نوچەنێت
دوای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم، بۆ پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و ئەو کەلێن و ناکۆکیانەی کە کەوتە نێوان ئێران و هەرێم، سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران، پەیوەندییەکانی هەردوو لایەنی خستە قۆناغێکی نوێوە.هەروەک دوو لا لە بەیاننامەیەکدا، ئەم پەیوەندیانەیان بە بنیادنەر وەسف کرد.
ژینگەی ئێستای ئێران، لە ئاستی ناوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتی بە کۆمەڵێک فاکتەری هەڕەشە و ململانێی ناوچەیی دەورە دراوە، کۆمەڵێک فاکتەر و ئەگەر کە بۆ ئێران جێی نیگەرانین. ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان، دەتوانێ بەشێک لەم نیگەرانیانە کەم رەنگ بکاتەوە، لە کەمکردنەوەی تێچوووەکان کاریگەر بێت.
بەم پێشەکیە، دەرگای باسەکە لە سەر پشت دادەخەین، هەوڵ دەدەین بە گریمانەو و پرسیارەوە بچینە ناو باسەکە، تا وەڵامی پرسیارەکان بخەینە روو.
گریمانە: دیپلۆماسی بارزانی، دەتوانێ بنبەستی سیاسیی و قەیرانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا تێپەڕ بکات و، دواڕۆژی هەرێمیش بەرەو ئاراستەیەکی گەشتر ببات.
پرسیارەکان:
قەیرانی ئابووریی و دارایی ئێران، بە چ شێوەیەک تارانی راکێشی دانوستان کرد؟
خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی ئێران، هەڵگری چ پەیامێکە؟
هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق، لە کوێی ئەم هاوکیشەیەدایە؟
بۆچی روانگەی ئاسایشى لە دیبلۆماسی تاران و هەولێر، باڵادەستە؟
قەیرانی ئابووری لە ئێران
کۆماری ئیسلامی ئێران، لە هەستیارترین قۆناغی مێژوویی خۆیدایە، لە لایەک سەرچاوە و داهاتەکانی بە خێرایی کەم دەکات و لە لایەکی دیکەوە تێچووی دامودەزگاکانی رووی لە زیاد بوونە. گەندەڵی ئیداری و دارایی، سەرتاپای حکوومەت و دامو دەزگاکانی ئەم رژێمەی تەنیوە. بێ کاری، گرانی، هەڵاوسان و گەمارۆکان پشتی ئابووری ئەم وڵاتەیان شکاندووە. لە لایەکی دیکەوە، خەرجکردنی بەشێکی بەرچاو لە داهاتی ئەم وڵاتە بۆ تەرخان کردنی یارمەتی و هاوکاری داراییەکانی بۆ حزبوڵڵا، سوریا، یەمەن، فەلەستین، حەشدی شەعبی و گروپە میلیشیاییەکان، گوشاری چەندبارەی خستۆتە سەری. هەڵاوسان لە سێ دەیەی رابردوودا، خۆرەی گیانی ئابووری ئێران بووە، لەو ماوەدا بە شێوەی ناوەندی، نرخی هەڵاوسان ساڵانە نزیک بە ٢٠% بووە و ئەمەش هۆکاری پێکهاتنی کەلێنی گەورەی چینایەتی و هەژاری بووە.
مەسعود نیلی، ڕاوێژکاری ئابووری حەسەن رووحانی، سەرۆک کۆماری ئێران، بێکاری بە کێشە و قەیرانێکی هەرە گەورەی ئەم وڵاتە وەسف دەکات.(١)غوڵام حسێن شافعی،سەرۆکی ژووری بازرگانی ئێران لە بارەی قەیرانی بێکاری هۆشداری دەدات و دەڵێت: هۆکاری سەرەکی قەیرانی بێکاری، ناتێگەیشتنی دەوڵەت لە خودی قەیرانەکەیە، ئەمەش دواجار ئاریشەی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی زیانباری بەدوای خۆیدا هێناوە(٢). ناوەندی ئاماری ئێران، رایگەیاندووە: رێژەی بێکاری ٧/١١ یە، کە دیارە ئەم ئامارە لە لایەن شارەزایانی ئابووری جێی متمانە نییە(٣). بە گشتی ئێستا ئێران لەشکرێکی گەورە و گرانی بێکارانی لە خۆیدا جێکردۆتەوە، تاکو ئێستاش ستراتیژیەتێک نییە، کە وەڵامدەری ئەم لەشکرە رەش وڕووتە بێت.
گەمارۆی ڕۆژئاواییەکان بۆ سەر ئێران، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ خەڵکی ئەم وڵاتەی کردۆتە ئامانج، فراوانخوازی ئێران لە ناوچەکە، پێداگری لە سەر بەرنامە موشەکییەکانی و هەروەها ئاسۆی ناڕوونی رێککەوتنی ئەتۆمی، زیاتر سزای خەڵکەکەی داوە.
گەمارۆ یەک لە دوای یەکەکان، ئەنجامی بەردەوامی ئێران بووە لەم سیاسەتانەی، سەرباری ئەوەی کە بە هۆی واژۆکردنی رێککەوتنی ئەتۆمییەوە، بەشێک لە گەمارۆ و سزاکانی پەیوەست بەم بوارە لە سەر ئێران هەڵگیرا، روانگەی هاوبەشی ڕۆژئاواییەکان و ڕەخنەگرانی ناوخۆیی حکوومەتی ئێران، ئەوە دەگەیەنێ کە ئێران ئەگەر لە ڕووی دارایی و سەرمایەوە، دەستکەوتێکی هەبووبێ، زیاتر تەرخانی کردووە بۆ کاروباری دەستوەردەرانە و پڕچەککردنی گروپە میلیشیاییەکانی لە دەرەوەی سنوورەکانی. ئەم روانگەیە، لە کاتی خۆپیشاندانەکانی مانگی رابردوو لە سەر زاری چین و توێژەکانی ناڕازی، بە گوێی سەرانی رژێمی ئێراندا درا.
نزیک بوونەوەی هەڵوێستی ئەوروپا و ئەمریکا، یەکسانە بەئاسۆی ناڕوونی گەورەترین دەستکەوتی حەسەن رووحانی.
لە کاتی نووسینی ئەم دێڕانە، پاریس رایگەیاند کە سەرۆکی دەزگا دیبلۆماسیەکەی ناوەڕاستی مانگی داهاتوو سەردانی تاران دەکات. هەروەک پاریس رایگەیاندوە، رێککەوتنی ئەتۆمی و دەستوەردانەکانی ئێران لە ناوچە و بەرنامە موشەکییەکەی دەخرێنە سەر مێز و گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.
فڕۆکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە ئێوارەیەکی سارد و تاریکی لەندەن، دەنیشێتەوە، تیلرسەن لە لەندەنە. تاکو لەگەڵ هاوپەیمانە ئەوروپیەکانی زمانێکی هاوبەش بۆ قسەکردن لەگەڵ ئێران بدۆزنەوە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە گەشتی سەردانەکەی بۆ ئەروپا، دۆسیەی ئێرانی لە جانتادایە، بەم پێیە، گەورەترین دەستکەوتی حەسەن رووحانی کە هەمان رێککەوتنی ئەتۆمی بێت، لە لێواری مەترسیدایە.(٤)
شرۆڤەکارێکی ئاژانسی رۆیتەرز دەڵێت، پێداگری ئەوروپییەکان بۆ هێشتنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی، بڕوا و قەناعەتی بە سەرۆکی ئەمریکا نەهێناوە، وێڕای ئەوەی کە ئەوروپییەکان جەخت لەوەدەکەنەوە کە رێککەوتنی ئەتۆمی جێی دانوستان و قابلی گفتوگۆ نییە. هاوکات هەوڵی داڕشتنی ستراتیژییەتێک دەدەن کە بەو هۆیەوە، بەرنامەی موشەکی ئێران و پشتیوانی ئاشکرا و بێ تەعاروفی تاران لە حزبوڵڵا و حوسییەکان و بەشار ئەسەد بخەنە سەر مێزی دانوستان.(٥)
خۆپیشاندانەکانی ئێران، لە چاوی ئاژانس و میدیاکانی جیهانەوە
عەدنان حسێن، رۆژنامەنووس و سەرنووسەری رۆژنامەی”المدی” و سەرۆکی ئەنجوومەنی رۆژنامەنووسانی عێراق، ڕۆژی ٨ی جانیوەری لە وتارێکدا کە لە ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت بڵاو بووەوە، دەنووسێ: عێراقییەکان، هەر لە سەرەتاوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە دنیای واقع، سەرنجیان خستەسەر خۆپیشاندانەکانی ئێران، وەک بڵێی ئەم رووداوە لە خودی عێراق رووی دابێت. نوسەران، رۆژنامەنوسان و چالاکوانانی ناسراوی بزوتنەوەی دژ بە گەندەڵی لە عێراق، کە زۆربەیان شیعە مەزهەبن و لە ناوەڕاستی ٢٠١٥وە، لەبەغدا و شارەکانی ناوەندی و باشووری ئەم وڵاتە لە دژی گەندەڵی دارایی و ئیداری، داوای چاکسازی سیاسییان کرد. زۆر بە جددی دەنگی خۆیان خستە پاڵ خۆپیشاندەرانی ئێرانی.
لە روانگەی ئەم لایەنانەوە، لاوازبوونی تاران، دەبیتە هۆی کەم بوونەوەی هەژموون وکاریگەریی ئێران لە عێراق و، هەژموونی سیاسیی بە سەر ئەم وڵاتەدا کەمڕەنگ دەکاتەوە و لە ئەنجامدا، کاریگەری پۆزەتیڤی بە سەر پرۆسەی ریفۆرم و چاکسازی لە عێراق دەبێت.(٦)
رۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسی ، (سێشەممە ٢-١-٢٠١٧)، وتووێژێکی لەگەڵ لێکۆڵەری بەناوبانگی فەرەنسی، ستێفان دودوئانۆن، ئەنجام داوە. ئانۆن، کە ئەم دواییانە سەردانی ئێرانی کردووە، سەبارەت بە گۆڕانکارییەکان و خۆپیشاندانەکانی چەند ڕۆژی رابردووی ئێران، لێکۆڵینەوەیەکی ئەنجام داوە.
بە گوتەی ئانۆن، ئەوەی لە ئێران روودەدات، گوزارشت لە شۆڕشێکی ڕاستەقینە بە مانای وشە دەکات. ئەم نوسەرە فەرەنسییە دەڵێت “ئەم شۆڕشە، ریشەی لەو ناڕەزاییانە داکوتاوە، کە لە دژی هەژاری و بێ دەرەتانی و کارەساتی ژینگەیی لە ماوەی ساڵانی رابردوو، هاتۆتە کایەوە، بێ هۆ نییە، کە ئەم خۆپیشاندانە زۆرتر لە شارە پەراوێزخراوەکان سەریان هەڵداوە.”
نووسەر پێیوایە، ئەوەی ڕوودەدات، لە هەموو روویەکەوە جیاوازە، رووداوەکانی چەند ڕۆژی رابردوو، شؤڕشێکی گەورەی گەلانی ئێرانە، کە زیاتر لە ٤٠ شاری ئەم وڵاتەی تەنیوەتەوە. خۆپیشاندەران ڕاستەوخۆ و بە شێوەی توندڕەوانە، رابەر و سەرانی رژێمیان کردۆتە ئامانج. بە گوتەی ئانۆن، ئەمەش خاڵی جیاکەرەوەی رووداوەکانی ئێستایە لەو جوڵانەوەیەی، کە ساڵی ٢٠٠٩ لەژێر ناوی بزووتنەوەی سەوز هاتە ئاراوە.
ئانۆن بە رۆژنامەی لۆمۆندی گوتووە، بەرچاوترین تایبەتمەندی شۆڕشی ئەم جارەی ئێرانییەکان، کردنە ئامانجی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانە. هەر چەند سەرانی رژێمی ئێران، هەوڵ دەدەن سەرەداوی ئەم خۆپیشاندانانە بە دەستی دەرەکییەوە گرێ بدەن، بەڵام ڕاستییەکی ئەوەیە، کە حکوومەت بە تەواوی گوێی خۆی بە رووی ویست و داواکارییەکانی خەڵک کەڕ کردووە و توانای دژکردەوەی گەلێک لاوازە، بە گوتەی ئەم لێکۆڵەرە فەرەنسییە، پێکهاتەی سەرەکی ئەم راپەڕینە جەماوەرییە لە خەڵکی رەش و ڕووت و هەژاری ناوچە پەراوێزخراوەکان پێکدێت. بەم مانایە و لەم گۆشەنیگاوە دەکرێ بگوترێ، کە کۆماری ئیسلامی لەرووی کۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆژییەوە، تووشی هەرەس هێنان هاتووە.(٧)
فۆکس نیوز پێیوایە، ئەم خۆپیشاندانانە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ئەمریکا، کە کەم کارییەکانی باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، سەبارەت بە پشتگیریکردن لە گۆڕینی رژێمی ئێران قەرەبوو بکاتەوە.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، ئاماژەی داوە، بە دۆخی ئابووری و ناڕەزایی خەڵکی ئێران لەبارەی دۆخی ئابووری و ژیانی خەڵکەوە و دەڵێت، سەرباری ئەمانەش، بەشێک لە خۆپیشاندانەکان، لایەنی سیاسیی بە خۆوە گرتووە و کۆمەڵێک پرسی وەک ئامادەبوونی پڕتێچووی ئێران لە سوریا، لە دروشـمی خۆپیشاندەران رەنگی داوەتەوە.(٨)
ئاژانسی هەواڵی ئاشۆیتێدپرێس، بە ئاماژەدان بە باشتر بوونی دۆخی ئابووری ئێران لە دوای رێککەوتنی ئەتۆمی تاران و وڵاتانی زلهێزی جیهان، دەڵێت، ئەم باشتر بوونەوەی دۆخی ئابووری ئێران ئەنجامێکی دڵخوازی بۆ خەڵکەکە بەدواوە نەبوو. ڕێژەی بێکاری لە سەرەوەیە، هەڵاوسان ڕووی لە زیادبوونە و نرخی شتومەک لە ئێران بەرز بۆتەوە بە رێژەیەکی بەرچاو.
