) بەواتای رەنگکردنی مانگ نییە، بەڵكو مانگ لەیەک کاتدا دووجار دەبێتە تابان لە مانگی رۆژژمێریدا، واتە لە 1-1-2018 مانگ بوو بە 14، واتە تابان، هاوکات سبەی چوارشەممە 31-1 مانگ جارێکی دیکە دەبێتەوە تابان. دواتر (بلودموون) مانگی خوێنین دێت، لەم کاتەدا بەتەواوەتی مانگ دەکەوێتە تاریکایی سێبەری زەوی. مانگی پڕ (سووپەرموون)یش واتە مانگ لە هەموو کاتێک زیاتر لە زەوی نزیکدەبێتەوە و دوورییەکەیشی 360 هەزار کیلۆمەتر دەبێت”.
جێگری سەرۆکی رێکخراوی فەلەکناسی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە دیاردەکە دەگمەنە و %14 مانگ بە قەبارەی گەورەتر دەبینرێت. باسی لەوەش کرد کە دیاردەی بلوموون پێشتر روویداوە. دوو ساڵ جارێک یان سێ ساڵ جارێک دووبارەدەبێتەوە. لەبارەی بەیانیش کە هەرسێ دیاردە پێکەوە روودەدەن، رایگەیاند 11 ساڵ جارێک دووبارەدەبێتەوە، بۆیە لای ئارەزوومەندانی فەلەکناسی نامۆ نییە.
بە ئاماژەدان بەوەی دیاردەکە هیچ زیانێکی بۆ لاشە و دەروونی مۆرڤ نابێت. هەرێم عومەر گوتیشی: “دیاردەکە 31-1-2009 روویدا، پێشبینی دەکرێت 31-12-2028 و، پاشان 31-1-2037 دووبارەببێتەوە”. ئاشکرایشی کرد کە مانگی حەوتی ئەمساڵ مانگگیرانی تەواو لە کوردستان روودەدات.
لەوەڵامی ئەو پرسیارەشدا بەدروستی دیاردەکە کەی لە کوردستان و جیهان روودەدات؟ سەرۆکی رێکخراوی فەلەکناسی گوتی: “رووداوەکە لە رۆژئاوای باکووری ئەمریکا دەستپێدەکات و مانگ بەتەواوی دەگیرێت، چەند وڵاتێکیش دەگرێتەوە. لە کوردستان کاتێک مانگ لە ئاسۆوە هەڵدێت، دەتوانرێت %40 بۆ %45 ی ببینرێت، واتە دوای ئەوەی خۆر بەتەواوی ئاوابوو. کاژێر 06:07 خولەکیش بەکاتی کوردستان کۆتایی پێدێت. مانگییرانەکە لە جیهان 4 کاژێر دەخایەنێت، بەڵام لە کوردستان بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی، تەنیا دەتوانرێت لە ساتەکانی کۆتاییدا بۆ ماوەی نزیکەی کاژێر و نیوێک ببینرێت”.
هەرێم عومەر کاکل ئاشکرایکرد کە وەک رێکخراوی فەلەکناسی کوردستان بەنیازین بەیانی روانگەیەکی فەلەکی جەماوەری رێکبخەن و گوتی: “سێ تەلەسکۆبمان هەن، لە دەرەوەی شار دایان دەنێین بۆئەوەی کەمترین رووناکییان بگاتێ و جوانترین دیمەنی مانگمان نیشانبدەن، لەم تەلەسکۆبانەوە خەڵک دەتوانن تەماشای مانگ بکەن”. ئاماژەی بەوەشدا ک لە ئێستاوە دەست بە ئامادەکاری کراوە، بەتایبەت ئەو فۆتۆگرافەرانەی لەبواری فەلەکیدا کاردەکەن، بۆئەوەی بتوانن جوانترین وێنە بگرن.