نوچەنێت
وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم، رایدەگەیەنێت، پرۆژە چاكسازییەکەی حکومەت یەكسانی كۆمەڵایەتی دروستدەكات و بڕە پارەیەكی باشیش بۆ خەزێنەی گشتی، دەگەڕێنێتەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی هەرێم، ئەمڕۆ یەكشەممە ٢٨ -١-٢٠١٨ شاندێكی پەرلەمانی كوردستان، بە سەرۆكایەتی جەعفەر ئیمینكی سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمیان كرد و، لەگەڵ رێباز حەملان وەزیری دارایی كۆبونەوە.
لە كۆبونەوەیەكەدا باس لە هەماهەنگی نێوان پەرلەمان و وەزارەتی دارایی و ئابووری و پڕۆژەی چاكسازی خانەنشینی و پاشەكەوتی موچە كراوە.
جێگری سەرۆكی پەرلەمان، دەستخۆشی كرد لە ئامادەكردنی ئەو پڕۆژە چاكسازیە هاوبەشەی پەرلەمان و حكومەت، كە ئاراستەی پەرلەمان كراوە.
لە راگەیەندراوەکە ئاماژە بەوەکراوە”رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری سەردانی لەو جۆرەی بەگرنگزانی و پێشی وابوو، كە گرنگە هەماهەنگی لەنێوان دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن هەبێت و بۆ ئەوەی بە هەموان كار بكەین بۆ باشتركردنی ژیانی خەڵك و تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە داراییە”.
وەزیری دارایی گوتویەتی”ئەو پڕۆژە چاكسازیەی ئاڕاستەی پەرلەمان كراوە، یەكسانی كۆمەڵایەتی دروستدەكات و بڕە پارەیەكی باشیش بۆ خەزێنەی گشتی دەگەڕێنێتەوە و بەمەش كاریگەری دەبێت لەسەر دابەشكردنی مووچە و باشتركردنی ژیانی مووچەخۆران”.
بەگوێرەی راگەیەنراوەكە، لە كۆبوونەوەكەدا باس لە پەیوەندیەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كراوە، وەزیری دارایی و ئابووری رایشگەیاندووە”لە كۆبوونەوەكانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و هەرێم و لیژنە هاوبەشەكان، لێكتێگەیشتن و بەرەو پێشچوون هەبووە”.