ئاژانسی هەواڵنێریی ئەڵمانی، تەرکیزی خستە سەر دروشمە سیاسییەکانی ئەم خۆپیشاندانانە : دروشمەکانی وەک “نە غەزە، نە لوبنان، گیانم فیدای ئێران” یان دروشمەکان دەربارەی دەستوەردانەکانی ئێران لە سوریا لەم خۆپیشاندانانە بەرجەستە بووە و، ئێران گرنگی بە ژیان و باری سەختی ژیانی هاووڵاتیانی خۆی نەداوە.(٩)
هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق
پشتیوانییەکانی گروپەکانی ژێر دەسەڵاتی ئێران بۆ حەیدەر عەبادی، نیشانی دەدات کە سیاسەتەکانی تاران لەبارەی عێراقەوە، هیچ گۆرانکارییەکی بەسەردانەهاتووە، بەو مانایەى کە عەبادی ئەگەر کەمتر نە باشتر لە مالیکی دەتوانێ بەرژەوەندی ناوچەیی ئێران بپارێزێت.
ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە راپۆرتێکدا، وێڕای خستنەرووی ئەم بابەتە دەڵێت: ئێران پاڵپشتی بەبژاردەی عەبادی-یەوە دات وەک سەرۆکوەزیران و پێی وایە، کە جێگۆڕکێکردن بە مالیکی و عەبادی، باشتر دەتوانێ ناوماڵی عێراقییەکان رێکبخات.
سەرهەڵدانی داعش لە عێراق و سوریا، بووە هۆی لاوازبوونی پێگەی ئێران لە ناوچەکە. لە وەها دۆخێکدا، پشتیوانی ئێران بۆ عەبادی و وەلانانی مالیکی لە دەسەڵات، مانای پاسیڤ بوونی ئێران و گۆڕانکاری لە سیاسەتی ئێران بەرامبەر بە عێراق نەدەگەیاند، بەڵکو بە پێچەوانەوە، دۆخێکی باشتری بۆ هاوکاری ئێران و ڕۆژئاوا بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش رەخساند.
لەم روانگەوە، ئێران نەک رێگەی لە لاوازبوونی پێگەی خۆی گرت، بەڵکو هەل و مەرجەکەی وەکو دەرفەتێک گواستەوەو زیاتر لە جاران پەل و پۆی بۆ دەورووبەر هاویشت.
سیاسەتی ئێران لە عێراق،هیچ کات بەو شێوە نەبووە کە پاڵپشتی کەسایەتی یان بەرپرسێکی تایبەتی بکات،بەڵکو ئەوەی بەلاوە گرنگ بووە،پاراستنی یەکڕیزی و یەکپارچەیی عێراق بووە بە مانا بەربڵاوەکەی،ئەویش لە کاتێکدا کە شیعەکان باڵا دەست بن و پەیوەندییەکی باشی وەک موراد و موریدیان لە گەڵ ئێران هەبیت.
بە پێچەوانەی سوریا،کە ئێران پاڵپشتی کەسێکی دیاریکراوی وەک بەشار ئەسەد دەکات،لە عێراق کەم نین ئەو کەسانەی کە دەتوانن بەرژەوەندییەکانی بپارێزن.
عەبادی ئێستا لەحنێکی نەرم و نیان و میانەڕەوی هەیە،ئەمەش دەتوانێ مانای دەوڵەتێکی گشتگیر و بنکە فراوان بۆ عێراقیەکان وێنا بکات،دەوڵەتێک کە توانای وەدی هێنان و دابینکردنی پێدوایستیەکانی عێراقیەکانی هەیە.ئێرانیش دەیهەوێ لە هەندێک بوار لە گەڵ عێراق رێککەوتن بکات. تاکو رێگری لە دابەشبوون و پارچەبوونی بگرێت. ئێران بە باشی خوێندنەوەی بۆ ئەم پرسە کردووە، کۆکە لە سەر ئەوەی کە چارەسەری بنبەستی سیاسی عێراق،زەروورەتێکی مێژووییە و بژاردەی دووەمی لە بەردەستدا نییە.ئەوەی بە لاوە گرنگە بە پلەی یەکەم کورد و سوننەبەشێک بن لە دەسەڵات.
ئەمە بەو مانا نییە کە ئێران دەست لە بەرژەوەندی مێژوویی چەندین ساڵەی خۆی لە عێراق هەڵبگرێت.تاران بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدات پەیوەندی سیاسی و بازرگانی خۆی لە گەڵ کورد بەهێز بکات.سەرباری ئەمەش، عێراق رێڕەوێکی ئایدیال و بەنرخە بۆ گەیشتنی بە سوریا و حزبوڵڵا،دوو فاکتەر و لایەنی گرنگ کە بە قەڵغانی ئێران بەرامبەر بە هەڕەشەکانی ئیسرائیل هەژمار دەکرێن.ئەمریکا و لایەنە سیاسیەکانی عێراقیش،دەزانن کە عەبادی ئامادە نییە بەم ئاسانییە لە ئامانجە ستراتیژیەکانی هاوکاری لە گەل ئێران،دوور بکەوێتەوە.
هەوڵەکانی عەبادی بۆ باشتر کردنی رەوشی عێراق، جێێ سەرنجە. عەبادی هەوڵ دەدات کار لە سەر سێ بابەتی سەرەکی بکات. یەکخستنەوەی ناوماڵی عێراقیەکان. چەسپاندنی یەکپارچەیی خاکی عێراق وئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی عێراق و وڵاتانی عەرەب بە هەرێمی کوردستان وئێرانیشەوە.ب ۆ ئەوەی لە میراتی مالیکی دوور بکەوێتەوە و گۆڕانکاری دروستبکات.
حەیدەر عەبادی،لە چەشنی مالیکی، ریشەی هاوبەشی سیاسی وەک یەکیان هەیە.ئەگەری ئەوەی کە عەبادی بتوانێ گۆڕانکاری لە پەیوەندییەکانی عێراق لە گەل ئێران دروست بکات،ئەگەرێکی لاوازە،وەک ئەوەی ئەمریکیەکان چاوەڕێی دەکەن. عەبادی لە چاوپێکەوتنێک لە مانگی جونەی ٢٠١٢،هەڵوێستی سیاسی خۆی بەروونی بەرامبەر بە ئێران دەخاتە روو. عەبادی دەڵێت: ئەگەر ئەمریکا بۆ ریشەکێشکردنی داعش یارمەتی عێراق نەدات، دەوڵەتەکەی بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە دەستی هاوکاری بۆ ئێران، درێژدەکاتەوە.(١٠)
لێرەدا گریمانەی ئەو ەدەکرێ، کە ژمارەیەک لە ئەندامانی حزبی دەعوە بیانەوێ لە ئێران دوور بکەونەوە.ئەمە لە خۆیدا ئەگەرێکی لاوازەو. هۆکارەکەی روونە،لە بەر ئەوەی بەغدا دۆخێکی لاواز و ناپایەداری هەیە،ئەوەی کە ئێستا عەبادی بیر لەم بابەتە بکاتەوە، مومکین نییە.
