نوچەنیت
پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه ٢٩-١-٢٠١٨، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له شاندێكی باڵای وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، به سه‌رۆكایه‌تی جۆن سولیڤان جێگرى وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا و ئه‌ندامێتیی دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزى ئەمەریکا لە عێراق، ئاندرۆ پیک جێگرى یاریدەدەرى وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا بۆ کاروبارى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، ئێریک مایەر جێگرى یاریدەدەرى وەزیرى گەنجینەى ئەمەریکا و شاندێکى سیاسى و کونسوڵخانه‌ى گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمى کوردستان، کرد.
بەپیێی سایتی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سولیڤان ڕایگه‌یاندووە، کە ئه‌مه‌ریكا خوازیاره كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوری عێراق به ڕیگه‌ی دیالۆگێكی جددی چاره‌سه‌ر بكرێن.
هەروەها ده‌رباره‌ی كۆنفرانسی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراق، كه بڕیاره له كوێت ببه‌سترێت، ئاماژه‌ی به‌وه كردووە له كۆنفرانسه‌كه‌دا پڕۆژه‌ی پێویست له‌لایه‌ن وڵاتانی كۆمه‌ك به‌خشه‌وه بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراق دابین ده‌كرێن و به پێویستی زانی هه‌رێمی كوردستانیش له‌م پڕۆژانه سوودمه‌ند بێت. هیوای خواست كه سه‌قامگیریی ئابوری و سیاسی و ئه‌منی له ناوچه‌كه جێگیر بێت و هه‌رێمی كوردستانیش جارێكی دیكه ببێته خاوه‌ن ئه‌و پێگه ئابوورییه گرنگه‌ی كه پێشتر هه‌یبوو.
نێچیرڤان بارزانی، پابه‌ندبوونی حكوومه‌تی هه‌رێمی بۆ به‌رده‌و‌امیدان به‌و گفتوگۆیانه و چارەسه‌ركردنی كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراق، دووپات كرده‌وه. هەروەها باسی بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و گرفته ئابوورییانه ڕووبه‌ڕووی بوونه‌ته‌وه و كۆنفرانسی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراق له كوێت كرد و، هیوای خواست شاندی هه‌رێمی كوردستانیش تیایدا به‌شدار بێت تا بتوانن سوودی لێ ببینێت و پێدوایستییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له ڕووی ئاوه‌دانكردنه‌وه دابین بكه‌ن. سه‌باره‌ت به پرۆسه‌ی سیاسی نێچیرڤان بارزانی، ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام ده‌درێن و پشتگیریی پرۆسه‌یه‌كی دیموكراسی له عێراق، ده‌كه‌ن.