نوچەنێت:تایبەت
ئەندامێکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای لەپەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، لیژنەکەمان لە بەرنامەیدایە، لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردە، بەمەبەستی کەمکردنەوەی کرێی خوێندن لە زانکۆ، پەیمانگا و قوتابخانە ئەهلییەکانی هەرێمی کوردستان، کۆببێتەوە.
ساڵانە زانکۆ، پەیمانگا و قوتابخانە ئەهلییەکانی هەرێمی کوردستان، بەپارە ژمارەیەکی زۆر خوێندکار وەردەگرن، لە ئێستاشدا داواکاریی زۆر هەیە بۆ کەم کردنەوەی کرێی خوێندن، چونکە بەسەدان قوتابی بههۆى قەیرانی دارایی و زۆرى كرێی خوێندنهوه وازیان هێناوە.
لەلێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت،شوکریە شێخانی ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای هەرێم لەپەرلەمانی کورستان، لەبارەی کەمکردنەوەی کرێی خوێندن رایگەیاند”ئێمە ساڵی پار و پێرار نوسراومان بەرزکردەوە و لەگەڵ هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵای هەرێم دانیشتین، دوامانکرد لەگەڵ بەردەوام بوونی قەیران بەلایەنی کەمەوە ٢٠% داشکاندن بۆ کرێی خوێندن بکرێت، قستی پارەکەشی بکرێتە ٥ قست لە زانکۆ، پەیمانگا و قوتابخانە ئەهلییەکانی هەرێمی کوردستان”.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، کە ساڵی پار وەزارەتی خوێندنی باڵا ١٥% و وەزارەتی پەروەردە ١٠%داشکاندنی کرد، بۆکرێی خوێندن و قستی پارەکەشیان کردە پێنج قست.
سەبارەت بە کرێی خوێندن بۆ ئەمساڵ، شوکریە شێخانی، گوتی”لیژنەکەمان لەدانیشتنی رابردوو کە دوو هەفتە لەمەو پێش کردمان، دووبارە ئەو بابەتەمان تاو توێکرد و ئیمزامان کۆکردەوە، بۆ ئەوەی جارێکیترنوسراو بەرزبکرێتەوە بۆ هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵای هەرێم”.
ئەو ئەندام پەرلەمانە دەڵێت”وەکو لیژنەی پەرلەمان لە بەرنامەماندایە، کە لەم هەفتەیە و هەفتەی داهاتوو لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردە ، بۆ جەختکردنەوە لەو پرسە و چەند بابەتێکی تر کە پێویستە داشکاندن بکرێت دانیشتن بکەن، بەڵام ئێمە پێمان باشە بەلایەنی کەمەوە ٢٠% داشکاندن بۆ کرێی خوێندن، بکرێت. ئەگەرهەر نەکرا وەکو ساڵی رابردوو بێت خراپ نییە”.