ئێڕان وەک وڵاتێکی خاوەن هەژمون کە زۆر جاردەگوترێ جڵەوی دەسەڵاتی بەغدای بە دەستەوەیە،لە بەردەم ئەزمونێکی گەورەدایە،ئەویش هەڵبژاردنەکانە.ڤقۆناغێ دوای داعش بۆ عێراقیەکان و وڵاتانی لایەن لە هاوکێشە وململانێکانی بە قۆناغێکی نوێ هەژمار دەکرێت.ئێران بە کردەوە نیشانی داوە تەنها عێراقێکی یەکپارچە بەس نییە،ئەمە تەنها چوارچێوەیەکە.تاران عێراقێکی شیعەی باڵادەستی دەوێ. عێراقێکی ئێرانی. هەر بۆیە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق،سەنگ و قورسایی خۆی لە تای تەرازوو و هاوكێشەکانی ئێران هەیە. هەر بۆیە پێویستی بە دەنگی کورد هەیە لە عێراق،هیچ لایەنێک ناتوانێ بە بی رێککەوتنی سیاسی،کێشەکان یەکلا بکاتەوە.
عەبادی هەوڵەکانی خۆی بۆ پێکهێنانی دەوڵەتێکی تەکنۆکراتتەرجەمە دەکات، بەڵام راستییەک نادیدە گیراوە. پێکهاتەی عێراق رێگە نادات، دەسەڵات بە پێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دابەش بکرێت. دەسەڵات بەر مەبنای رێککەوتنی سیاسی نێوان کورد، شیعە و سوننە دابەش دەکرێت.
سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بۆ بەغدا و سەرنجێک
دوای تێپەڕبوونی چوار مانگ لە پچڕانی پەیوەندییە سیاسییەکانی هەولێر و بەغدا،رۆژی شەممەی رابردوو،٢٠ی جانیوەری،نێچیرڤان بازرانی سەردانی بەغدای کرد ولە گەڵ حەیدەر عەبادی کۆبووەوە.بەر لە سەردانەکەی بۆ بەغدا،بارزانی سەردانی وڵاتانی فەڕەنسا،ئەڵمانیا وئیتاڵیای کرد.بە پێی ئاژانسەکانی هەواڵ،سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە میانەی دیدار و کۆبوونەوەکانی لە گەڵ ناوەندەکانی بڕیار و سەرانی وڵاتان، روانگەی هەرێمی کوردستانی لە پەیوەندی لە گەڵ کێشەکانی نێوان هەوڵیر و بەغدا بۆ ئەوروپیەکان، خستە روو. تەنانەت باس لەوەش کرا کە بارزانی بە رێگەی چەند زلهێزێکی ئەرووپی، فشاری خستە سەر عەبادی، تاکو راکێشی سەر مێزی دانوستانی بکات.بارزانی لەم سەردانانەدا،فاکتەری هەڕەشەکانی گۆڕی بۆ دەرفەت .ئەو جەختی لە سەر هاوکاری و پێکەو ژیانی ئاشتیانە لە سەر مەبنای مافە دەستوریەکان کرد.
هەر وەک گوترا،بارزانی لە سەردانەکەی بۆ ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەوروپی،پاڵپشتی و پشتیوانی ئەوانی بۆ دەستپێکی گفتوگۆکان لە گەڵ بەغدا دەستەبەر کرد.دواتر سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نامەیەکدا کە ئاراستەی سەرۆکی حكومەتی کوردستانی کرد،جەختی کردەوە کە کێشەکانی نێوان هەوڵیر و بەغدا، دەبێ لە چوارچێووەی دەستور و بە لێکتێگەیشتن وگفتوگۆ چارەسەر بکرێت.باڵیۆزی ئێران لە بەغدا گڵۆپی سەوزی هەڵکرد و رایگەیاند کە تاران بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی هەردوو لایەن لە سەر خەتە.
لە بەغداوە بۆ تاران
بە پێی ئاژانسەکانی هەواڵ،بارزانی لە سەر بانگهێشت و دوای فەرمی ئێران،وێڕای شاندی یاوەری سەردانی تارانی کرد.ئەوە بوو کە رۆژی یهكشهممه( ٢١-١-٢٠١٨)، شاندی باڵای ههرێمی كوردستان به سهرۆكایهتی نێچیرڤان بارزانی، سهرۆكوهزیرانی ههرێمی كوردستان، ئهندامێتی قوباد تاڵهبانی جێگری سهرۆكوهزیران، فوئاد حوسێن، سهرۆكی دیوانی سهرۆكایهتی ههرێمی كوردستان و سهفین دزهیی، گوتهبێژی حكومهتی ههرێمی كوردستان لە تاران لهلایهن حهسهن روحانی، سهرکكۆماری ئێرانهوه پێشوازییان لێكرا.
لە تاران چی گوزەرا؟
لە کۆبوونەوەی (یەکشەممە٢١-١-٢٠١٨) حەسەن روحانی و شاندی کوردستاندا بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی، روحانی پاراستنی پهیوهندییەکانی هەولێر و تارانی بهپێویست زانیوە. به تایبهتی كه ههرێمی كوردستان گرنگی به ئاسایشی ئێران و ناوچه سنوورییهكان دهدات. خوازیاریش بوو سهقامگیری له ناوچهكه جێگیر ببێت و خهڵكی ههرێمی كوردستان، له خۆشگوزهرانیدا بن.(١١)”
لەبارەی دانوستاندنەکانی هەولێر و بەغدا، سەرۆککۆماری ئێران، چارهسهركردنی كێشهكان و فهراههمكردنی مافهكانی خهڵكی كوردستان و ههموو پێكهاتهكانی دیكهی عێراق، لهسهر بنهمای دهستور به پێویست زانیوە، لهوبارهیهشهوه دهستخۆشی له شاندی ههرێمی كوردستان كرد، كه رۆژی شەممە له بهغدا بووه و گفتوگۆیان لهسهر كێشه ههڵواسراوهكان دهستپێكردووه.
روحانی گوتویەتی “هەموو نەتەوەکان لە وڵاتانی ناوچەکە، بەتایبەت کوردی عێراق، دەبێت لەچوارچێوەی دەستور و یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتانە، بە مافە شەرعی و یاساییەکانیان بگهن.”
