بارزانى بۆ ئاوارەکانی كه‌مپى دۆمیز: حكوومه‌تی هه‌رێم به هه‌موو توانایه‌كه‌وه خزمه‌تتان ده‌كات
نوچەنێت . پەیامنێر
بۆ بینینی ڤیدیۆی سەردانەکەی بارزانی کلیک لەسەر وێنەکە بکە
ئه‌مڕۆ یەکشەممە، سه‌رۆكی هه‌رێمى كوردستان، مه‌سعوود بارزانی، سه‌ردانی كه‌مپی ئاواره‌كانی سووریای له كۆمه‌ڵگه‌ی دۆمیزی سه‌ر به پارێزگای دهۆك كرد و خێوه‌تگای په‌نابه‌رانی به سه‌ر كرده‌وه . بارزانى له ره‌وش و گوزه‌رانیانی كۆڵییه‌وه و پێی راگه‌یاندن كه هه‌رێمی كوردستان و خودی به‌رێزیان زۆر به بایه‌خه‌وه سه‌یری ره‌وشه‌كه‌یان ده‌كه‌ن و هه‌موو هه‌وڵێكیش ده‌خه‌نه گه‌ڕ بۆ چاككتركردنی گوزه‌رانیان .
سه‌رۆكی هه‌رێمى كوردستان، به ئاماده‌بوونی ته‌مه‌ر ره‌مه‌زان و هه‌روه‌ها به‌رپرسی رێكخراوی (ی‌و ئێن ئێچ سیى ئار ) له دهۆك له گه‌ڵ نوێنه‌رانی كه‌مپه‌كه كۆبۆوه‌و له وته‌یه‌كدا پێی راگه‌یاندن كه ئه‌وان له ناو وڵات و ماڵی خۆیانن ، هیچ كاتێك خۆیان به میوان نه‌زانن و به هه‌موو توانایه‌كه‌وه حكومه‌تی هه‌رێم خزمه‌تیان ده‌كات و دڵنیاشی كردنه‌وه كه ئه‌وان له ده‌ستێكی ئه‌میندان و هیوای خواست له ده‌رفه‌تێكی زۆر نزیكدا به سه‌ربه‌رزی بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ماڵ و حاڵی خۆیان و ئه‌گه‌ر ره‌وشه‌كه‌ش زۆر درێژه‌ی كێشا ئه‌وا حكومه‌تی هه‌رێم و پارێزگای دهۆك به‌ر له هاتنی وه‌رزی زستان ته‌رتیباتێكی دیكه‌یان بۆ ده‌كات و له رووی خزمه‌تگوزاریه‌وه‌ش هه‌موو توانای هه‌رێم له خزمه‌تیاندا ده‌بێت .
سه‌باره‌ت به دوارۆژی سوریاش، بارزانی رایگه‌یاند كه خودی میلله‌تی سوریا بڕیاری خۆی ده‌دات و وه‌كو هه‌رێمی كوردستانیش رێز له هه‌ر بڕیارێكی ئه‌وان ده‌گرێ ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی بایه‌خی هه‌رێمی كوردستانه ئاینده‌ی كوردی سوریایه كه هه‌تا ئێستا بێ ره‌گه‌زنامه‌ی سوریین و له مافه‌كانیان بێبه‌شن ، بۆیه بوونی ئه‌لته‌رناتیڤێكی دیموكراسی هه‌م له به‌رژه‌وه‌ندی سوریایه‌و هه‌میش له به‌رژه‌وه‌ندی كوردی سوریایه كه پێویسته زه‌مانه‌تێكی پته‌و بۆ ئاینده‌یان دابنرێ و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌رێم له هه‌وڵ و كۆشش دایه له گه‌ڵ وڵاتانی بیانی بۆ دابینكردنی ئه‌و زه‌مانه‌ته . رێكخستنی ماڵی كوردیش شتێكی پیرۆزه و رێككه‌وتننامه‌ی هه‌ولێریش كه لایه‌نه‌كانی كوردی سوریا ئیمزایان له سه‌ر كردووه هه‌نگاوێكی پڕبایه‌خه بۆ یه‌كخستنی كار و هه‌وڵه‌كانیان له پێناو دابینكردنی ئاینده‌یه‌كی گه‌ش بۆ كوردانی سوریا ، بۆیه نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناكۆكی له نێوانیاندا هه‌بێ و هه‌مووشیان پێكه‌وه كار بۆ ئه‌و ئاینده‌یه بكه‌ن و په‌یوه‌ندییه‌كی باشیشیان له گه‌ڵ لایه‌ن و پێكهاته‌كانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی سوریاوه هه‌بێت .
ئه‌مه‌و دوابه‌دوای وته‌كه‌ی بارزانی، نوێنه‌رانی ئاواره‌كانی سووریا وێڕای خۆشحاڵی ده‌ڕبڕین به سه‌ردانه‌كه‌ی بارزانی بۆ كه‌مپی ئاواره‌كان، سوپاسی خودی به‌رێزیان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیان كرد بۆ ئه‌و بایه‌خه‌ی كه به ئاواره‌كان ده‌درێت هه‌ست به هیچ جیاوازییه‌ك ناكه‌ن و هه‌روه‌ك له ماڵی خۆیان دابن.
به‌رپرسی رێكخراوی ( ی‌و ئێن ئێچ سیى ئار)یش له پارێزگای دهۆك ستایشی رۆڵی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌تی پارێزگای دهۆكی كرد به‌و بایه‌خه‌ی كه به كه‌مپه‌كه ده‌یده‌ن هه‌روه‌ها بۆ ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وته ئیجابییه‌ی كه له گه‌ڵ رێكخراوه‌كه‌دا ده‌یكه‌ن .
