بە تۆمەتی پشتیوانی لە تیرۆر، سکاڵای یاسایی لەسەر ئایدن مەعروف تۆمار دەکرێت

0

نوچەنێت: تایبەت

ئەمڕۆ دوو پارێزەر، بە تۆمەتی پشتگیری لە رەشەکوژی سکاڵای یاساییان لەسەر ئایدن مەعروف، پەرلەمانتارو جێگری سەرۆکی بەرەی تورکمانی لە هەولێر، تۆمارکرد.

ئایدن مەعروف، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی بەرەی توركمانی و پەرلەمانتاری كوردستان لەبارەی هێرشی سوپای توركیاوە بۆسەر كانتۆنی عەفرینی رۆژئاوای كوردستان، بە ئاژانسی ئەنادۆڵی راگه‌یاندوه‌ “لەراستیدا ئەمە بابەتێكی گرنگە و پێشووتریش باسكراوە. ئەو گروپانەی ناو خاكی سوریا، كە لە نزیك سنوری توركیان، مەترسییان بۆسەر رەوشی ئەمنیی توركیا دروستكردوە.  ئەنقەرە مافی خۆی بەكارهێناوە. ئۆپەراسیۆنێك بەناوی چڵە زەیتون، دەستپێبكات دژ بە چەكداران لەو ناوچەیەدا.

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٩-١-٢٠٨، هەردوو پارێزەر، رێبین سەباح و ئاسۆ هاشم، لەبەردەم دادگای هەولێرو دادوەری لێکۆڵینەوەی هەولێر، سکاڵای یاساییان لەسەر ئایدن مەعروف، تۆمارکرد.

سەبارەت بە هۆکاری تۆمارکردنی سکاڵاکە، لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، ئاسۆهاشم گوتی” ئەمڕۆ من و هاوپیشەیەکم سکاڵای یاساییمان لەسەر پەرلەمانتار ئایدن مەعروف تۆمارکرد، دادوەری لێکۆڵینەوە سکاڵاکەی وەرگرت و بە مەبەستی لێکۆڵینەوە ئاراستەی بنکەی پۆلیسی ئاشتی کرد. بەڵگەی پێسویستمان سەبارەت بە پشتگیری ناوبراو بۆ پشتیوانی لە رەشەکوژی عەفرین، خستتە بەردەم دادوەری لێکۆڵێنەوە”.

ئاسۆ هاشم دەڵێت” ئەو کەسەی هانی تیرۆر یاخود پشتیوانی یاخود ریکلام بۆ کاری تیرۆرستی بکات، بەپێی یاسای ژمارە٣ی ساڵی ٢٠٠٣،ی حکومەتی هەرێم سزادەدرێت، قسەکانی ئایدن مەعرەف دەچێتە ئەم چوارچێوەیە. ئەو سوکایەتی بە هەستی چل ملیۆن کەس کرد.  پشتیوانی لە رەشەکوژی و کۆمەڵکوژی عەفرین دەکات، لە کاتێکدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هەوڵی دروستکردنی ناوچەیەکی ئارامن لە عەفرین”.

سەبارەت بەو سکاڵایەی لەسەری تۆمارکراوە. ئایدن مەعروف، بە نوچەنێتی گوت” ئەو سکاڵاو- وروژاندنەی لە دژی من دەکرێت، موزایەدەی سیاسییەو هەندێ لایەن بارودۆخەکە دۆقۆزنەوە، ئەگەرنا شەخسیەتی ئێمە دیارە، کە هەمیشە پشتیوانیمان لە پێکەوە ژیان وئاشتی کردووە، بەتایبەت لەنێوان کوردو تورکمان”.

سەبارەت بەو قسانەی کە سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە، ئایدن مەعروف، بەشێکی بە رای جیاواز دەزانێت” رای جیاواز نە نایاسایی و نە نادەستوورییە. من نازانم ئەوانە لەسەرچی سکاڵایان لە دژی من تۆمارکردووە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com