نێچیرڤان بارزانی جهختی لهوه كردووەتەوە، سیاسهتی حكومهت و لایهنه سیاسییهكانی ههرێمی كوردستان، ئهوهیه فاكتهری سهقامگیریی بن له ناوچهكهدا، ههرواش دهمێننهوه. ههروهها بهپێویستی زانی لهكاتی درووستبوونی ههر حاڵهتێكی نهخوازراودا، ههماههنگی و گفتوگۆی زیاتر له نێوان ههدوولادا ههبێت.
نێچیرڤان بارزانی رایگهیاندووە، کە چاوهڕێدهكرێت ئێران بۆ چارهسهركردنی كێشهكانی نێوان ههولێر و بهغدا، لهسهر بنهمای دهستوری عێراقی فیدراڵ و دابینكردنی مافه دهستورییهكانی خهڵكی كوردستان، لهسهر ههوڵهكانی بهردهوام بێت، ئەگهر زووتر ئهو كێشانه بهپێی دهستوری عێراق چارهسهر كرابان، بهشێكی زۆر لهو روداوانهی كه هاتنهئاراوه، روویان نهدهدا.
له دووهم وێستگهی دیدارهكانی سهردانهكهیاندا بۆ تاران، پاش نیوهڕۆی یهكشهممه ٢١-١-٢٠١٨، شاندەکە لهلایهن عهلی شهمخانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی كۆماری ئیسلامی ئێران، پێشوازی لێکرا.
دهربارهی كێشهكانی نێوان ههولێر و بهغدا، عهلی شهمخانی هیوای خواستووە، ههموو ئهو كێشانهی به ههڵواسراوی ماونهتهوه لهسهر بنهمای دهستوری عێراق و بهڕێگهی دیالۆگ و گفتوگۆ چارهسهربكرێن. ئامادهیی وڵاتهكهشی بۆ هاندانی ههردوولا له گفتوگۆكاندا نیشاندا. ههروهها هیوای خواست سهقامگیری له ناوچهكهدا جێگیر بێت. بهشێوهیهك بژێوی هاوڵاتیانی ناوچهكه بهگشتی و بهتایبهتی ههرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران، بهرهو پێشهوه بچێت.(١٢)
سهرۆك وهزیرانی ههرێمی كوردستان ئاماژهی بهوه كردووە، كوردستان خوازیاری ئهوهیه، ههمیشه پهیوهندیی باش و دۆستانهی لهگهڵ وڵاتانی دراوسێ بهگشتی و بهتایبهتی كۆماری ئیسلامی ئێران، ههبێت.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوسانی دایەوەو ، ئاماژەی بە ناوەرۆکی کۆبوونەوەکانی بەغداو تاران کرد.
سەبارەت بە ناوەرۆکی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ تاران، بارزانی ئاشکرای کرد، کە لەم کۆبوونەوانەدا هیچ رێککەوتنێک نەکراوە. بەڵکو بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان بووە.
بۆ روانگەی ئەمنی تاران لەم دیدارانەدا باڵا دەست بوو؟
بەداواداچوون بۆ لێدوانی بەرپرسانی ئێرانی لە دیدار و کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە روونی خوێندنەوەی ئەمنی ئێران لە پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو. روانگەیەکی دیکەی ئێرانییەکان، جەخت کردنەوەیان لە سەر پەیوەندی ئابووری و وەبەرهێنان بوو لە هەرێمی کوردستان.
ئێران لە ئاستی ناوخۆییدا، ئاسایشێکی نیوەچڵ و ناتەواوی هەیە، ئەم بۆچوونە لە وێنەی خۆپێشاندانەکان بە روونی دەخوێندرێتەوە. هەر وەک لە سەرەتادا بە تێروتەسەلی ئاماژەی پێکرا، ئێران لەگەڵ قەیرانی فرەڕەهەند رووبەڕوویە. لە رووی ململانێ و باڵباڵێنێی ناو دەسەڵات و پێکهاتەی سیایسی ئەم وڵاتەوە بگرە تا دەگاتە قەیرانی دارایی و گەندەڵی ئیداری. بە گوتەی چاودێرێکی سیاسیی، بوومەلەرزەکەی کرماشان و بێ توانایی دامودەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ فریاکەوتن و گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ لێقەوماوانی ئەم کارەساتە، پەردەی لە سەر گەندەڵی ئیداری و دارایی و بەرێوەبەری لەم ڵاتە هەڵدایەوەو دواجاری ئەم بوومەلەرزە سروشتییە، بوومەلەرزیەکی سیاسیی بە ناونیشانی خۆپیشنادانەکان بەدوادا هات، کە لووتکە و تەواوەتی دەسەڵاتی ئێرانی کردە ئامانج.(١٣)
ئەوەی جێی سەرنج بوو، داواکاری بەرپرسانی ئێرانی بوو لەم دیدارانە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سنورەکان. ئەوان جەختیان لەوەکردەوە کە نابێ لە خاکی هەرێمی کوردستانەوە پەلاماری ئێران بدرێت. لێرەدا جێی خۆیەتی ئاماژە بە راسانی رۆژهەڵات بکرێت، وەک پرۆژەیەکی نوێ و قۆناغێکی نوێ لە خەباتی کوردی رۆژهەڵات لە دژی کۆماری ئیسلامی.
دوای ئەوەی کە حدکا ،نەورۆزی ساڵی رابردوو راسانی راگەیاند،بەرەبەرە هێزەکانی پێشمەرگەی حدکا رەوانەی رۆژهەڵاتی کوردستان کران.لە ئەنجامی ئامادەبوونی ئەم هێزانە لە قوڵایی خاکی رۆژهەڵاتی کوردستان کە بە قووڵایی خاکی ئێرانیش هەژمار دەکرێ،شەر وپێکدادانی قورس لە سێ پارێزگای رۆژهەڵات روویدا. دواتر بەرپرسانی ئەمنی و سەربازی ئێران و فەرماندەی سوپای پاسداران، هەولێریان وەک بەردەنگ هەڵبژارد و تۆمەتباریان کرد بەوەی، کە پیلانی هێرشەکان بۆ سەر خاکی ئێران لە هەولێر و بە بەشداری سعودیە وئەمریکا دارێژرا، تۆمەتێک کە دواتریش لە پەیوەندی لە گەڵ خۆپێشاندانەکان دووبارە کرایەوە(١٤) .
بارزانی لە وەڵامدا، لێدوانی و تۆمەت وەپاڵدانی ئێرانییەکانی بە “پێکەنیناوی” وەسف کرد.(١٥)،(١٦).دواتر وەزیری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لێدوانی موحسین رەزایی، لە بارەی رۆڵی هەولێری لە خۆپیساندانەکانی ئێران رەتکردەوە و دەنگی خۆی خستە پاڵ دەنگی نێچیرڤان بارزانی.(١٧)
لەسەر ئاستی ناوچەیی،ئێران لە ململانێیەکی توندایە لە گەڵ رکابەرەکانی،بە تایبەت سعودیە. سیاسەتی ناوچەیی ئێران، ئەوەی پێی دەگوترێ” سیاسەتی پێکهێنانی هیلالی شیعە”ئێستا لە رۆژەفی میدیایی ودیپلۆماسی وڵاتانی ناوچە و رۆژئاوادایە. بە دەر لە شەڕی راستەخۆ و بەوەکالەتی ئێران لە وڵاتان (یەمەن،سوریا،عێراق،لوبنان)،ئێران لە عێراق لە گەڵ شەڕێکی نەرم بە ناوی هەڵبژاردنەکان رووبەروویە. لێرەدا دەنگی نەرم ونیان وژێربە ژێری لایەنەکانی عێراق،بە هەرێمی کوردستانیشەوە بۆ ئێران حەیاتی و یەکلاکەرەوەیە.
لە ئاستی نێودەوڵەتی ،هەر وەک پێشتر ئاماژەی پێدرا، گەورەترین دەستکەوتی حەسەن روحانی، کەهەمان رێککەوتنی ئەتۆمی بێت،لە مەترسی هەڵوەشانەوەدایە.
ئەم بابەتانە لە سەر یەک فاکتەری هەڕەشەن بۆ سەر ئێران، ئاساییە کە روانگەی ئەمنی بە سەر دیدارەکانی نێوان بارزانی و گەورە بەرپرسانی ئێران باڵادەست بێت. لێرەدا وەڵام،لە خودی ئەم پرسیارە جێی خۆی کردۆەوە، ئێران بۆ تێپەڕکردنی ئەم قۆناغە، چ لە پەیوەندی لە گەڵ هەرێمی کوردستان(ئاسایشی سنورەکان و مەسەلەی وەبەرهێنان )، چ لە پەیوەندی لە گەڵ داهاتووی عێراق و ململانێکانی(هەڵبژاردن وەک نموونە) تا چ رادەیەک پێویستی بە هەرێمی کوردستانە؟
فاکتەری ئابوری
کام وڵات لە گەمارۆکانی سەر هەرێمی کوردستان، زۆرترین زیانی کرد؟
پلانەکانی سوپای پاسداران بۆ گوشار خستنە سەر هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی لە دوای بەڕێوەچوونی گشتپرسی بۆ پرسی سەربەخۆیی، زیانێکی بەرچاوی بە ئابوری ئێران گەیاندووە.
بازرگانانی ئێرانی دەڵێن، لە ماوەی ساڵانی رابردوودام هەوڵیان دا لە هەرێمی کوردستان مارکەی دڵخوازی خۆیان پێشان بدەن و رەزامەندی کڕیار بە دەست بهێنن، بەڵام لە ماوەی چەند مانگدا هەموو هەوڵەکانیان بوو بە بڵقی سەر ئاو.
تورکیا وئێران، وێڕای دەوڵەتی مەرکەزی عێراق، ژێربەژێر بۆ گەمارۆدانی هەرێمی کوردستان رێککەوتن، بەڵام تورکیا پابەندی رێککەوتنەکە نەبوو ولە نەبوونی ئێران و عێراق، قازانجێکی زۆری کرد.
دوابەدوای بەڕێوەچوونی ریفراندۆم بۆ پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، نە تەنها دەوڵەتی مەرکەزی بەغدا، بەڵکو کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیا، لە سەر پاکێجی هاوبەش بۆ سزادانی هەرێمی کوردستان رێککەوتن. ئەم پاکێجە هاوبەشەش لایەنی سەربازی و دارایی هەبوو کە سزای هەرێمەکەیان دا.
داخرانی هەردوو فڕۆکەخانەی سلێمانی و هەولێر، گەمارۆی ئابوری لە لایەن ئێران و تورکیا، داخستنی دەروازە سنوریەکان، تۆپبارانی ناوچە سنوریەکان، هێنانی حەشدی شەعبی بۆ سەر هەرێم، رێگرتن لە هەناردە کردنی نەوتی هەرێم، بەشێک لەم سزا سەربازی و داراییانە بوون. ئێرانیەکان پلاندارێژی سەرەکی پاکێجەکە بوون، بەڵام ئەوەی کە زۆرترین زیانی لەم گەمارۆیانە بەرکەوتبێ، خودی ئێرانیەکان بوو.
رۆژنامەی ئابوری “تجارت”کە لە تاران چاپ و بڵاو دەبێتەوە، لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، داخستنی سنورەکان و پچڕانی پەیوەندی بازرگانی لە گەڵ هەرێمی کوردستان، بە کردەوە دابەزینی هەناردەی ئێرانی بەدواوە بووە و وەک رۆژنامەکە ئاماژەی پێکردووە، کاریگەری نەرێنی بەرچاوی لە سەر هەناردەکردنی ئێران داناوە.(١٨)
عەلی دیلمەقانیان، جێگری ژووری بازرگانی ورمێ دەڵێت، لەو ماوەیەدا کە سنوورەکانی ئێران لە گەڵ هەرێمی کوردستان بە هۆکاری سیاسی داخران، ئێران نزیکەی ٢ ملیار دۆلار لە بازاڕی هەناردە زیانی بەرکەوتوو، لە کاتێکدا هەر لەو ماوە زەمەنیە، هەناردەی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان، بە رێژەی ١٢٠% بەرز بۆتەوە.
ئەندامی لیژنەی نوێنەرانی ژووری بازرگانی ئێران، بە ئاژانسی هەواڵدەریی ئیرنای گوتووە، چەند مانگ بەر لە ئێستا، بە هۆکاری سیاسی سێ وڵاتی ئێران، عێراق وتورکیا بڕیاری داخستنی سنورەکانیان بە رووی هەرێمی کوردستان دا، رێککەوتن ئابڵۆقەی ئابوری هەرێمی کوردستان بدەن، بەڵام ئەوەی پابەندی رێککەوتنەکە بوو تەنها ئێران و عێراق بوون. تورکیا ئامادە نەبوو، تەنانەت بۆ یەک کاتژمێر، سنورە فەرمییەکانی دابخات.
لە راستیدا تورکیا کڵاوی لە سەر ئێران نا، چونکە بە گوتەی بەرپرسی ژووری بازرگانی ورمێ، هەموو کوردەکان پێیان وایە، کە قەرزداری تورکیان، چونکە ئەوانیان لە قەیرانی مەوادی خۆراکی و شتومەک رزگار کرد. ئەوان بۆ فرۆشتنی بەرهەم و کاڵاکانیان چ فرت و فێڵێکیان بەکارهێناوە، بە لایانەوە زۆرگرنگ نییە، ئەوەی گرنگە تورکەکان لەو دۆخە قەیراناوییە، یارمەتییان دان.
مەسعود دانشـمەند، ئەندامی لیژنەی نوێنەرانی ژووری بازرگانی، بە رۆژنامەی تجارەتی گوتووە، داخرانی سنورەکانی ئێران بە رووی هەرێمی کوردستان، بەدەر لە دەسەڵاتی چالاکانی کەرتی تایبەت بووە و ژمارەیەک لە بازرگانان و چالاکانی کەرتی تایبەت داوای قەرەبوو دەکەن.
بە گوتەی دانشمەند، لە ئێستادا بەشی هەرە زۆری بازاڕی عێراق بە دەست تورکەکانە. بڕیاری کۆماری ئیسلامی بۆ ئابڵوقەدانی هەرێمی کوردستان، دەرفەتەکانی بازاڕی عێراقی بۆ بازرگانانی ئێرانی خستە مەترسییەوە.(١٩)
تا ئێرە ئامانج لە پێشنیازی ئێران بە بارزانی، بۆ وەبەرهێنان و بەشداری سەرمایەداران و کۆمپانیاکانی ئێران لە پرۆژەکانی هەرێمی کوردستان روونە.
رۆژنامەی فاینەنشاڵ تریبون،لە راپۆرتێکدا باسی لە جوڵەی کۆمپانیا گەورەکانی ئەمریکا وئەوروپا بۆ وەبەرهێنان لە عێراق ورەوانەکردنی سەرمایە بۆ ئەم وڵاتە کردووە.فاینەنشاڵ تریبون،لە سەر زاری فلاح اللامی،راوێژکاری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئابوری عێراق، نوسیویەتی: هاوکات لە گەڵ باشتربوونی باری دارایی عێراق و راگەیاندنی یەکجاری شکستی سەربازی داعش، لەم وڵاتەسەرمایەدارانی بیانی چالاکییەکانی خۆیان لە عێراق دەستپێکردووە.
لە راپۆرتەکەدا جەخت لەوە کراوەتە، کە ویستی وڵاتانی گەورەی جیهان بۆ وبەرهێنان نیشان دەدات، ئەم وڵاتە لە دوای تێکشكانی داعش و سەرکەوتنی بە سەر تیرۆریزم،گیانێکی تازەی وەبەرهاتووە.
راپۆرتەکە ئاماژەش دەکات، کە سەردانی ئەم دواییانەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا وژمارەیەک لە کۆمپانیاکانی ئەمریکا، بە ئاراستەی بەهێزبوونی هاوکاری و پەیوەندییە ئابوری وبازرگانیەکانیانە لە گەڵ عێراق .
بە گوتەی اللامی، دوای دابەزینی نرخی نەوت لەم ساڵانەی دوایی، بەغدا پێویستییەکی لە رادەبەدەری بە وەبەرهێنانی دەرەکی هەیە و کۆمپانیاکانی چین، ئێستا زیاتر لە هەموو رکابەرەکانی دیکە، پرۆژەکانی وەبەرهێنانی خۆیان لە عێراق دەستپێکردووە.(٢٠)
سەباح زەنگەنە، باڵیۆزی پێشووی ئێران لە رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی جەخت لەوەدەکاتەوە، کە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران، گەلێک مانادار و هەڵسەنگێندراوە. ئەم بۆچوونە لە پێداگری بەردەوامی ئێرانییەکان لە دیدار لەگەڵ بارزانی، بە تایبەت لە پەیوەندی لەگەڵ وەبەرهێنان لە کوردستان، بە جوانی رەنگی داوەتەوە.(٢١)
ڕۆژی رابردووش،٢٢ی جانیوەری، رۆژنامەی”الاخبار”لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بە سەردانەکەی رۆژی پێشتری مەولود چاوش ئۆغڵۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیای بۆ بەغدا کرد. بەپێی رۆژنامەکە،چاوش ئٶغڵۆ پێشنیاری وەبەرهێنانی کۆمپانیاکانی تورکیای بە عەبادی کردووە. ئەم راپۆرتەش لەو رووەوە جێی سەرنجە کە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە عێراق، زۆرتر بازرگانی تەوەرە.(٢٢)
میدیاکانی ئێران چۆن باسی سەردانەکەی بارزانییان کرد؟
ئاژانسی میهر، نزیک لە نەریتخوازان نوسیویەتی، نێچیرڤان بارزانی رێگە نادات هیچ جۆرە هەڕەشەیەک لە خاکی کوردستانەوە لە ئێران، بکرێت.
تەسنیم، ماڵپەڕی نزیک لە سوپای پاسداران، تیشکی خستووەتە سەر دیداری عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێـمی کوردستان و گوتەیەکی شەمخانییان بڵاوکردووەتەوە، کە تێیدا دەڵێت، کەڵکوەرگرتنی دژەشۆڕشەکان لە ناوچە کوردییەکان، بەرگەی ناگیرێت.
ئیرنا، ئاژانسی نزیک لە حکوومەت، لەسەر زاری رووحانی بڵاویکردووەتەوە: هێزەکانی دەرەوەی ناوچەکە دڵسۆزی خەڵکی ناوچەکە نابن.
هەروەها ئیسنا، میدیای نزیک لە حکومەت گوتەیەکی رووحانی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا باسی پشتگیریکردنی یەکپارچەیی خاکی عێراق و پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان دەکات. هاوکات تیشکیشی خستووەتە سەر گوتەیەکی شەمخانی، کە دەڵێت ئاسایش هێڵی سوری کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.(٢٣)
سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ تاران، پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و هەرێمی کوردستانی بردە قۆناغێکی تازەوە.
دوابەدوای بەڕێووەچوونی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان، بۆ پرسی سەربەخۆیی و سەرهەڵدانی گرژی و ئاڵۆزی نێوانیان، بنبەستی سیاسی لە پەیوەندییەکانی هەرێم لە گەڵ دەوڵەتی ناوەندی عێراق و ئێران بە دواوە بوو. ئەم بارگرژیە، سێبەری خستە سەر پرسە گرنگەکانی پەیوەندیدار بەم لایەنانە.
ئەم بنبەستە لە پەیوەندیەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق و ئێران، بە پێچەوانەی زهنیەت و رەوتی مێژوویی پەیوەندییەکانی کورد و ئێران بوو. بەدەر لە پەیوەندی کوردەکانی عێراق لەگەڵ ئێران، لە سەردەمی پەهلەوی، لە دواڕۆژی شٶڕشی ١٩٧٩ی ئەم وڵاتە، ئەم پەیوەندییانە رەوتێکی خێرا و بەربڵاوی بەخۆوە گرت و نموونەیەکی بەهێز و پتەوی لە پەیوەندییەکانی هەردوو لایەن لێکەوتەوە.
بەڵام دوابەدوای رووداوەکانی ئەم دواییانە، ئەم پەیوەندیانە بە خێرایی رووی لە لاوازی و کزی کرد و حاڵەتێک لە گومان و بێ متمانەیی باڵی بە سەر پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران کێشا، بەڵام دواتر لە ئەنجامی هەوڵە چروپڕەکانی نێچیرڤان بارزانی و سەردانی بۆ تاران، لە رۆژانی رابردوو، بەستەڵەکی ئەم پەیوەندیانەی تواندەوە.
واقعی مەسەلەکە روونە. بە سەرنجدان بە پەیوەندی قوڵ و مێژوویی و بوونی خاڵی هاوبەشی کولتووری و شارستانی لە نێوان کورد و ئێران، کە لەخۆیدا بەسە بۆ بەهێز بوونی ئەم پەیوەندیانە، لە ئێستادا کێشەیەک بە ناوی ئابووری لە هەر دوو دیوی سنورەکان، بۆتە فاکتەرێک بۆ لێکنزیکبوونەوە. لەم رووەوە دەبێ بە تێڕامانەوە، سەرنجی ورد بخرێتە سەر ئەم فاکتەرە.
ئەوەی کە ئێستا ئێران، لە ژێر کاریگەری ئابووری بەرەنگارانە رووبەڕوویە باری دارایی لاوازی هەیە، دەکرێ لە بازاڕی بەربڵاو و روو لە گەشەی هەرێمی کوردستان، زەمینەی چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە – وەک فاکتەرێکی بەهێز بۆ ئابووری ئێران لێی بڕوانین. لە بەرامبەردا زۆرێک لە پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان و ژێرخانی ئەم هەرێمە لەوانە پیشەسازی کارەبا، تەندروستی، دەرمان، رێگاوبان و لە هەمووی گرنگتر پێویستی هەرێم، بە هێزی شارەزا و پسپۆڕ و خزمەتگوزاری ئەندازیاری لە لایەن ئێرانی دابین و وەبەرهێنان بکرێت.
هەل ومەرجەکە دەخوازێ، تاران و هەولێر بەرەو پەیوەندی بەردەوام و ستراتیژی هەنگاو بنێن.ئەوەشمان لە بەرچاو بێت کە پەیوەندی لەم چەشنە لە گەڵ هەرێمی کوردستان، تەنها چارەسەی و یەکلاکردنەوەی کێشەکانی نێوان هەرێم وتارانی لێ ناکەوێتەوە، بەڵکو بە سەرنجدان بە پەیوەندی ستراتیژی نێوان تاران و بەغدا، بە دڵنیاییەوە دەکرێ بە رێگەی نێوەندگیر، کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بگاتە کەمترین ئاستی خۆی.(٢٤)
ئەنجام
بە پێی تیۆری هاوسەنگیی گشتگیر، دەوڵەتانی لایەن لە پرسی کورد،هەوڵ دەدەن بە رەفتار و کرداری دەستپێشخەرانە و دوو فاقى، هەم هەڕەشە و مەترسیەکانی بوونی کەمینەی کورد، لە ولاتەکەیان بڕەوێننەوە، هەمیش کەمینەی کورد لە ولاتانی دیکە بکەن بە دەرفەت لە ململانێکانیاندا. ئەمە گوتەی دکتۆر جەعفەر حەق پەنا، شرۆڤەکاری ناسراوی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بە پێی تیۆری هاوسەنگیی گشتگیر، بۆ نموونە، تورکیا هەوڵ دەدات لە ناوخۆدا، کوردەکان بە جۆرێک سەرکوت بکات و لە هەمان کاتدا، دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی کوردستانی عێراق وسوریادا بکات.
بەم رێگەوە دەرفەت بۆ خۆی دروست دەکات و رکابەرەکانی تەنگەتاو دەکات. ئەگەر ئەم تیۆریە بە بنەما وەربگرین، بەو مانایە دێ کە نەخشە رێگای پراکتیکی سیاسیی ئەو وڵاتانەی کوردیان بە سەردا دابەش کراوە، بەم رێڕەوەدا تێپەڕ دەبێت.
مانەیەکی دیکەی ئەوەیە کە سیاسەتی پارتە کوردییەکان، کاریگەری راستەوخۆی بە سەر رەوتی رووداوەکانەوە نییە. بڕیارەکان نەک لای پارتەکانە،بەڵکو لە جێگای دیکە دەدرێت. دوای ئەو گۆڕانکارییانە کە ئاماژەکانی بەرە بەرە دیار دەکەون، دەکرێ بگوترێ دەزگای دیبلۆماسی بارزانی، لە شکاندنی بنبەستی سیاسیی ئێستای نێوان هەولێر و بەغدا و هەولێر و تاران، رێڕەوی خۆی دۆزیوەتەوە. خوێندنەوەی واقعی هاوکێشەکان و خوێندنەوەی ئەو دیوی سیاسەتی هاوسەنگ کردن بە روونی لە پاکێجی دیبلۆماسی حکومەتی هەرێم، دەخوێندرێتەوە
لە دۆخی ئێستادا کە بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵ ویەکگرتووی ئیسلامی، وەزیرەکانی خۆیان لە کابینەی حکومەتی هەرێمی کشاندۆتەوە، نێچیرڤان بارزانی، لەگەڵ کۆمەڵێک ئاستەنگ و گرفت رووبەڕوویە، بە تایبەتی کە لێرەدا مەبەست باری دارایی هەرێم و گوزەرانی خەڵکەکەیەتی.
هاوسەنگکردنی سیاسەتی کورد، سەبارەت بەغداو تەنانەت وڵاتانی دراوسێ و خاوەن هەژموون لە عێراق، دەتوانێ دەستپێکی وەزرێکی نوێ بێت لە چۆنیەتی مامەڵەکردنی دەزگای دیبلۆماسی بازرانی لەگەڵ دەورووبەر، کە چاوەرێ دەکرێى قۆناغ بە قۆناغ بچێتە پێش.(٢٥)
ئەم دیدە نوێیەی بارزانی وئەنجامەکانی کە ئێستا دەیبینین، چاوەرێ دەکرێ لە میانەی بەشداریکردنی لە کۆنفڕانسی داڤۆس و دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرانی جیهان، پاکێجێکی دیپلۆماسی سەرکەوتووانەتر و پڕ دەستکەوتتر بدات بە دەستەوە.
سەرچاوە:
١-http://www.pishkhaan.net/news/59879/
٢-
http://www.yjc.ir/fa/news/6255402/
٣-
٤-
https://www.manoto.news/news/5rxulp/news30565
٥-https://www.fardanews.com/fa/news/774922/
٦-
https://aawsat.com/home/article/1136471/
٧-
٨-
http://fa.euronews.com/2017/12/29/international-media-published-about-iran
٩-
https://www.radiofarda.com/a/iran-protests/28948131.html
١٠-
http://www.bbc.com/persian/world/2014/08/140815_l24_new_iraqi_pm_ebadi
١١-
https://www.manoto.news/news/newsvideos/a7nwal/news30524
١٢-
١٣-
https://www.google.com/search?q
https://www.google.com/search?q=
١٤-
١٦-
https://www.tasnimnews.com/fa/news/1396/10/16/1620690/
١٧-
١٨-
https://www.mehrnews.com/news/4206416/
١٩-
http://www.pishkhaan.net/news/66788/
٢٠-
http://www.eghtesadban.com/events/2929991
٢١-
http://www.bartarinha.ir/fa/news/665382/
http://www.irna.ir/fa/News/82793531
٢٢-
https://kayhan.london/fa/1396/07/05/
٢٣-
http://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/2101201810
٢٤-
http://www.nuche.net/?p=113750
٢٥-